ناونیشان: بەغدا وەک خۆی دەمێنێ؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #16-09-2019#
وەڵامی ئەو پرسیارە تاوەکوو ئێستا نەخێرە. دۆسێی زۆر لەنێوان هەولێر و بەغداا کەڵەکەبوون و چارەسەرکردنی هەمووشیان کاتی دەوێ. جاران چاوەڕوانیی هەولێر لە بەغدا ئەوەبوو کە مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام ئێستا داوا دەکات کۆمەڵێک قەرزی کەڵەکەبووش، کە مافی هەرێمی کوردستانن و ساڵانی ڕابردوو بەغدا نەیداونەتەوە، بیانداتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئێراق پیاوێکی باشە و لە دەربڕینەکانییدا، بەرلەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران و ئێستاش، پیشانیداوە کە لە دۆزی گەلی کوردستان تێدەرگات، بەڵام ئەوەندە بەس نییە و بەکردەوە ڕۆژبەڕۆژ دەکەوێتە گۆشەیەکەوە کە ڕەنگە نەتوانێ پیاوە باشەکەی جاران بمێنێ لەگەڵ هەولێر.
بەتایبەتیش لە مەسەلەی بودجەدا ئەوەی ئەمساڵ بە باشی بۆ کوردستان شکایەوە، لەئێستاوە دیارە هەوڵی جددی هەن بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو وانەبێ و دیارە کە سەرۆکوەزیران گوشاری زۆری لەسەرە.
هەفتەی داهاتوو بەرهەم ساڵح دێتە هەولێر و پێشوازیی لێدەکرێت. ئەگەر بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی #نێچیرڤان بارزانی#، وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان بە سەردانی فەرمی هەژمار بکەین، ئەمە دووەمینجار دەبێت کە سەرۆککۆماری ئێراق بەفەرمی لە هەولێر لەلایەن بارزانییەکانەوە دەستی دەگوشرێت.
ئەگەر ئەو سەردانە بۆ هەوڵدان بێت بۆ نەهێشتنی نیگەرانی و ساردیی ڕۆژانی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، ئیشێکی باش و پێویستە. چونکە ڕاستییەکەی ئێستا کوردستان هیچ پێویستی بەوە نییە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لە ئیدارە خۆجێییەکانی وەک هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە، حوکمڕانییەکەی لەرزۆک بکاتەوە.
کێشەی گەورەی ئەمڕۆی ئێمە ئەوە نییە کە دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی چین و فڵان وەزیر و جێگرەکەی کەی دەستبەکار دەبن. ڕێگەی ڕاستیش ئەوەیە وەکچۆن پارتی پشتیووانی لە سەرۆکی نوێی پەڕڵەمانی کوردستان دەکات (کە یەکێتییە) ئاواش یەکێتی پشتیووانی لە سەرۆکی نوێی حکومەتی کوردستان بکات و هەوڵبدات سەریبخات.
کێشەی ئێمە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا لە بەغدا دەبێت. چونکە ئەوە پەیوەندی بە قووتی ژیانی خەڵک و چارەنووس و هەیبەت و شەرعیەتی کیانە کوردستانییەکەمانەوە هەیە. کێشەکە ئەوەیە کە چۆن پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش بەیەکدەنگی نەهێڵن ڕەشەبای پێش و کاتی دانانی بودجەی 2020ی ئێراق و بانگەشە و موزایەدەی دژەکوردانەی لایەنە ئێراقییەکان لەکاتی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکاندا بمانخات.
لەگەڵ ئەوەی کە هەموو بژارەکانی دیکە کاتین، بەڵام گرێکوێرەی ڕادەستکردنی نەوتی کوردستان بە ڕادەستبوونی بێ قەید و شەرت بە بەغدا ناکرێتەوە. ئەو ژێرخانی وزەیەی ساڵەها کاری لەسەر کرا و کوردستانی زۆرتر خستە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناکرێت بەبێ ڕێککەوتن و دەستخستن و گەرەنتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان هەرزانفرۆش بکرێت و ڕادەستی بەغدایەک بکرێت کە نازانیت سبەی کێ حوکمی دەکات و چۆن جارێکی دیکە بە نەوتەکەی خۆمان دەمانسووتێنێتەوە.
بۆیەش وەکچۆن مام جەلال لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە مەراسیمێکدا بەشێوەی سیمبۆلیک کلیلی بۆڕیی نەوتی کوردستانی دەسووڕاند و پەیامیان دەدایە جیهان کە نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەبێت، دەبێ ئێستاش سەرکردەکانی یەکێتی بە و ڕۆحیەتەی مام جەلالەوە هاوشانی پارتی دەستیان بە و کلیلەوە بێت و نەهێڵن بەغدا بکەوێتە دۆخێک کە بتوانێ بۆڕییەکە بگرێتەوە.
پارتی و یەکێتی زۆرتر لە هەر کاتێک لە بەغدا پێویستیان بە یەکدییە و دەبێ یەک تیم بن. دەبێ هەر هیچ نەبێ ئەم جارە باز بەسەر ناکۆکییە لاوەکی و کەمبایەخترەکانیاندا بدەن و پشوودرێژ بن و هەڕەشە گەورەترەکە ببینن، کە لە ماوەی داهاتوودا لەسەر کوردستان درووستدەبێ. ئەگەریش ئەوە نەکرێت، دەتوانن بەرهەم ساڵح و فوئاد حسێن و نوێنەرانی دیکەی کوردستان لە بەغدا ڕابسپێرن و دەسەڵاتیان بدەنێ کە هەرچییەک لە کوردستان ڕووبدات و ئەو دوو حیزبە لەسەر هەر پرسێکی نێوخۆییش ناکۆک بن، ئەوان لەوێ بە و بایە نەلەرێنەوە و فۆکەسیان نەگۆڕن.
[1]