جۆرج ئۆروێڵ: بۆچی دەنووسم؟
لە عەرەبییەوە: #نەرمین عوسمان محەمەد#
ساڵانێکی زۆری سەرەتای تەمەنم لەوانەیە لەپێنج ساڵیدا یا لە شەش ساڵیدا بووبێت ئەوەم زانی کە گەورەبووم دەبم بە نووسەر. لە تەمەنی نێوان حەڤدە ساڵی تا بیست و چوار ساڵیمدا هەوڵمدا واز لە بیرۆکەی نووسین بهێنم. بەڵام زۆر بە هۆشیارییەوە ئەو هەوڵەم دا، چونکە دەمزانی ئەم هەوڵەم دژایەتیکردنی سرووشتی ڕاستەقینەی خۆمە و پێویستە لەسەرم زوو بێت یاخود درەنگ دانیشم و پەڕتووک بنووسم. من منداڵی ناوەندی بووم لەنێوان سێ منداڵی خێزانەکەمدا، بەڵام بۆشاییەکی گەورەم هەبوو لە هەموو لایەنێکی ژیانمدا ماوەی پێنج ساڵ، زۆر بەئەستەم باوکم بینی پێش ئەوەی تەمەنم بگاتە هەشت ساڵ لەبەر ئەم هۆکارە و چەند هۆکارێکی دیکە تا ڕادەیەک منداڵێکی تەنیا بووم و زۆر بەخێرایی گەشەم بەچەند ڕەفتارێکی نەخوازراو دا لەخۆم دا کە وایانلێکردم کەسێکی خۆشەویست نەبم بەدرێژایی ماوەی ڕۆژانی خوێندنم لە خوێندنگادا، بەڵێ من خاوەنی خووی منداڵێکی تەنیا و دوورەپەرێزم هەبوو کە هەمیشە چیرۆکی دادەهێنا و دیالۆگی لەگەڵ کەسانی خەیاڵیدا دەکرد.
پێم وایە هەر لەسەرەتاوە خەونە ئەدەبییەکانم تێکەڵاوی هەستی گۆشەگیرییەکەم و بێبایەخیی بوونم ببوون. هەر زوو زانیم لێهاتووییەکم تێدایە لە بەکارهێنانی وشەکاندا و خاوەن هێزێکی زۆرم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستییە بێزارکەرەکان. هەستمکرد ئەم تایبەتمەندیانە جۆرێک لە جیهانی تایبەت بەخۆمی بۆ درووستکردم کە تێیدا دەمتوانی تۆڵە لەشکستهێنانی ژیانی ڕۆژانەم بسێنمەوە، بەڵام قەبارەی نووسینەجدییەکانم لەسەردەمی منداڵی و لاوێتیمدا لە نیو دەرزەن لاپەڕە تێنەدەپەڕین.
$سەبارەت بە پڵنگ$
یەکەم شیعری درێژم لەتەمەنی چوار یان پێنج ساڵیدا نووسی و دایکم لێیوەرگرتم تاوەکو هەڵەکانی ڕێنووسەکەیم بۆ چاک بکاتەوە کە هیچ شتێکم سەبارەت بە و شیعرە لەیاد نەماوە بێجگە لەوەی سەبارەت بە پڵنگ بوو، ئەم شیعرەم لاساییکردنەوەی شیعرەکەی شاعیری بەریتانی ولیەم بلەیک بوو.
لەتەمەنی یانزە ساڵیدا کاتێک جەنگ کۆتاییهات لەساڵانی (1914-1918) دا شیعرێکی نیشتمانیم نووسی لە یەکێک لە ڕۆژنامە لۆکاڵییەکاندا بڵاوبووەوە، هەروەها دوو ساڵ دوای ئەوە شیعرێکی دیکەم نووسی.
دووجار هەوڵی نووسینی کورتەچیرۆکم دا بەشێوەیەکی تۆقێنەر شکستم تێیدا هێنا. دواجار ئەمانە کۆی ئەو کارانەبوو کە بەکاری جیدی ناوزەندیان دەکەم و لە و ساڵانەی تەمەنمدا خستمنە سەر لاپەڕەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و هەر لە و کاتەدا بەشداری چەند چالاکییەکی ئەدەبییم کرد، لەسەرەتادا چەند بابەتێک هەبوو بەپێی داخوازی و زۆر بەخێرایی و بەئاسانی بەرهەمم هێنان و بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە چێژێکی بۆ خۆم تێدابێت.
$لاسایی ئەریستۆفانیسم کردبووەوه$
لە تەمەنی چواردە ساڵیمدا تەنیا یەک هەفتە شانۆگەرییەکی شیعری تەواوم نووسی تێیدا لاسایی ئەریستۆفانیسم کردبووەوە، لەپاڵ هەموو ئەمانەدا و شان بەشانی هەموو ئەم کارانە ماوەی پانزە ساڵ زیاتر چەند مەشقێکی ئەدەبیم کرد کە لە جۆرێکی جیاوازبوون، ئەویش بریتی بوو لەداهێنانی چیرۆکێکی بەردەوام سەبارەت بەخۆم، جۆرێک لەپادداشت تەنیا لە مێشکی خۆمدا هەبوو، پێم وایە ئەم خووەش لەنێو منداڵان و هەرزەکاراندا بەربڵاوبوو، وەکوو منداڵێکی زۆر بچووک خەیاڵی ئەوەم دەکرد من (رۆبن هود) بم و خۆم بەپاڵەوانی چەندین سەرکێشی سەرنجڕاکێش دەهاتە بەرچاو، بەڵام هەر زۆر بەخێرایی چیرۆکەکەم گۆڕا لەچیرۆکێکی نارسیزمی قووڵەوە و بووە چیرۆکێکی وەسفکاری زیاتر و زیاتر بۆ ئەو بابەتانەی دەمنووسین و ئەو شتانەی بەچاوی خۆم دەمبینین، هەروەها ناوبەناو بۆ چەند خولەکێک بابەتێکی لەم جۆرە بەمێشکمدا دەهات پاڵێکی بەدەرگاکەوە نا و کردیەوە و چووە ژوورێ، تیشکێکی زەرد لە ڕووناکی خۆرەکە پەردە مۆزلینەکانی دەبڕی و لەسەر مێزەکە تێکدەشکا، ئەو مێزەی کە پاکەتێک شقارتەی لەسەربوو لەپاڵ شووشەیەک مەرەکەب لەلای دەستی ڕاستی لەگیرفانیدا بوو، ژوورەکەی بەپێ بڕی بەرەو لای پەنجەرەکە، بینی لە خوارەوە، لەسەر جادەکە پشیلەیەکی لێ بوو بەدوای گەڵایەکی درەختی مردوودا ڕایدەکرد... هتد و هتد. ئەم خووەم تاوەکو تەمەنی بیست و پێنج ساڵی بەردەوام بوو لەمیانەی ساڵە نائەدەبییەکانمدا لەگەڵ ئەوەی دووچاری گەڕان بووم، گەڕام بەدوای وشە ڕاستەکاندا، بەڵام وادەردەکەوت من ئەم ئەرکە وەسفییە دژ بە ئارەزووی خۆم و بەقایلبوون بە جۆرێک لەچەوسانەوە دەکەم، پێویست بوو چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەی جۆری ئەو نووسەرە جیاوازانە بوایە کە پێیان سەرسام بووم لە تەمەنێکی جیاوازدا، بەڵام لەیادمە کە ئەو چیرۆکانە هەمیشە وەسفی زۆرتوند بوون، کاتێک لەتەمەنی شانزە ساڵیدا بووم کتوپڕ چێژی وشە ڕووتەکانم دۆزییەوە.
سەبارەت بەپێویستی وەسفی شتەکان تەنانەت ئەوەبوو هەموو شتێکم دەزانی سەبارەت بەوشتانە، کەواتە زۆر ڕوونبوو بەڵامەوە چ جۆرە پەڕتووکێک بنووسم و دەتوانم بڵێم تا ئەو کاتەش دەمویست پەڕتووک بنووسم، دەمویست چەندین ڕۆمانی واقیعی کە کۆتاییەکەیان خەمبار بێت بنووسم. هەروەها پڕیان بکەم لە وەسفی دوورودرێژ و لێکچواندنە سەرسامکەرەکان و هەروەها بیانئاخنم بە بەشە نەخشێنراوەکان، تێیدا وشەکان بەشێوەیەکی بەش بەش لەبەر دەنگەکانیان بەکاردەهێنرێت، لە ڕاستیدا ڕۆمانی یەکەمی تەواوکراوم ڕۆژانی بورمێ لەتەمەنی سی ساڵیدا نووسیم زۆر پێش ئەو تەمەنەم پێشبینیم کردبوو لە و جۆرە پەڕتووکەیە پێشتر ئاماژەم پێدا.
بۆیە ئەم هەموو زانیاریانە لەسەر باکگراوندی خۆم پێشکەش دەکەم، چونکە پێم وایە مرۆڤ ناتوانێت هاندەرەکانی بۆ نووسین تاقی بکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک سەبارەت بەمنداڵی خۆی بزانێت، چونکە ناونیشانەکەی یان بابەتەکەی بەپێی ئەو سەردەمە دیاریدەکرێت تێیدا دەژی (لانی کەم ئەم مەرجە بۆ سەردەمێکی شۆڕشگێڕانە و جەنجاڵی وەکوو سەردەمی ئێمە ڕاستە) بەڵام پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکات بۆتە خاوەنی هەڵوێستێکی سۆزداری کە ناتوانێت هەرگیز لێی هەڵبێت. بێگومان ئەوە ئەرکی ئەوە دانبەخۆیدا بگرێت و دووربکەوێتەوە لەوەی هۆگری قۆناغێکی ناکامڵ بێت یا پابەندی میزاجێکی لاسارانە بێت، بەڵام ئەگەر هاتوو دەربازبوو لەگشت کاریگەرییە کۆنەکانی منداڵی ئەوا پاڵنەری نووسینەکەی لەناوبردووە و سەرکوتی کردووە.
ئەگەر پێداویستی نان پەیداکردن وەلانێین پێم وایە چوار هاندەری مەزن هەن بۆ نووسین، بەتایبەتی بۆ نووسینی پەخشان و ئەم هاندەرانەش بەچەند پلەیەکی جیاواز هەن، لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە ناوبەناو دەردەکەون، بەپێی ئەو بارودۆخانەی تیایدا دەژیین و هاندەرەکانیش ئەمانەن:
$1- خۆپەرستییەکی ڕەها:$
خواستی ئەوەی زیرەک دەرکەویت و باس بکرێیت و لەدوای کۆچی دواییشت باس بکرێیت یاخود تۆڵە لەوانە بکەیتەوە بەمنداڵی بێزاریان کردوویت...هتد، جۆرێک لە سیحربازییە ئەگەر وا خۆمان نیشان بدەین ئەمە هاندەرنییە و هاندەرێکی بەهێزیش نییە، نووسەران لەم تایبەتمەندییەدا هاوبەشن لەگەڵ زانایان و هونەرمەندان و سیاسەتمەداران و پاسەوانان و سەرمایەدارە سەرکەوتووەکان یاخود بەکورتی لەگەڵ توێژی سەرەوەی مرۆڤایەتیدا، زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکان زۆر خۆپەرست نین و لەدوای تەمەنی سی ساڵییەوە دەبینین خەونە تاکە کەسییەکانیان بەجێدەهێڵن و لە زۆر دۆخدا، بێگومان ئەو هەستی تاک بوونەیان بەرەهایی وازلێدەهێنن و بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەپێناوی کەسانی دیکەدا دەژیین یاخود نوقم دەبن لەنێو ڕەنجدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەمینەیەکی لاسار هەن سوورن لەسەر ئەوەی ژیانی خۆیان بژین تاوەکو کۆتایی نووسەرانیش سەر بەم چینەن.
پێویستە بڵێم نووسەرە جدییەکان بەگشتی لە خۆبایین و جەخت دەکەنەوە لە خۆیان و بە دەوروپشتی خۆیاندا دێن زۆر زیاتر لە ڕۆژنامەنووسان، ئەگەرچی کەمتر بایەخ و گرنگی بەپارە دەدەن.
$2- جۆش و خرۆشی ئێستاتیکی:$
هەستکردن بەجوانی لە جیهانی دەرەوە، یاخود لەلایەکی دیکەوە لەنێو وشەکاندا و ڕێکخستنیان بەشێوەیەکی درووست دەبێتە مایەی دڵخۆشی لە کاریگەریی دەنگێک لەسەر دەنگێکی دیکە و لە ڕێکوپێکی پەخشانی باش یاخود ڕیتمی چیرۆکێکی باشدا.
ئارەزووی بەشداریکردن لە ئەزموونێکی بەنرخدایە و نابێت لەدەست بدرێت. هاندەرە یاخود پاڵنەری ئێستاتیکی لاوازە لەلای زۆرێک لە نووسەران، بەڵام تەنانەت نووسەری ڕێبەرەکان و نووسەری پەڕتووکە ئاساییەکانیش چەند وشەیەکی دۆستانە و چەند ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشیان لادەست دەکەوێت، کە بەلای خۆیانەوە زۆر سەرنجڕاکێش لەبەر چەند هۆکارێک بێسوود یاخود خاوەنی هەستێکی بەهێزن سەبارەت بەشێوازی چاپکردن یان نمایشکردنی تێبینییەکان لەخوارەوەی لاپەڕەکاندا.
هیچ پەڕتووکێک نییە لەسەروو ئاستی ڕێبەری قیتارەکانیشەوە بێت، بەتاڵ بێت لە دەستەواژە ئێستاتیکییەکان.
$3- هاندەرێکی مێژوویی:$
ئارەزووی بینینی شتەکان وەکوو خۆیان بەدۆزینەوەی ڕووداوە ڕاستەقینەکان و پاراستنیان لەپێناوی نەوەکانی داهاتوودا.
$4- مەبەستێکی سیاسی:$
بەکارهێنانی وشەی سیاسی بەواتای فراوانەکەی تا ئەوپەڕی توانا، ئارەزووی پاڵپێوەنانی جیهان بەئاڕاستەیەکی دیاریکراودا لەپێناوی گۆڕینی بیروبۆچوونی ئەوانی دیکە سەبارەت بەسرووشتی ئەو کۆمەڵگایەی پێویستە لەسەریان لەپێناویدا هەوڵبدەن. جارێکی دیکە، هیچ پەڕتووکێک نییە خاڵی بێت لەلایەنگیری سیاسی بە جۆرێک وتەی هونەر نابێت سەبارەت بەسیاسەت بێت خۆی لەخۆیدا ڕەوشتێکی سیاسییە. مرۆڤ دەتوانێت ڕەچاوی ئەوە بکات چۆن ئەم هاندەرانە دەتوانن دژایەتی یەکتری بکەن و چۆن ڕێژەکەیان دەگۆڕدرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە.[1]
سەرچاوە: سایتی www.takween kw.com