سینا سۆما
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە شاری کرمان، بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان لە تەقینەوەکان هەبووە و ڕایگەیاند، پلانی ئەمریکییەکان بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێکی دیکە لە ناوچەکەدا، لەلایەن حاجی قاسم و هێزەکانی مقاوەمە پووچەڵکرایەوە، قاسم سلێمانی نەیهێشت ئەم پلانەی ئەمریکییەکان سەربگرێت.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانیانی تەقینەوەکانی کرمان باسی ڕۆڵی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەهێزکردنی ئێران لە ناوچەکە و هەموو جیهان کرد و ڕایگەیاند، دوژمنیش دەزانێت ئێرانی ئەمڕۆ، ئێرانێکی بەهێز، قارەمان و خاوەنی هێزە و حاجی قاسم بۆ ئەم وڵاتە بەرهەمهێنەری هێز بووە.
ئیبراهیم ڕەئیسی وتی، هۆکاری ڕق و کینەی دوژمنان بەرانبەر قاسم سلێمانی ئەوەیە کە حاجی قاسم کارێکی گەورەی کردووە.
ڕەئیسی بانگەشەی ئەوەی کرد کە داعش درووستکراوی دەستی ئیسرائیلەوە و وتی، ڕژێمی زایۆنی دەیویست لەژێر ناوی ئیسلام خەلافەتێکی ئیسلامی لە ناوچەکەمان درووست بکات، لەوێ (فەلەستین) لەژێر ناوی جوو و لێرەش لەژێر ناوی ئیسلام. لە ئێراق و سووریا، بەنیازی ئەوە بوو داعشی درووستکراوی خۆی وەک خەلافەتی ئیسلامی بکاتە دەسەڵاتدار، بەڵام حاجی قاسم سلێمانی، بزووتنەوەی مقاومەی ناوچەکەی لە بەرانبەریاندا درووستکرد.
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئیران، سەرەڕای ئەوەی فەلەستین خاوەن هێزی ئاسمانی و دەریایی نییە و تەنیا خاوەن بەشێکی هێزی زەوینییە، بەڵام ئیسرائیلیان تووشی شکست و بێ هێواییەکی گەورە کردووە، وەک ئاماژەیەک بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە 07-10- 2023ەوە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کردووە و سێ مانگە بەردەوامە.
ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند، قاسم سلێمانی لەگەڵ هەموو هێز و لایەنەکانی ناوچەکە، شەو و ڕۆژ هەوڵیدا کە بزووتنەوەی شەیتانیی داعش و درووستکراوی ئەمریکییەکان لە ئێراق، سووریا و هەموو ناوچەکە، ڕەگ دانەکوتێ و ئاساییشی ئەمڕۆی ڕۆژاوای ئاسیا قەرزاری حاجی قاسم سلێمانییە.
ڕەئیسی وتی، پلانی ئەمریکییەکان بۆ دامەزراندنی ڕژێمێکی دیکەی زایۆنی لە ناوچەکەدا، لەلایەن حاجی قاسم و هێزەکانی مقاوەمە پووچەڵکرایەوە. حاجی قاسم سلێمانی نەیهێشت ئەم پلانەی ئەمریکییەکان سەربگرێت. کارێکی گەورەی کرد، ڕق و کینەی ئەمریکییەکان و ڕژێمی زایۆنی و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بەرانبەر بە حاجی قاسم و ناو و ڕێبازەکەی و زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکەی، هۆکاری کردەوە تیرۆریستییەکانیانە.
ئیسرائیلی دووەم یان ئیسرائیلێکی دیکە دەستەواژەیەکە زیاتر لە دوای گشتپرسییەکەی 25-07- 2017ی باشووری کوردستان بەکاردێت.
ڕۆژی 26-12- 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران کۆنفرانسێکی ڕاوێژکاری سیاسیی باڵای تایبەت بە پرسی فەلەستین و دۆخی کەرتی غەززە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی لایەنە سیاسییە جیهانییەکان ڕێکخست. لە تورکیا، دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن تێیدا بەشدار بوو و وتارێکی پێشکەش کرد.
دۆغو پەرینچەک لەبارەی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان وتی، یەکگرتوویی تورکیا، ئێران، ئێراق، سووریا و ڕووسیا ڕێگریکرد لە دامەزراندنی دووەمین دەوڵەتی ئیسرائیل بەناوی (دەوڵەتی کوردستان) کە ویستیان لە ڕێگەی گشتپرسییەکەی 2017 دایمەزرێنن. بەمەش مۆدێلێکی نوێی ئاشتی پێکهێندرا. لەو کاتەدا من لە تاران بووم و کاری هاوبەشمان لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەکبەر ویلایەتی زۆر بەرهەمدار بوو. ئەو مۆدێلە نوێیەی ئاشتی ئەمڕۆش بەدی دەکرێت.
ڕۆژی 4ی ئەم مانگە چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران تێپەڕی، کە لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کرایە ئامانج.[1]