بەکارهێنانی زۆری پلاستیک لە هەرێمی کوردستان مەترسییەکی جدییە لەسەر کەرتی ژینگە و پیسبوونی و مەترسییەکەی بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە ڕێکارێک بەکارهێنانی پلاستیکی لە دەستەکە و سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بەدەستەکەی قەدەغە کرد.
لە ژێر دروشمی لە خۆمانەوە دەستپێدەکەین، دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان بە کارهێنانی پلاستیک و هاوشێوەکانی بە بڕیارێک قەدەغە کرد بەو ئامانجەی ببێتە کلتورێک کە کەمترین پلاستیک بە کاربهێنرێت.
#عەبدولڕەحمان سدیق#، سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بەکارهێنانی پلاستیک زیانێکی گەورەی بە ژینگەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە لەوانەیە بۆ دەیان ساڵی دیکە شوێنەوارەکانی بمێنێتەو، لەهەنگاوێکی بچووکەوە دەستمان پێکردووە بەو ئامانجەی ئەم بڕیارە هەموو دامودەزگاکان بگرێتەوە.
هەروەها گوتی: ئامانجمانە ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لەناوچوون بپارێزین و هۆشیاری پاراستنی ژینگەش بگەیەنینە قۆناغێکی باشتر بۆ ئەمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن.
ئاسۆ شکاک، ژینگە پارێزە و ماوەی 15 ساڵە لە بواری پاراستن و هۆشیاری ژینگەییدا کاردەکات. ئاسۆ گوتی: دوو هۆکار هەن بۆ پیسکردنی ژینگە یەکەم: کەمی هۆشیاری و نەبوونی پەروەردە و تەندروستییەکی ژینگەیی. دووەم: لاوازی ئەو یاسایانەی کە بۆ پاراستنی ژینگە دەرکراون لەلایەن پەرلەمانەوە.
دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە بە بڕیارێک بەکارهێنانی پلاستیکی لە دەستەکە و سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بەو دەستەیەی قەدەغەکردووە لە بری ئەویش پەرداخی کارتۆن بەکار دەهێنن. هەروەها لە بری کەوچکی پلاستیکیش کەوچکی تەختە بەکاردەهێن.
بە پێی ئەو بەدواداچوونەی دەستەکە بۆ بەکارهێنانی پلاستیکی کردوويەتی له کۆی 500 کارمەند ئەگەر ڕۆژانە یەک کارمەند 3 بوتڵی پلاستیکی ئاو بەکاربهێنێت ئەوە ساڵانە دەکاتە نزیکەی نیو ملیۆن بوتڵ تەنها لە دەستەی ژینگەدا.
بۆیە پێیان وایە ئەگەر پێش لەم بابەتە نەگیرێت؛ لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستان ببێتە زبڵخانەیەکی پلاستیکی، کە مەترسی لەسەر ژیانی تاک بەتاکی کۆمەڵگا دەبێت.[1]