نووری عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا شێخانی
ناوی تەواوی (نووری عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا کاوێس مەلاک)ە نەوەی بایەزید بەگ شێخانییە، خانەوادەکەی یەکێکە لەو چوار خانەوادەی ئیلنجاغی گەورەی شێخانیان ئاوەدانکردووەتەوە، لە ساڵی (1950) لەو ئاواییە چاوی بەژیان هەڵێناوە، ساڵی (1956) لە قوتابخانەی ئیلنجاغی گەورەی سەرەتایی دەستی بەخوێندن کردووە و ساڵی (1962) قۆناغی سەرەتایی بڕیووە وساڵی (1968) دواناوەندی کۆیەی کوڕانی تەواوکردووە، ساڵی خوێندنی (1968-1969) لە زانکۆی بەغدا، کۆلیژی پەروەردە، بەشی مێژوو، وەرگیراوە، لە ساڵی خوێندنی (1971-1972) بەکالۆریۆسی لە هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی (1972)دا لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەبێتە سەرباز لە سەربازگەی (غەزلانی) لە شاری موسڵ و دواتر بۆ ماوەی (3)مانگ لە (مەڵبەندی ڕاهێنانی سەربازی #کەرکووک#) و (9)مانگیش لەحامیەی (#ڕواندز#) درێژەی بە سەربازی داوە وەک نووسەر و دوای نیوەڕۆیانیش کاری وانە وتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە فەوجەکەدا کردووە، تاوەکوو لە ساڵی خوێندنی (1973-1974) لە ڕێکەوتی (23-10-1973) وەک مامۆستا لە پارێزگای #دهۆک# لە دواناوەندی (مانگێش)ی تێکەڵاو دامەزراوە، لە هەمان ساڵی خوێندن گواستراوەتەوە (ناوەندی شەقڵاوەی کوڕان).
لە22-6-1975 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (نەجات محەمەد ئەمین کۆیی)پێکدەهێنێت، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1976وەک سەربازی یەدەگ ناوی سەربازی هاتۆتەوە و بۆماوەی (9)مانگ لەسوپای ئێراق سەربازی کردووە، لەو ماوەیەدا زۆرترین گواستنەوەیان پێکراوە بۆ سەربازگەکانی (دیوانییە، عەممارە، ڕوومادی، ڕوتبە، حەبانییە، بەغدا، کەرکووک) تاوەکوو 5-3-1977ز.
دوای تەواوکردنی سەربازی یەدەگ لە (ناوەندی شەقڵاوەی کوڕان) دەستی بەکارکردووەتەوە تاوەکوو (20-11-1977) لەگەڵ هاوسەرەکەی گواستراوەتەوە قوتابخانەی (ئیلنجاغی گەورەی تێکەڵاو) لە بواری پەروەردە و فێرکردن بایەخی بەگوندەکەی خۆیداوە و بۆ یەکەم کاری کە کردویەتی (ناوەندی تەواوکاری ئیلنجاغی گەورە)ی هەڵوەشاندۆتەوە و بووە بە یەکەم بەڕێوەبەری خوێندنگەی (ناوەندی ئیلنجاغی گەورەی تێکەڵاو)ی سەربەخۆ لە ساڵی خوێندنی (1977-1978)، تەنیا خۆی میلاک بووە و (3)مامۆستای وانەبێژی لەگەڵ بووە بەناوەکانی (عەزیز ئۆمەر وەسمان ئیلنجاغی و موحسین کەریم عەلی کۆیی و جهانگیر ساڵح کۆیی)، لە ساڵی یەکەمدا (27) خوێندکاری هەبووە.
لە ساڵی دووەمی خوێندنی ناوەندیەکەدا (1978-1979) چەند مامۆستایەکی وەک میلاک بۆ دامەزرا ئەوانیش:
جەمال حەمەعەلی کۆیی، پسپۆڕی (جوگرافیا) وئەحمەد ئیسماعیل کۆیی (کاراتی)، پسپۆڕی (کیمیا) وئیسماعیل عەلی ئەحمەد کۆیی، پسپۆڕی (زمانی کوردی)، ژمارەی خوێندکارانیشی (30) خوێندکاربووە.
لە ساڵی سێیەمی خوێندنی ناوەندییەکە (1979-1980) ژمارەی خوێندکارانی بووەبە (35)خوێندکار و دوو مامۆستایتری وەک میلاک بۆ دەچێت ئەوانیش (تەحسین پسپۆڕی ئینگلیزی و سامی پسپۆڕی بیرکاری)، بەڵام بە بیانووی بوونی نەوت لەگەڵ چەند گوندێکی دەوروبەری بڕیاری چۆلکردن و گواستنەوەی خەڵکەکەی ئیلنجاغی گەورە دەرکرا، بە ناچاری ساڵی (1980) دەگوازرێتەوە بۆ (دواناوەندی کۆیەی کچان) تەنیا یەک هەفتە لەوێ دەبێت و لەسەر داوای خۆی دەگوێزرێتەوە بۆ (دواناوەندی کۆیەی کوڕان) پاشماوەیەک دەبێتە (یاریدەدەر)ی مامۆستا (شەفیق تۆفیق تاهیر) بۆماوەی (5)ساڵان، لە ساڵانی (1981-1986)ز.
ساڵی (1983-1984) پرۆگرامی مێژووی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی و جوگرافیای پۆلی دووەمی ناوەندی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ساڵی (1986) دەبێتە بەڕێوەبەری (دواناوەندی کۆیەی کوڕان) ماوەی (10)ساڵان یەکبینە خزمەت بەشارەکەی حاجی دەکات تاوەکوو (31-12-1995) و چەندین نەوە لەسەر دەستی ئەو پێدەگەن و ئەو مامۆستایانەش لەو ماوەیەدا یاریدەدەری بوون: (جەمال فەتحوڵڵا تەییب (عەنتەر) وحاجی محێدین ئەسعەد و قوباد محەمەد عەلی و وریا ساڵح ڕەزا و نزار ڕەزاق قادر)چونکە دوو کار بووە لەسەر میلاکی بیناکە بەیانیان قۆناغی ناوەندی و ئێوران قۆناغی ئامادەیی بووە.
لە ساڵی خوێندنی (1996-1997) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی #هەولێر# دەبێتە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی کۆمەڵایەتی و سەرپەرشتیاری (33) قوتابخانەی لە ئەستۆ دەبێت بەئامادەیی کوردستانی کوڕان و پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانیشەوە.
لە دوای (31-8-1996) دەگەڕێتەوە کۆیە و لەگەڵ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەولێر لە کۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمی 1996 دەبێتە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی کارگێڕی.
ماوەی (17) ساڵ کاری سەرپەرشتیاری کارگێڕی دەکات و لە ساڵی (2013) خانەنشین دەبێت بە ناونیشانی (سەرۆکی سەرپەرشتیارانی پسپۆڕی کارگێڕی پێشکەوتوو).
لە ماوەی خزمەتی بواری پەروەردەییدا:
1-سی جار بەڕێوەبەری هۆڵی تاقیکردنەوە گشتییەکانی وزرای بووە بە هەردوو خولییەوە (25)جار لە سەنتەری شاری هەولێر و (5)جاریش لە کۆیە و #تەقتەق# و حەریر.
2-شازدەجار بەشداری پشکنینی تاقیکردنەوە گشتییەکانی وزرای کردووە 10جار لە کۆنترۆڵی ئامادەیی موسڵ کە لەو سەروبەندیدا موسڵ کۆنترۆڵی هەموو ناوچەی تۆتۆنۆمی کوردستان بوو، و 6جارلە کۆنترۆڵی هەولێر لە بابەتەکانی (مێژو و ئابووری و جوگرافیا)دا.
3-ساڵێک ئەندامی کۆنترۆڵی قۆناغی ئامادەیی بووە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.
4-دە ساڵان ئەندامی لێژنەی لقی ئەزموونەگشتییەکان بووە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە کۆیە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە.
5-نۆ ساڵان سەرۆکی لێژنەی (جەرد و شەتپ) بووە لە هەموو قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکانی سنووری پەروەردەی کۆیە.
6-لە ساڵی (2009-2013)ەوە دانراوە بە سەرۆکی لێژنەی (جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی خوێندن) لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە.
7-لە ساڵی (2009-2013) ئەندام بووە لە (بریتش کاونسل) بۆ پەرەپێدانی ئاستی قوتابخانە و خوێندنگەکان ژمارەیان (5) مامۆستایی کۆیی بوون و (9)مامۆستاش لە برا عەرەبەکانی ئێراق بەشداربوون، ئەندامەکان مامۆستا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەگشتییەکان بوون، بۆ ماوەی (5)ساڵان، لە گفتوگۆ و وتوێژەکان چ بە کوردی چ بە زمانی عەرەبی زۆر کارابووە، جارێکیان وەزیری پەروەردەی هەرێم و بەغدا ئامادەبوون، مستەر ئاندی کە سەرۆکی خولەکان بوو وەسفی مامۆستا نووری دەکات و دەڵێت: نووری پەروەردکارێکی ژمارە یەکە نەک لە کوردستان بەتەنیا بەڵکوو لە هەموو وڵاتی ئێراقدا.
8-تا بووە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پسپۆڕی هەرگیز یەک دەوامی نەکردووە بەردەوام دوو کار و سێ دەوامی کردووە.
9-سێ جار بەشداری کۆنگرەی پەروەردەیی وزاری کردووە دوو جار لە هەولێر و جارێک لە #سلێمانی#، لە کۆنگرەی سێیەم هەڵسان بەگۆڕینی سیستەمی خوێندن لە ساڵی 2007ز.
11-بەشداری چەندین خولی شیاندن و پێگەیاندن و ڕاهێنانی پەروەردەیی کردووە لە سەردەمی مامۆستایەتی و یاریدەدەری و بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکان لە خولەکانی (پەروەردەیی دەروونی و بابەتەکانی کارگێڕی و جوگرافیا و مێژو و ئابووری و تاد).
12-مامۆستای وانەبێژی خولەکانی شیاندن و پێگەیاندنی مامۆستایان بووە لەهەردوو قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە.
13-بەشداری خولی سەرپەرشتیارانی سەرکردەی کردووە لە شاری سلێمانی کە هەموو سەرپەرشتیارانی زۆنی سەوز تێیدا بەشداربوون و تێیدا بە پلەی نایاب لە خولەکە دەرچووە.
ماوەی (41)ساڵ (1973-2013) لە بواری پەروەردە و فێرکردن خزمەتی کردووە، (5)ساڵ مامۆستایەتی و (5)ساڵ یاریدەدەر و (13)ساڵ بەڕێوەبەر و (17)ساڵ سەرپەرشتیاری کردووە و یەک ساڵیش خزمەتی سەربازی پێش دامەزراندنی بۆ ئەژمارکراوە.
جگە لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە هەندێک بواریتردا کاریکردووە:
1-لە ساڵی (1987) لە زانکۆی سەڵاحەدین، بەشداری تاقیکردنەوەی توانستی مێژووی کردووە و دەرچووە.
1-لە ساڵی (1992) یانەی وەرزشی کۆیەی دامەزراندووە و سەرۆکی یانەکە بووە لە ساڵی (1992-1996).
2-لە ساڵی (1992) ئەندامی سکرتاریەتی (کۆمەڵەی مێژوناسانی کوردستان)بووە.
خاوەنی چوار منداڵە بەناوەکانی:
1-ڕۆژان نووری عەبدوڵڵا پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی زمانی کوردی فاکەڵتی پەروەردەی زانکۆی کۆیە.
2-کارزان نووری عەبدوڵڵا، پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی کۆیە.
3-هۆزان نووری عەبدوڵڵا، ماستەر لە وەرزش لە پەیمانگای وەرزشی کۆیە.
4-ڕەوسە نووری عەبدوڵڵا، پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی کۆیە.
1