کوردستان لە سێبەری مێژوودا
رێناس نەورۆزی - ناساندنی کتێب
KURDISTAN In the Shadow of History - کوردستان لە سێبەری مێژوودا، بەرهەمێکی پڕ بایەخ و دەوڵەمەندی ژنە نووسەر و ڕۆژنامەوان و وێنەگری ناسراوی ئەمریکی خاتوو Susan Meiselas سوزان میسیلاس-ە. ئەم پەرتووکە تا ئێستاکە گەورەترین ئەرشیفی بەڵگە و وێنە گرنگەکانی ڕێبەر و کەسایەتییەکانی کوردە. وێنە و بەڵگەنامەکانی ئەم پەرتووکە مێژوویییە ناوەڕاستی سەدەی 19 تا کۆتایی سەدەی بیستەمی کوردستان دەهێنێتە زمان. خاتوو سوزان لە یەکەم شەڕی کەنداودا کوردی ناسیووە و ئاشنایەتی لەگەڵ میللەتێکی گەورەی دابەشکراوی وەک کورد کردووە. سوزان بە کامیرا و کەلوپەلەکانی وێنە شۆردنەوە و لەبەرگرتنەوەی وێنە چیا بە چیا و هەرێم بە هەرێمی کوردستان گەڕاوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1991 چووەتە باشووری کوردستان و پاشان چووەتە پارچەکانیتری کوردستان. سوزان دەڵێت: ماوەیەکی درێژ لەگەڵ سەرۆک هۆز و خەڵکی هەر پێنج کوردستانەکە ژیاوم، ئەوەم لێیان بینی کە هیچ شتێکی ڕاست دەربارەی مێژووەکەیان لە هەر پێنج پارچەکەی کوردستان نازانن!
گرنگترین شتێک کە لەم پەرتووکەی خاتوو سوزان بەدی دەکرێت نەخشەی کوردستانی گەورەیە، کە لە بەرگی ناوەوە و پێش بەرگی دواوەی کتێبەکەدا چاپکراوەتەوە. نەخشەکە ثیشکةش بة کۆنفرانسی San Francisco ی ڕۆژی 30ی مارتی 1945 کراوة. بە گوێرەی نەخشەکە؛ کوردستان لە نێوان پێنج وڵاتی تورکیا، عیراق، ئێران، سوریا و یەکێتی سۆڤیەت دابەشکراوە. هەروەها کوردستان لە نەخشەکەدا دوو کەناری ئاوی هەیە، یەکەمیان لە باکوور کەنداوی ئەسکەندەروونەی سەر دەریای سپی ناوەڕاستە، ئەوەیتریان کەنداوی فارسە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کورستان. لەوانەش گرنگتر ئەم نەخشەیە کوردستانیبوونی شارەکانی کەرکووک و موسڵ و تەواوی ناوچەکانی لوڕستان و هەبوونی پارچەیەکی بچووکی کوردستان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دەسەلمێنێت.
لە کتێبی کوردستان لە سێبەری مێژوودا سەدان وێنەی گرنگی ڕێبەر و کەسایەتییە کوردییەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم تا کۆتایی سەدەی بیستەم دەبنیرێت لەوانە: ئەمین عالی بەدرخان، میقداد مەدحەت بەدرخان، لەیلا بەدرخان، جەلادەت و کامەران و سورەییا بەدرخان، ئیبراهیم پاشای میللی، شێخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک، سەید ڕەزای دێرسیمی، شێخ مەحمودی حەفید، حوسێن حوزنی موکریانی، عادیلە خانمی هەڵەبجەیی، پیرەمێرد، حەپسەخانی نەقیب، پێشەوا قازی محەمەد، مەلا مستەفا بارزانی، دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ و عةبدوللا ئوجةلان و شەرەفکەندی و سەدان کەسایەتی تری جۆراوجۆر. هەروەها وێنە و بەڵگەنامەکانی ناو کتێبەکە لە ڕاپەڕین و ڕووداوە گرنگەکانی کوردستان دەدوێن، لەوانە: ڕاپەڕینی شێخ مەحمود 1919، ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران 1925، ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک، ڕاپەڕینی سەید ڕەزای دێرسیمی 1937، کۆماری کوردستان لە مەهاباد 1946، شۆڕشی ئەیلول 1961 لە باشووری کوردستان، بزوتنەوەی چەکداری 1979 ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شورش و سةرهةلدانی چەکداری باکووری کوردستان 1984، ڕووداوەکانی هەڵەبجە و ئەنفالەکان و ڕاپەڕین و کۆڕەوی 1991ی باشووری کوردستان.
خاتوو سوزان میسیلاس سەبارەت بە وێنەکان دەڵێت: من کۆمەڵێک لەو وێنانەم لە هەندێک خێزان و بنەماڵەی کورد وەرگرتووە، کە بە خەم و ترسەوە پێیان داوم و دەیانگوت؛ ئێمە زۆر ماندووبووینە لە پاراستن و هەڵگرتنی ئەم وێنانە!. هەروەها سوزان خان دەڵێت: من مێژووییەکم کۆکردۆتەوە و نووسیوە، بخوازین و نەخوازین هی نەتەوەیەکە هەبوونی هەیە و هەبوونیشی دەبێت!
سوزان خان ساڵی 1948 لە شاری بالتیمۆرە، ماریلاند لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایکبووە و خاوەنی چەندین کتێب و نووسراوەی جۆراوجۆرە و یەکێکە لە ناسراوترین ژنە ڕۆژنامەوان و وێنەگرەکانی ئەمریکا. خانم سوزان بە زۆر وڵاتانی جیهاندا گەڕاوە و ماوەی پێنج ساڵ خەریکی کتێبی کوردستان لە سێبەری مێژووبووە و تەنیا لەلایەن خۆیەوە 250 هەزار دۆلاری بۆ کتێبەکە خەرجکردووە و کتێبەکەیشی بە چەند گوتەیەکی میر شەرەفخانی بێدلیسی خاوەنی کتێبی شەرەفنامە دەست پێکردووە.
KURDISTAN In the Shadow of History لەسەر کاغەزێکی تایبەت بە فۆتۆ چاپکراوە و لە 390 لاپەڕەی قەوارە گەورە و لە دوو توێی بەرگێکی ئەستوور و ڕەنگیندایە. کتێبەکە ساڵی 1997 لەلایەن Random House، Inc، New York چاپکراوە. بەهۆی داخوازی زۆری ڕۆشنبیران و خەڵکەوە ئەم کتێبە بۆ دووەم جار لە ساڵی 2008 بە 472 لاپەڕە چاپکراوە.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی کتێبەکە بڕوانە ئەم ماڵپەڕە بە زمانی ئینگلیزی: www.akakurdistan.com
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 24,928 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!