سەربەست مەحموود ناوی تەواوی (سیروان مەحموود فەتاح) ە، ساڵی 1974 لە گوندی (#مۆریاس#) ی سەر بە پارێزگای #سلێمانی# لەدایک بووە. لە بنەماڵەو خێزانێکی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز پەروەردەکراوە، شەهید سەربەست خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (مۆریاس) و هەردوو قۆناخی ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
هەر لە تەمەنی خوێندنی دواناوەندیدا دەست دەکات بە خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەو پەرتووکە جیاجیاکان. ساڵی 1991 دەبێتە قوتابی بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین و ساڵی 1995 بە پلەیەکی زۆر باش خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات. لە ڕۆژانی 17-19-03-1995 وەک ئەندامێکی دامەزرێنەر بەشداری کردووە لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDK کە لە شارۆچکەی عەنکاوەی پارێزگای #هەولێر# بەستراو دوای تەواو بوونی کۆنگرەکە لە ڕۆژی نەورۆزی 1995دا YNDKهاتە ڕاگەیاندن. شەهید سەربەست مەحموود هەر لە یەکەمین ڕۆژی دامەزراندنی YNDK وە بەگیانێکی نەتەوەییانەوە دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و لەڕۆژانی 5 - 7/1996 لە شارۆچکەی شەقڵاوەدا زۆر چالاکانە بەشداری کرد، لە دووەمین کۆنگرەی YNDKو لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیاندا بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەڵبژێردراو و ئینجاش بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ناوەندی ڕێکخستنی ڕێکخستنی YNDK.
لە دوای کۆنگرە زۆر چالاکانە کاری ڕێکخستنی لە شاری سلێمانی و ناوچەی #شارەزوور#و هەوراماندا ئەنجام دەدا، سەرپەرشتی کاروباری ڕێکخستنی YNDKی دەکرد.
هەروەها لەڕۆژانی 10و 11و12/1999 لەکۆنگرەی سێیەمی YNDK کە لە شاری هەولێر بەسترا، بە هاوکاری هەڤاڵان توانی کۆنگرەکە بکات بە کۆنگرەیکی نموونەیی بەئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرایەوە.
بەهۆی توانا و لێهاتوویی کرا بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی میدیا، وێڕای بینینی ڕۆڵی سەرەکی لەدەرکردنی گۆڤاری (سەرخۆبوون) کە خۆی خاوەنی ئیمتیازی بوو.
شەهید سەربەست مەحموود بیرمەندێکی لێهاتووی نەتەوەیی و، وڵاتپارێز و کوردپەروەرێکی دڵگەرم و، مرۆڤێکی ڕەوشت بەرز و بەوەفا و سەرنج ڕاکێش و بە بەزەیی و بوێرو هەق پەرست بوو.
مخابن دوژمنان تیرۆریستان ڕێگەیان نەدا شەهید سەربەست مەحموود زیاتر تێبکۆشێ و خزمەتی زیاتر بە نەتەوەکەی بکات لە ئێوارەی ڕۆژی 31-05-2000 دا زۆر بەنامەردی و دڕندانە و هۆڤییانە لە شاری هەولێر شەهیدیان کرد. تەرمی پیرۆزی شەهید سەربەست ڕۆژی 01-06-2000 لە هەولێرەوە برایەوە شارە خۆشەویستەکەی خۆی و لە مەراسیمێکی تایبەتیدا لە گۆڕستانی (گردی سەیوان) ی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا دۆسیەی شەهیدکردنی سەربەست مەحموود بەکراوەیی ماوەتەوەو دەزگاکانی پەیوەندیدار تا ئێستا بکوژانی شەهید سەربەستیان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات بکوژانی بدۆزرێنەوەو ئاشکرا بکرێن و بەسزای خۆیان بگەن.[1]