ناونیشانی بابەت: مەترسییەکانی تاڵیبان بۆ سەر کوردستان: بەشی سێ
ئامادەکردن: #عادل قادری#
“ئاماژەی گشتی”
بەهۆی ئەوەی سەلەفییەت لە کوردستان لەو بابەتانەیە تاکوو ئێستە لەبارەیەوە توێژینەوەی کۆمەڵایەتیی ئەنجام نەدراوە، تۆژەر پێی خستۆتە ڕێگایەکەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر لە چاوەی دیاردەکانی هاوشێوەیدا لێڵاوی و جیاوازە، دەشێت بڵێین؛ زیاتر لە هەر شتێک ئەم توێژینەوەیە بەپێی پێناسەی ئیسترابێرگ خوێندنەوەیەکی شوێندۆزانە و کەیسیانەیە. “حەریری” لە زاری یینەوە خوێندنەوەی کەیسیانە بەم شێوەیە پێناسە دەکات “خوێندنەوەی کەیسیانە بەپیی پێناسەیەک کە یین دەیخاتە ڕوو (1994) توێژینەوەیەکە دیاردەیەکی هاوچەرخ لە زەمینە و بەستێنی ڕاستەقینەی خۆیدا، بە تایبەتی لە هەلومەرجێکدا سنوورەکانی نێوان دیاردە و بەستێنی سەرهەڵدان بە تەواوەتی ڕوون نییە، دەخاتە بەر توێژینەوە”. سەلەفییەت ئەگەرچی دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام سەلەفییەکانی کوردستان سەرەڕای ئەو لێکچوونانەی خۆیان لەگەڵ سەلەفییە جیهانییەکان بەپێی بەستێنی سەرهەڵدانی خۆیشیان تایبەتمەندی ناوازەیان هەیە، ئەم ڕەوتە لەگەڵ ڕەوتە هاوشێوەکانیان جیا دەکاتەوە. ئەم ڕەوتە ناکرێت بە بێ سەرنجدان بە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لێک بدرێتەوە و لەدەرەوەی بەستێن و زەمینەی خۆی بخوێنرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
کۆمەڵگە بەرئامانجی ئەم توێژینەوەیە هەموو کوردە سونییە سەلەفییەکانی دانیشتووی سێ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و کوردستانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر بۆیە لەم نووسینە لە هەر شوێنێکدا ناوی کوردستان هێنرا، مەبەست پارێزگای کوردستان نییه، بەڵکوو هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و کوردستان بە و مانایەیی؛ خەڵک لێی تێدەگات مەبەستە نەک ئەو پێناسەیەی کە دەوڵەت بۆی کردووە و هەیەتی. لە بەدواداچوونە زۆر و زەبەندەکان بۆ توێژینەوە و بینین و وتووێژ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، دەرکەوت سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەشێت بە سەر چوار دەستەدا دابەش بکرێن، بریتین لە جیهادیی ڕادیکاڵ، جیهادیی میانەڕۆ، غەیری جیهادیی نەریتی و غەیری جیهادی پارێزکار یان کۆنسێرڤاتیڤ. بەم پێیە نموونەگرتن بۆ ئەم توێژینەوەیە لە هەر چوار گرووپەکە بە شێوەی ئامانجدار و کەیسە ڕەمزییە واقیعییەکان بووە. “نموونەگرتن لە کەیسە ڕەمزییە واقیعییەکان یانی هەڵبژاردنی ئەو کەیسانەی کە لە باری دیاردەی بەرتوێژینەوە بە ڕەمز و سیمبولی واقیعی دادەنرێت”. لەو ڕووەوە کە زۆربەی سەلەفییەکانی کوردستان لە سەلەفییە جیهادییەکان پێک دێن، هەوڵ درا بە ڕاکێشانی سەرنج و بەدەستهێنانی متمانە و دڵنیاییان، زۆربەی لێداون و تووێژەکان لەم گرووپە بێت.
=KTML_Bold=“مانا و ڕەوگوڕیشەی سەلەفییەت”=KTML_End=
“سەلەفییەت” بە پێی پێناسەکان (ئەلبوتی، 1988؛ ئەلسیلی 1993) ، سەلەفی لە دەقە دینییەکاندا بە موسڵمانێک دەگوترێت کە پێڕەوکاری گەورەکانی ئایینی خۆیانن لە ڕابردوودا. ئەو گەورانەی کە بۆ کاروباری دینی ڕۆشتنووتە لایان و ڕاوێژیان پێکردوون. بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵناسانەی سەلەفیگەری لە بیروڕاکانی ڕۆڤا کەڵک وەرگێڕاووە؛ سەلەفییەت وەکوو ڕەوتێکی نوێ بناژۆخواز پێناسە کراوە کە بە پێداگریی لەسەر تەوحید و بێزاریی لە شیرک و کوفر مەبەستێتی هەموو عەقیدەکان، کردار و ڕەفتاری خۆی بە پێی تێگەیشتنێکی بەرتەسک لە قورئان و سوننەت ڕێک بخات و خۆی ناخاتە چوارچێوەی هیچ کام لە مەزهەبە ئیسلامییەکان و هەڵگری کەلتوورێکە کە بە تەواوەتی و تا پێست و ئێسقان دژایەتیی ڕۆژاوا دەکات. ناکرێت ئەم ڕەوتە بە شێوەیەکی تەواو پەیوەست بە ڕابردوو بزانین، وەکوو دیاردەیەکی نەریتی ناوی لێ بنێین، بەڵکوو دیاردەیەکە تایبەت و پەیوەست بە جیهانی ئێستا کە لە دەسکەوتەکانی مۆدێڕنیتە بۆ ئامانجەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
سەلەفییە جیهادییەکان؛ سەلەفییە جیهادییەکان بە و دەستە لە سەلەفییەکان دەگوترێت کە هیچ کام لە حکومەتە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی ئیسلام بە ئیسلامی نازانن و هەموویان بە تاغووت دەزانن و جیهاد لە دژیان بە ڕەوا و واجیب دەزانن. بیرکردنەوەی سەلەفییە جیهادیەکان لە غەیری جیهادییەکان پێکهاتێکی ئاڵۆزتر و هاوکات ڕێکوپێکتری هەیە و لەسەر بنەمای ئیمارەت بوونیاد دەنرێت.
سەلەفییە غەیری جیهادییەکان؛ بە و سەلەفییانە دەوترێت کە لە زەمەنی ئێستادا جیهاد بە بەرژەوەندی نازانن و ئەگەرچی هەندێک لە حکومەتەکانی جیهانی ئیسلام بە تاغووت دەزانن، دانووستان و پەیوەدنی لەگەڵیان نەهی ناکەن و بۆ نموونە لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن (ڤیکتۆر یوز، 2010؛ ڕۆڤا، 2004؛ عەلیار، 1383) .
=KTML_Bold=جۆرە جیاوازەکانی گرووپە دینییەکان لە کوردستان=KTML_End=
جۆرەکانی گرووپە دینییە چالاکەکان لە کوردستان؛ لە پۆلێنبەندییەکی گشتیدا دەکرێت جۆرەکانی گرووپە ئایینییە چالاکەکان لە کوردستان بکەین بە سێ گرووپەوە؛
1- گرووپە نەریتییەکان کە زیاترین پێداگرییان لەسەر پاراستنی ئەحکامە ئیسلامییەکان و شەریعەتی پێغەمبەری خودایە و کەمتر خۆیان لە کاروباری سیاسی هەڵدەقورتێنن و باوەڕیان بە چاکسازیی کەس و تاکەکان لە ڕێگەی دەعوتی تاکەکەسی هەیە. لەم گرووپانە دەتوانین ئاماژە بە دەروێشەکان و جەماعەتی تەبلیغ بکەین لە کوردستاندا.
2- گرووپی دووەم خۆیان بە جەماعەت ناودەنین، بەڵام زیاتر بە شیوەی حیزب بەڕێوە دەبرێن. پێشینەی سەرهەڵدانیان لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بە زۆری باوەڕیان بە بەشداری لە کاروباری سیاسی وڵاتدا هەیە و هەندێ جار بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمان هەوڵیان داوە بگەنە ناو دەسەڵات بەمانە دەڵێن ئیسلامگەرا سیاسییەکان. لەم گرووپانە دەتوانین ئاماژە بە مەکتەب قورئانی کوردستان و جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاحی ئێران بکەین.
3- گرووپی سێیەم دەتوانین بە پێی وتەی ڕۆڤا (1994، 2002) بە نوێ بناژۆخواز ناوزەد بکەین. ئەمانە باوەڕیان وایە کە موسوڵمانەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامی سەلەف (بە مانای ڕابردووان مەبەستیان سەدری ئیسلامە) . هەروەها ئەم گرووپە هەموو حکوومەتە ئیسلامییەکانی ئێستا مەحکووم دەکەن و ئامادە نین دانووستانیان لەگەڵدا بکەن و زیاتر خەڵک بە شێوەی تاکەکەسی و فەردەی دەعوەت دەکەن و لە بەڕێوەبردنی دەستوور و فرمانەکانی قورئان و سونەتی پێغەمبەر زۆر تووندوتۆڵن. ئەو سەلەفییانەی کە لە کوردستان هەم بە شێوەی جیهادی و هەم غەیری جیهادی چالاکی دەکەن، لەمانەن.
لەم نێوانەدا تەنیا مەکتەب قورعان گرووپێکی خۆماڵی هەژمار دەکرێت و درێژەدەری هیچ حیزب یان لایەن و گرووپێک لەدەرەوەی کوردستان نییە. هەروەها تەنیا گرووپێکە پانتای چالاکییەکانی زیاتر کوردستانە و ئەندامەکانی زۆربەیان کوردن. گرووپەکانی دیکە ئاخێزگە و شوێنگەی سەرهەڵدانیان کوردستان نەبووە و زیاتر باڵێک لە گرووپێکی گەورەترن کە لە دونیادا هەیە. هەموو گرووپەکان جگە لە سەلەفییەکان باوەڕیان بە ئامادەیی و بوونی ژنان لە پانتای کۆمەڵایەتیدا هەیە و بۆ بەجێگەیاندنی چالاکییە دینییەکان هانیان دەدەن. چالاکی ژنان لە هەندێک لە گرووپەکان وەکوو مەکتەب قورعان و دەعەوت و ئیسڵاح زۆر دیار و بەرچاوە.
=KTML_Bold=“چۆنێتی هاتنی سەلەفییەکان بۆ کوردستان”=KTML_End=
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا سەرەتاکانی دەیەی هەشتا، تاقەگرووپێکی ئایینی چەکدار کە چالاکییان هەبووە، گرووپێک بووە بە ناوی “بزاڤی تەوحیدیی ئەهلی سوننەت”. ئەم گرووپە پێکهاتوو لە نێزیکەی سەد و پەنجا کەس لە مەلا و مامۆستا ئایینییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ڕێبەرایەتیی ئەمانە لە ئەستۆی کەسێک بووە بە ناوی “مەلا عەبدولکەریم تەوحیدی”. بەڵام ئەمانە بەهۆی بەرتەسکبوونی پانتا و ناوچەی جوگرافیایی چالاکی و کەمبوونی ئەندامەکان، نەیانتوانی ببن بە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەریی بەهێز و ئێستا وەکوو گرووپێکی کەمتر ناسراو و نەناسراو لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دان.
سەلەفیگەری تایبەت نییە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو ئەم ڕەوتە پێش شکڵگرتن و سەرهەڵدانی لە کوردستان، لە شوێنەکانی دیکە لە دونیای ئیسلامدا سەری هەڵدابوو. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمجار لە ڕێگەی کوردەکانی باشوورەوە لەگەڵ ئەم بیرکردنەوەیە ناسیاوەتییان پەیدا کرد. لە ساڵەکانی دەیەی شەستی هەتاوی. لەمیانەی پێکدادانی گرووپە دژبەرەکانی بەعس لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی ئێراق، ئەم گرووپانە و لەوانەش گرووپی بزووتنەوەی ئیسلامی کە دەکرێ بگوترێت باڵی سەلەفیی جیهادییە، ڕووییان کردە “ئێران” و لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەیان بە چالاکیی خۆیان دا. پاش هێرشی ئامریکا بۆ سەر ئێراق لە سەرەتای دەیەی نەوەدی زاینی و ئۆتۆنۆمیی باشووری کوردستان، هەموو گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێراق گەڕانەوە باشووری کوردستان. ئەوان لە درێژەی ئامادەبوونیان لە “ئێران” لە ڕووی فیکرییەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر کوردەکانی ڕۆژهەڵات درووست نەکرد. پاش گەڕانەوەیان بۆ باشوور و کرانەوەی فەزا و دۆخەکە بۆ بانگەشەی فیکر و هزر، نەوارە دەنگی و سی دییەکانی وتووێژیان لەگەڵ گرووپە لائیک و سیکوولارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کرایەوە و خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ ئەندێشەکانی سەلەفییەتدا ناسیاوەتییان پەیدا کرد. بەڵام تا کاتی شەڕی ئێراق لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ساڵی 2003ی زاینی، ڕەوتی سەلەفییەت لە ئێراندا سەری هەڵنەدابوو. لەم کاتانەدا موجاهیدینی “ئەنسار و لئیسلام” لە خاکی ئێراق لەگەڵ ئەمریکاییەکان و حیزبە سیکوولارە کوردەکان کە دەسەڵاتی باشووری کوردستانیان لەدەستدا بوو، کەوتنە شەڕی چەکدارییەوە و بریندارەکانیان ڕایان کرد بەرەو ئێران. خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بە بینینیان وەکوو کوردانی موسوڵمانێک کە ئەمریکا لێیانی داوە و بریندار بوون هاتن بە هانایانەوە و ماوەیەکی زۆر میوانداریی ئەم گرووپەیان کرد. هاتنی ئەم کەسانە سەرەتایەک بوو بۆ هاتنی ڕەوتی سەلەفییەت لە سەرەتای دەیەی هەشتای هەتاوی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
=KTML_Bold=“جۆری پەرتوبڵاویی جوگرافیی سەلەفییەت لە کوردستان”=KTML_End=
ئەم ڕەوتە لە سێ پارێزگای ئەهلی سوننەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی واتە ئازەربایجان، کوردستان و کرماشان زۆر پەرشوبڵاون. بەهۆی ئەوەی کە باوەڕیان بە هیجرەت و کۆچ هەیە، زۆربەی کات بە بچووکترین هەستکردن بە حاڵەتی نائەمنی دەگوازنەوە بۆ شارێکی دیکە و هیجرەت دەکەن. هەر بەم هۆیەوە ناکرێت ناوچەگەلێکی دیاریکراو بە شێوەیەکی جێگیر و چەسپاو بە شوێنی گردبوونەوەیان بزانین. سەلەفییەکان یەکەم جار لە دوو شاری سنووریی (مەریوان و سەرپێڵی زەهاو) چالاکیی خۆیان دەست پێ کرد، “مەریوان” لە شارەکانی پارێزگای کوردستان و سەرپێڵی زەهاو لە شارەکانی پارێزگای کرماشانە. بەڵام ئێستا لە شارەکانی (کرماشان، سنە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، بانە و…) ئامادەبوونیان دیار و بەرچاوە. بەپێی ئەم توێژینەوەیە ئەم ئەنجامە دەس کەوت کە ناکرێت هەموو ئەو کەسانەی لەژێر ناوی سەلەفییەتدا پێناسە دەکرێت بخرێنە یەک گرووپەوە، چوون سەرەڕای بنەمای بیردکردنەوەی هاوبەش، جیاوازیگەلێکی تیۆریک لێکیان جودا دەکاتەوە. هەر بۆیە، بەپێی ئەم جیاوازییانە دەکرێت چوار دەستەی سەرەکی لەنێوا ئەم گرووپە لێک جودا بکەینەوە. زۆرترین جیاوازییەکان دەگەڕێنەوە بۆ چوار بابەتی پێوەرییەوە؛ جیهاد، تاغووت، تەکفیر و ژن. جیهاد دیارترین تایبەتمەندییەکە کە لە هەموو پۆلێنکردنەکاندا ئاماژەی پێ دەکرێت. زۆرێک لە تۆژەران سەلەفییەکان بەسەر دوو دەستەی جیهادی و غەیری جیهادی دابەش دەکەن. جیهادییەکان باوەڕیان وایە ئەمڕۆکە کارامەترین ئامرازی ڕاگەیاندن، جیهاد (قیتال) ە و لە لە دۆخێکدا کە کافرەکان بە هەموو هێز و تەکنەلۆژیایانەوە، هێرشیان کردۆتە سەر وڵاتە ئیسلامییەکان و هێناویانە ژێر ڕکێفی خۆیان، ناکرێت لە ڕێگەیەکی دیکەوە جگە لە جیهاد ئیسلام بپارێزرێت. بەڵام غەیری جیهادییەکان باوەڕیان وایە بارودۆخ بۆ جیهاد هێشتا لە بار نییە و پێویستییەک نابینرێت، لە ئێستادا جیهاد بکرێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەم دوو دەستەیە دەبینرێن، بەڵام بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە و چاودێران ژمارەی جیهادییەکان زیاترە لە غەیری جیهادییەکان. سەلەفییە غەیری جیهادییەکان لەڕووی باوەڕ و عەقیدەوە زیاتر وەکوو سەلەفییەکانی سەعوودییەن.
جیهاد تەنیا تایبەتمەندیی و جیاکەرەی نێوان سەلەفییەکان نییە. تاغووت دووەمین تایبەتمەندیی جوداکەرەوەیە، چەمکی تاغووت یەکێک لە چەمکە باس کراوە گرینگەکان لە قورئانە و موسوڵمانان لەگەڵ ئەم چەمکەدا ئاشنان. بەڵام ئەم چەمکە لەم قۆناغە زەمەنییەدا بۆ هەندێک لە سەلەفییەکان زۆر زەق و بەرجەستە بۆتەوە. تاغووت بۆ ئەوانەی کە باوەڕیان بە جیهاد نییە چەمکێکی زەق و باس هەڵگر نییە و هیچ پێداگرییەکی ئەوتۆی لەسەر ناکەن. لە حاڵێکدا بۆ سەلەفییە جیهادییەکان بابەتێکی گرینگە و هەڵوێستەکانیان لەهەمبەر هەموو حکوومەتەکانی ناوچەکە دیاری دەکات.
=KTML_Bold=سەرچاوە؛ =KTML_End=
منصورە اعضم آزادە، هاوژین بقالی، تحلیل جامعەشناختی سلفیگری بە مثابەی یکی از منابع هویت ساز در کردستان ایران، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی [1]