مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە #کەرکووک#؛ بەشی یەکەم
شوان خورشید
کەرکووک ئەو شارەی کە بایەخی جیهانی هەبووە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی جیوپۆلیتیکیەوە، دەبینین لە هەموو بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و کشتوکاڵ و ڕۆشنبیری و گرنگی ناوچەیی و پێشەنگ بووە، هەمیشە ئەگەر لە ڕیزبەندی یەکەم نەبوبێت هاوشانی ناوچە و شار و مەڵبەندەکانی هاوسنووری بووە. لەکاروانی پێشکەوتن دانەبڕاوە، بەڵکوو سەرمەشقی بەرەو پێش چوون لە کەرکووک و ناوچەکە بە باڵای ئەو شارەدا بڕاوە، دیارە شوێنەوارە دێرینەکانی و مێژووی پڕ لە هەڵچوون و نیشتنەوەی شارەکە گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن و گرنگی شاری کەرکووک دەسەلمێنن.
بۆیە دەبینین جگە لەو داهێنانانەی لە کەرکووک چەکەرەی کردووە لە ڕووی ڕۆژنامەگەری و دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپەمەنییەکان، ناوچەی کەرکووک ڕۆڵی هەبووە. هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەرییەوە لە ساڵانی 1908، کەرکووک و ڕۆشنبیرانی شارەکە ئەسپی خۆیان تاو داوە و بوونەتە دەرچەیەک لە پێشکەوتنی بواری ڕۆژنامەگەری، کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە خەباتی ڕۆژنامەگەری و ئاستێکی بەرچاوی نەخشاندوە لە مێژووی گۆڕانکارییە ڕۆشنبیری و ڕووناکبیریەکانی ناوچەکە. هەرچەندە ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی ناوچەی کەرکووک، بەهۆی گۆڕانە سیاسی و ڕژێمەکانییەوە تەمەنیان کوورت بوونە و زوو قەدەغە کراون و داخراون. بەڵام ئەو ڕاستییە ون نابێت، سەرهەڵدانی ئەو بزاوتە سەلماندویەتی، کەوا کەرکووکیش ڕۆڵی کارای هەبووە. لە بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەری دا. بۆیە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی لە ناوچەی کەرکووک دەرچوونە و پەرتووکخانە و بیری خوێنەریان دەوڵەمەند کردووە.
٭ ڕۆژنامەی (حوادث) ، یەکەم ڕۆژنامە بووە لە شاری کەرکووک بە زمانی تورکمانی بڵاوکراوەتەوە، لە دوای بانگەوازی (المشروطیة) له ساڵی 1908 لەلایەن (ئەحمەد مەدەنی قودسی زادە) یەکەم ژمارەی لە 24-02-1911 بە شێوەی فۆتۆکۆپی دەرکراوە، ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام بووە. لە ڕۆژنامەکەدا هاتووە کە ڕۆژنامەیەکی (هەفتانەی تورکی ڕەسمی، سیاسی، اجتماعی، علمی، ادبي، اقتصادی، تجاری، صحی، زراعی) ه، بەڵام لەگەڵ داگیرکردنی شاری کەرکووک لەلایەن ئینگلیزەکانەوە ڕۆژنامەکەش ڕاگیراوە.
٭ ڕۆژنامەی ئاژانس، ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆژانە بووە بە زمانی تورکی لە کەرکووک تا 14-05-1918ی هەمان ساڵ بەردەوام بووە و بە هاتنی ئینگلیزەکان ڕۆژنامەکەش داخراوە، تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چەند ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ گۆڤاری (معارف) ، گۆڤارێکی هونەری و ئەدەبی بووە. بە زمانی تورکمانی لە 24-04-1913 بەهەشت لاپەڕەی قەبارە گەورە، هەر دوو هەفتە جارێک چاپکراوە. خاوەنی ئیمتیازی (محەمەد جواد) و دامەزرێنەرەکەی (قودسی زادە) بووە. تا 20-11-1913 بەردەوام بووەلە دەرچوون.
٭ گۆڤاری (کوکب المعارف) ، گۆڤارێکی هەمەڕەنگ بووە. لێکۆڵینەوەی دەربارەی زانست و ئەدەب و هونەری و باری کۆمەڵایەتی کردووە، لە چاپخانەی (مدرسة صنائع) لە کەرکووک چاپکراوە، یەکەم ژمارەی لە 03-02-1915 دەرچووە، دووەم گۆڤارە لە شاری کەرکووک دەرچووە و (مستەفا یەعقوبی) سەرنووسەری بووە.
٭ ڕۆژنامەی (نجمە) ، بە زمانی عەرەبی یەکەم ژمارەی لە 15-12-1918 دەرچووە، لە سەرەوە نووسراوە (جریده (ڕسمیه) تصدر وتباع کل الصباح في البلده وفی سرای الحکومه) ، له دوایدا گۆڕا بۆ زمانی تورکی، تاکوو دە ساڵ بەردەوام بوو لە دەرچوون، یەکێک بوو لەو ڕۆژنامانەی ئینگلیزەکان دایانمەزراند و دایان بە حکومەتی ئێراق، لەم ڕۆژنامەیەدا گەلێک نووسەر و شاعیری کورد نووسین و هۆنراوەیان بڵاو کردووەتەوە وەک (ڕەفیق حلمی، عەبدولقادر خلوسی، کفریلی، هیجری دەدە و حەلیم) لە ساڵی 1926 ڕۆژنامەی کەرکووک جێگای نەجمەی گرتەوە.
٭ ڕۆژنامەی (تجدد) ، ڕۆژنامەیەکی هەواڵی ئەدەبی بووە. لە 20-11-1920 یەکەم ژمارەی دەرچووە بە زمانی تورکمانی و تەمەنی کوورت بووە. دوای ماوەیەک لە دەرچوون وەستاوە. خاوەنی ڕۆژنامەکە (ئەحمەد مەدەنی) بووە. سەرنووسەرەکەشی (سەعدی) ناوێک بووە. کە بەڕێوەبەری بەرپرسی دکتۆر (حەمدی ئاوچی) بوو.
٭ ڕۆژنامەی کەرکووک، ڕۆژنامەیەکی سیاسی وێنەدار بووە. درێژەدەری ڕۆژنامەی نجمە بووە. گۆڕا بۆ کەرکووک، یەکەم ژمارەی لە 12-10-1929 دەرچووە بە زمانی تورکی هەفتەی دوو جار چاپ و بڵاودەکرایەوە لە چوار لاپەڕەدا، ڕۆژنامەکە لە چاپخانەی (الحوادث) پاشان لە چاپخانەی شارەوانی کەرکووک چاپ دەکرا و (وەجدی ئەفەندی) کاروباری نووسین و بڵاوکردنەوەی گرتبووە ئەستۆی خۆی، پاشان لە ژمارە 66وە (هجری دەدەی کاکەیی) سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی چاپخانەکە و دەرچوواندنی ڕۆژنامەکەی کردووە، ڕۆژنامەکە بەردەوام بوو تا پاش شۆڕشی 14-07-1958 و ناوەکەی گۆڕا بۆ گاورباخی بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی دەرچووە و بەشە تورکیەکەی (لەتیف بەندەر ئۆغڵو) سەرپەرشتی کردووە، پاشان ناوەکەی گۆڕاوەتەوە بۆ کەرکووک، شارەوانی کەرکووک سەرپەرشتی ڕۆژنامەکەیان کرد تا 20-08-1972 لە گەڵی دا ڕۆیشتن، ئیتر دوای ئەو بەروارەوە ئەستێرەی ئەو ڕۆژنامەیە لە ئاسمانی ڕۆژنامەگەری کەرکووک ئاوا بوو، تا ئەو ساتەی بەیەکجاری ڕۆژنامەکە لە دەرچون وەستاوە 2033 ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی ئەیلەری، ڕۆژنامەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە. هەفتەی دوو ژمارەی لێ دەرچووە بە زمانی تورکمانی یەکەم ژمارەی لە 02-03-1935 بووە. خاوەنی ئیمتیازی (بەکر سدقی محێدین) بووە. بەڕێوەبەری (ڕەشاد عارف) بووە. کە ئەندامی (مجلس السیاده) بوو لە دوای شۆڕشی 14ی تەمموز، سەرنووسەرەکەشی (کفریلی عەبدولقادر خلوسی) بووە، ڕۆژنامەکە لە هەموو تەمەنی 17 ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ڕۆژنامەی (الوحده) ، ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی ڕۆشنبیری هەفتانە بووە. بە زمانی عەرەبی، یەکەم ژمارەی لە 06-03-1948 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، خاوەنەکەی (جەمال عەبدولنوور) بووە. تا وەستانی 21 ژمارەی لێ دەرچووە لە ئابی 1948 ماڵئاوای لە گۆڕەپانی ڕۆژنامەنووسی کردووە.
٭ ڕۆژنامەی (الافاق) ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی بووە. بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکمانی بڵاوکراوەتەوە، یەکەم ژمارەی لە 08-08-1954 دەرچووە، خاوەنی ڕۆژنامەکە قائیمقام (شاکر ضیاءالدین هورمزی) و سەرنووسەری (حیسامەدین ساڵەیی و عەتا تەرزی باشی و سوعاد هورمزی) بووە.
٭ گۆڤاری (صدی الشباب) ، گۆڤارێکی زانستی ڕۆشنبیری بووە، خاوەنی ئیمتیازی قوتابخانەی ناوەندی (الغربیە) ی کوڕان بووە، سەرنووسەرەکەی مامۆستای زمانی عەرەبی (حسێن عەلی بەیاتی) بووە و ژمارەی یەکەمی لە کانوونی دووەمی 1949 دەرچووە و تا وەستانی تەنیا چوار ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی (صدی الشمال) ، ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سیاسی بووە. بە زمانی عەرەبی، خاوەنی ئیمتیازی (مەعرووف عارف) و سەرنووسەرەکەی (بورهان عومەر تکریتی) بووە. ژمارە یەکی لە شوباتی 1951 دەرچووە لە چاپخانەی شارەوانی کەرکووک چاپکراوە، لە مایسی 1951 دوای 13 ژمارە ڕۆژنامەکە داخراوە.
٭ ڕۆژنامەی (صدی الشباب) ، پەخشنامەیەکی ڕۆشنبیری ناوبەناوی قوتابخانەیی بووە. لەلایەن (لجنة النشاط الثقافي) ، بە زمانی عەرەبی لە ئامادەیی کەرکووک دەرچووە، دەستەی نووسەرانی ماموستایان (محەمەد شێخ و مەحمود عوبێدی) بوونە، ژمارە یەکی لە کانونی دووەمی 1958 دەرچووە و پاشان وەستاوە.
٭ گۆڤاری (الثقافة الحدیثة) ، گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی بووە تایبەت بە زانیاری ئەدەبی لەلایەن (جمعیة المعلمین) ، بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، یەکەم ژمارەی لە مایسی 1954 دەرچووە، بەڕێوەبەری نووسینی (عەتا تەرزی باشی) بووە. جێگری نووسینی (حسێن عەلی داقوقی) بووە. گۆڤارەکە بەپێی دەرچوونی یاسای (الجمعیات) ی ژمارە 29 لە ساڵی 1954 وەستا.
٭ بڵاوکراوەی (صدی الشباب) ، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری قوتابخانەیی بوو، خاوەنی ئیمتیازی ناوەندی (الغربیە) بوو، سەرنووسەری مامۆستا (سنان سەعید) بوو، ژمارە 01-03-1957 لە کەرکووک بە زمانی عەرەبی دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی (البشیر) ، هەفتانەییەکی ئەدەبی بووە بە تورکمانی و عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی (محەمەد ئەمین عەسری) بوو، سەرنووسەرەکەی (محەمەد حاجی عزەت) بووە. بەشە تورکمانییەکەی (عەتا تەرزی باشی) و عەرەبییەکەی (حەبیب هورمزی) سەرپەرشتیانکردووە، ژمارە یەکی لە 22-09-1958 دەرچووە، تاوەستانی لە 17-03-1959 (26) ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی گاورباخی، هەفتانەیەکی ئەدەبی بووە. درێژەدەری ڕۆژنامەی کەرکووک و نەجمەی پێش کەرکووک بووە. ئەرکی دەرچوونەکەی لەلایەن (عوسمان خۆشناو) بووە. لە دوای شۆڕشی گەلاوێژی 1958، ژمارە یەکی لە 29-06-1959 دەرچووە، دوای دەرچوواندی 26 ژمارە، ناوەکەی گۆڕایەوە بۆ کەرکووک بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ دەکرا.
٭ گۆڤاری (شەفەق- بەیان- شەفەق) ، لە 15-01-1958 دەرچووە، سەرنووسەرەکەی (عەبدولقادر بەرزنجی) بووە، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، لە سەرەتای ساڵی 1959 گوێزرایەوە شاری #سلێمانی# و ناوەکەی گۆڕا بۆ بەیان، گۆرانی شاعیر سەرپەرشتی دەکرد بووە ئۆرگانی ئاشتیخوازان و پاش ماوەیەک دیسان گواسترایەوە کەرکووک ناوەکەی جارانی وەرگرتەوە، تا سەرەتای 1963 داخرا، شەفەق یان بەیان گۆڤارێکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و زانستی بووە دوو هەفتە جارێک لە کەرکووک دەردەچوو، بەڕێوەبەری دارایی شاعیر عەلی کەمال باپیر ئاغا بوو، تا لە دوای دا حەمید عوسمان کرایە سەرنووسەری.
٭ گۆڤاری دەنگی قوتابییان، بە کوردی و عەرەبی و تورکمانی لە ساڵی 1959 لقی یەکێتی قوتابییانی ئێراق لە کەرکووک دەری ئەچواند، چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو، هەر هەمان ساڵ داخرا.
٭ بڵاوکراوەی (العزة) ، لە ساڵی 1959 قوتابخانەی سەرەتایی کوڕانی (العزة) دەری دەکرد، وەک بڵاوکراوەیی قوتابخانەیی، دەستەی نووسەرانی (عەبدولحەکیم ڕژی ئوغلو، عیزەدین عەبدی بەیاتلی، حەسەن عیزەت چارداخلی، سەڵاحەدین ساقی، حەسەن فەتاح) بوونە.
٭ ڕای گەل، وەک زمانحاڵی پارتی (نیشتمانی دیموکراتی) لە 06-09-1959 دەرچووە، دەستەی نووسەرانی (محەمەد مەردان قەڵەمچی، جنازم وەنداوی، محەمەد تۆفیق) بوونە، ژمارە یەکی لە 06-09-1959 دەرچووە، تا لە 15-09-1961 وەستاوە.
٭ ڕۆژنامەی دەنگی داس، شیوعیەکانی قادر کەرەم وەک ئۆرگانی حیزب بە دە نووسخەی دەستخەت، بە قەبارەی 16 لاپەڕەیی دەریان دەکرد، ڕۆژنامەکە لە 1947 تا 1949 بەردەوام بووە، ڕۆژنامەکە جگە لە بابەتی سیاسی بابەتی کۆمەڵایەتی و گرنگی بە تەندرووستی و ژیانی خەڵک و ئەدەب داوە، پاشان ڕۆژنامەکە لەسەر داوای حیزبی شیوعی گوزرایەوە #شارەزوور#و بووە ئۆرگان و زمانحاڵی حیزبی شیوعی ئێراق.
٭ گۆڤاری (الطلیعه) ، خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە (دار المعلمین) ی کەرکووک بووە. گۆڤارێکی ڕۆشنبیری مانگانە بووە. ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 1959 دەرچووە، دەستەی نووسەرانی بریتی بوونە لە (سەعدی جەباری، زوهدی داوێ، کەمال نامیق) .
٭ گۆڤاری (العرین) ، لە کەرکووک وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری سەربازی لەلایەن (قیادة الفرقة الثانیة) ژمارە یەکی 1959 دەرچووە و پێنج ساڵ بەردەوام بووە.
٭ گۆڤاری (الطلیعة) ، گۆڤارێکی ڕۆشنبیری پەروەردەیی بووە. خاوەنی ئیمتیازی یەکێتی قوتابییانی ئێراق لقی کەرکووک بوو، بە هەر سێ زمانی کوردی، تورکمانی، عەرەبی چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە چاپخانەی شیمال لە کەرکووک چاپکراوە، ژمارە (1-3) لە ساڵی 1960 دەرچووە و پاشان لە دەرچوون وەستاوە.
٭ ڕۆژنامەی ئازادی، ڕۆژنامەیەکی سیاسی و ئورگانی ئاشکرای حیزبی شیوعی ئێراق بووە. خاوەنی ئیمتیازی پارێزەر نافع یونس بووە. ژمارە یەکی لە 11-04-1959 دەرچووە، لە ماوەی ژیانی لە کەرکووک تەنیا 12 ژمارەی لێ دەرچووە و پاشان گوازراوەتەوە بەغدا و تا ساڵی 1960 بەردەوام بووە.
٭ گۆڤاری (الربیع) ، گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی بووە. خاوەنی ئیمتیازی دانیال داود بنیامین و سەرنووسەری تەیمور ساحب قران بووە. لە 14-09-1960 تا 06-08-1961 بە زمانی عەرەبی و سریانی بەردەوام بووە.
٭ گۆڤاری (النشاط المدرسي) ، پەروەردەی کەرکووک لە ساڵی 1962 دەری کردووە، گۆڤارێکی هونەری وەرزی بووە. نووسەرە دیارەکانی بریتی بوونە لە مەحمود عوبێدی، ئەنوەر محەمەد، ڕەمەزان و زۆری تر، دوو ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ گۆڤاری (العامل الاشتراکي) ، ژمارە یەکی لە 30-05-1963 دەرچووە و لە 18-11-1963 داخراوە، گۆڤارێکی هەفتانەی سیاسی بووە. خاوەنی ئیمتیازی ڕەجەب تلفاح حویجه و سەرنووسەرەکەی خلیل ئەلعەباسی و دەستەی نووسەرانی محەمەد حسێن داغستانی بووە.
٭ (صدی کرکوک الریاضي) ، لەلایەن ئیسماعیل سرت تورکمن و محەمەد حسێن داغستانی وەک بڵاوکراوەیەکی وەرزشی، ژمارە یەکی لە 1966 دەرچووە، تا کۆتایی 1967 بەردەوام بووە. دوای دەرچوواندنی 4 ژمارە لە دەرچوون وەستاوە.[1]