گەشتەکەی کوردستانم زۆر بە ئاسوودەیی کۆتایی هات، بۆ من زۆر خۆش بوو کە دوای دابڕانێکی پێنج ساڵی، توانیم بە کەسوکارم شاد بمەوە، ئاخر بۆ ئێمەی مرۆگەلی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتیش کورد و بەتایبەتتریش منی کچە تاقانەی خێزانێک، دووریی چەندین ساڵ لە ماڵبات، زۆر سەختە و ڕەنگە تەنیا بە نووسین ئاسان بێت. ئەودەم داخی ئەوەم هەڵدەکێشا کە نەمتوانی پچم بۆ کەرکووک، لێ خزم و کەسوکارە کەرکووکییەکانم هاتن بۆ لام، ئەوان بۆن و بەرامەی کەرکووکییان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، بە بینینیان یادگارییەکانم زیندوو بوونەوە، هەواڵی شەقام و کۆڵان و بازاڕەکانی #کەرکووک# و تەنانەت جیرانەکانی ماڵی باپیریشم لێ دەپرسین، دەمپرسی ژیانتان لەبن دەستی ئەمنەکانی ڕژێم چۆنە؟ وەڵامەکان ڕەشبینییەکی تەواویان پێوە دیار بوو.
ئەوکات جموجوڵ و تەراتێن و هاتوچۆی گەرمی کەسایەتی و هێزگەلی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، لە ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی دراوسێشەوە بۆ کوردستانی باشوور، بووبووە مایەی سەرنجی میدیاکان و خەڵکی، ئۆپۆزیسیۆنی عێراقییش لە لای ڕوون و ئاشکرابوو که هەر گۆڕانکارییەک ڕوو بدات، کوردستان و ناوچه کوردنیشینەکان شێرەپشکیان بەردەکەوێت و بەبێ پاڵپشتیی ڕێبەرانی گەلی کورد بە تایبەتی سەرۆک بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال هەنگاوەکان بەره و پێش ناچێ، ئەمە جگە لەوەی کە هەرێمی کوردستان بە دەشت و چیا و خاک و ئاویەوە، وردتر بڵێم ماڵی کوردستانی ئێمە، هەمیشه پەناگە و حەشارگە و بارەگای ئەوان بووه، لەبیرمە لە چاوپێکەوتنێکیدا سیاسەتمەداری بە مەزهەب شیعەی عێراق خوالێخۆشبوو محەمەد باقر حەکیم گوتی: ”کوردستان هەمیشە لانکەی ئێمە بووە، ئامێزی بۆ کردووینەتەوە و وەفایەکی زۆرمان بۆی هەیه، لەکاتێکدا ئێمە بێ شوێن و بێ جێگە بووین، ئەوکات تەنیا کوردستان باوەشی بۆ ئێمه کردەوه“ .
وەک پێشتر باسم کرد، من هەر لە منداڵیمەوە لەنێو خێزان و ماڵی خۆماندا بە (کیژێکی زیتەڵە و بزێو) ناسرابووم، کە گەورەش بووم بزێوتر و زیندووتر و بەئاگاتر بووم، بەوردی و بەقووڵی و بەپێی لێکدانەوەی پێشهات و سەرهاتەکان، شیکاریم بۆ هەر ڕووداوێک دەکرد، نەخاسمە ئەو ڕووداوە سیاسییانەی بۆنی گۆڕانکاریی گەورە و داکشانی هەندێک و هەڵکشانی هەندێکی تریان لێوە دەهات. ئیدی ئەوەی من چاوەڕوانی بووم و لەو باوەڕەدا بووم بێتە دی، ئەوە بوو کە ڕۆژێک دادێت کەرکووک دێتەوە باوەشی کوردستان و تاهەتایە هەر لەژێر دەستی بەعسی داگیرکەردا نامێنێتەوە.
وردە وردە سیما و ڕووخساری گۆڕانکارییەکان دەرکەوتن، کار گەیشتە ئەوەی کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بە شێوەیەکی بەرفراوان و تۆکمە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوه بچێت و زۆر لە کەسایەتیی ئەوروپی و ئەمریکی و خاوەن پێگە و بڕیاری سیاسی، تێیدا ئاماده بوون، ئەوەی لە میدیاوە بینیمان ئەوە بوو کە هەموو لایەک کۆک بوون لەسەر ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر و گۆڕینی ڕژێمەکەی بە پشتگیریی ناوخۆیی و دەرەکی. لە لایەکی تریشەوە ڕژێمی ئەودەمی عێراق هەوڵی دەدا فشار و هێرشی ناوخۆی بۆ دروست نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەند هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوی هاویشت، چەند بەرپرسێکی باڵای خۆی ناردە لای سەرکردایەتیی هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی ئەوکات) کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی کوردستانیان دەکرد، ڕژێمی بەعس لەڕێی ئەو شاندانەوە داوای لێ کردن هێرشی نەکەنە سەر لە کاتێکدا کە دەوڵەتی عێراق سەرقاڵە بە بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەنیاز بوون بیکەنە سەر عێراق، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەعسییەکان بانگەوازی گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمانیان به گوێی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا دەدا، وەلێ دیار بوو بەعس بێ ئاگا بوو لە گەمەیەکی سیاسیی زۆر گەورە که تێیدا ئەوان دەگلان و کۆتایی پێ دەهات، دوای ئەوەی بێئومێد بوو لە هەوڵەکانی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی کوردستان، میدیاکانی بەعس دەستیان بە هەڕەشه و گوڕەشە کرد، گوایە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و دووبارە کورد ئاواره و ماڵوێران دەکەنەوە، بۆیە دڵەڕاوکێ لە لای هەندێک خەڵک لەمەڕ ئەم هەواڵانە هاتبووە گۆڕێ.
ڕۆژانە بەدیار هەواڵەکانەوە دادەنیشتم لەم کەناڵی تی ڤی بۆ ئه و کەناڵ، چونکە ئەوکات هەواڵی هێرشکردنە سەر عێراق و گۆڕینی ڕژێمی بەعس، بووبووە سەردێڕ و مانشێتی دەزگا جیهانیەکانی وەک (بی بی سی، سی ئێن ئێن، فۆکس نیوز، کەناڵەکانی بەلجیکا، الجزیرە و ئێم بی سی... هتد).
وردە وردە ڕۆژەکانی تەمەنی بەعسییەکان کورت دەبۆوە و فشار و هێزی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانیەکانیان لەسەر زیاتر دەبوو، تاکوو ئه و کاتەی کە سەرۆکی ئەمریکا لە گوتەیەکی تایبەتیدا لەمەڕ ئەم مەسەلەیە بڕیاری دا: ”یان دەبێ سەدام و هەردوو کوڕەکەی دەسەڵات جێ بهێڵن، یاخود لە ماوەی 72 سەعاتدا، هێرش دەکەنە سەر عێراق و تەختی دەسەڵات له و وڵاتە“ ئیدی بۆ هەموو دنیا ڕوون بووەوە کە ئەمجارەیان دوا شەڕ دەبێت لەگەڵ بەعسییەکاندا و کۆتایی بە ڕژێمی دیکتاتۆریی چەندین ساڵە لە عێراقدا دێت.
سەدام و کوڕانی عەرشی دەسەڵاتیان جێ نەهێشت و جووڵە بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرا، بە پاڵپشتیی چڕوپڕی هێزی ئاسمانی، کەشتیگەلی جەنگیی کەنداویش ڕاستەوخۆ مووشەکبارانی ئه و مۆڵگانەیان کرد تا دەسەڵاتی عێراق لە پەلوپۆ بخەن.
هەر چەنده جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، کارەسات و ماڵوێرانیەکی زۆر بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکی عێراقی بەگشتی شەکەت و ماندوو و بێزار کردبوو، لێ زۆربەی خەڵک لەگەڵ هەڵگیرساندنی ئەم جەنگەدا بوون بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و هێنانەدیی ئازادیی عێراق و عێراقییەکان، هەر بۆیە لە هەندێک شوێن، ئاڵای سپی بۆ ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان بەرز کرایەوه، کار گەیشتە ئەوەی کە شارە گەورەکانیش خۆیان بە دەستەوە دا، ڕاپەرینی خەڵکیش لە ناوخۆی شارەکانی عێراقدا دە هێندەی تر داڕمان و خۆبەدەستەوەدانی سەربازانی عێراق و دامودەزگاکانی دەوڵەتی خێراتر کردبوو، بیانووی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانانی لەسەر هێرشەکەیان بۆ عێراق ئەوە بوو کە ڕژێمی بەعس هاوکار و پەناگەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانه وەک (ئەلقاعیده) و ئه و ڕێکخراوانەی تر کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان خستبووە مەترسییەوە، هەروەها چەکی کیمیایی بە دەستەوە ماوە، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشەدا بۆ سەر عیراق فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆمبارانێکی چڕوپڕی ئه و بارەگایانەیان کرد کە مۆڵگەکانی (ئەنساڕ و لئیسلام) تێیدا بوو لە ناوچەی هەورامان لە ماوەیەکی کورتدا تەفروتونا کران و زۆرینەیان کوژران و ئەوانی دیش که مابوونەوە بەره و سنووری ئێران هەڵهاتن، ئەوکات ناوچەی هەورامان لە لایەن هێزێکی جوداخوازی ئەوکاتەی بزووتنەوەی ئیسلامیەوە دەستی بەسەردا گیرابوو ئه و هێزە خۆیان بە فەرمی لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیا کردەوه، ناوی (ئەنساڕ ولئیسلام)یان بۆ خۆیان هەڵبژارد، پێکهاتەی هێزەکانیان بە تەنیا کورد نەبوو، بەڵکوو زۆر چەکداری بیانیی وەک عەرەب و چیچانی و ئەفغانی و هەڵگری ئه و ئایدلۆژییا ئیسلامییە توندڕەوانەی لەخۆ دەگرت کە بیری تەکفیریی توندڕەویی و ئامادەیی خۆکوژی پیادە دەکەن، خۆشیان بە بەشێکی گرنگی ئەلقاعیدە دەناساند و وەک دەگوترا ماوەیەکی زۆریش زەرقاوی لە ناوچەکانی ئەواندا خۆی حەشار داوه، بۆیە هێزەکانی هاوپەیمانان ئه و ناوچەیەیان کردە ئامانج و لە دەریای سوورەوە مووشەکبارانیان کردن.
ئیتر لە شاشەی تی ڤییەکانەوە، داڕمانی بەعسییەکان و خۆبەدەستەوەدانی سوپای عێراقمان بینی، کار گەیشتە ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان گەیشتنە ناو بەغدای پایتەخت. دیمەنێک کە هەرگیز لە یادم ناچێت ئەوەبوو کە محەمەد سەعید سەحافی وەزیری ئەودەمی ڕاگەیاندنی عێراق، هاتبووە ناو شەقا مێک لە شەقامەکانی بەغدا و بانگەشەی بۆ ئارامیی بەغداد دەکرد و دەیگوت (علووجەکانی ئەمریکامان تەفروتوونا کردووە) مەبەستی سەربازانی ئەمریکی بوو، کەچی لە لایەکی ترەوە دەمانبینی هێزی هاوپەیمانی تا ناوجەرگەی بەغدا گەیشتووه، له دوا ساتی دەسەڵاتی ڕژێمیشدا وازی لە درۆ نەدەهێنا، ئیدی خەڵکی لە ماڵەکانیان هاتنە دەرێ و هەناسەی ئازادییان بۆ یەکەمین جار دوای سی ساڵ زیاتر لە بەغدای پایتەخت هەڵمژی.
ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو کە گەلانی عێراق بە خەونیان دەزانی، ئەوە خەونە مەزنەکە بوو هاتە دی، پەیکەری گەورەی سەدام لە نێوجەرگەی بەغدای پایتەختدا ڕووخێنرا[1].