$دیکتاتۆری عادل و تەڕەپیازی وشک!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
کە بەدەستەکانی خۆمان هێزی ڕەها دەدەینە کەسێک، هەموو شتێک دەخەینە خزمەتییەوە، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت هێزی عەدالەتخوازی لێدەسێنینەوە. ڕۆسۆ دەیگوت دەسەڵاتی ڕەها فەسادی ڕەها بەدوای خۆی دەهێنێت. مەحاڵە کەسێک بەدەسەڵاتێکی ڕەهاوە فاسد و زاڵم نەبێت. دەسەڵاتی ڕەها لە مێژوودا هەمیشە فەسادی ڕەهای بەدوای خۆیدا هێناوە.
دەسەڵاتی ڕەها یەکەمین فیشکەێکە کە هەستی عەدالەتخوازی لای کەسایەتی دیکتاتۆر، سەرۆکی هەمیشەیی خێڵ، خەلیفەی موسوڵمانان، کوێخا و ڕیشسپیی عەشیرەت یان مەرجەعی نەتەوەیی دەکوژێت.
داهێنانەنەکەی مۆنتسکۆ بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی هێزەکان و سیستماتیزەکردنیان لە چوارچێوەی دەزگاکانی وەک پارلەمان و دادوەریی و جێبەجێکردن گەورەترین چیرۆکی سەرکەوتنی مرۆڤایەتین لەسەر ئەم ئەستێرەیە. دەرهێنانی هێز و ماڵ و سامان لەدەستی کەسێکدا وایکرد بۆ گۆڕینی قەیسەرێک، پادشایەک، سەرۆکێک بە سەرۆکێکی دیکە پێویستییمان بە ڕژاندنی ڕووبارێک لە خوێن و پەڕاندنی کاسەی سەری هیچ کەسێک نەبێت. ئایا چ داهێنانێکی مرۆیی بە شۆڕشە کۆپەرنیکییەکانیشەوە هێندەی ئەمە گرنگن؟
مێژووی حوکم لە ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا مێژووی دەسەڵاتی ڕەهایە، مێژووی دواکەوتنە لە زەمەنەکەی خۆی، مێژووی ئەزبەنیی و قائیدە زەروورەکانە، مێژووی فەسادخانە و جەردەخانەی بیمارانی دەسەڵاتی ڕەهایە کە خۆمان پێمان بەخشیون. هەرلەبەر ئەم هۆیەیە گەندەڵیی ڕەها و بێشوومار سەرڕێخراوە، دەسەڵاتی ڕەهای تاکەکەس هۆکارە و گەندەڵی و ناهۆشیاری و هەژاری ئەنجامەکەیەتی. بۆیە هەرگیز باوەڕ بە چاکسازی لە سیستەمێکدا مەکە مەرجەع و سەرۆک و قائیدی زەروورە و خەلیفە و کەسی یەکمی بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە هەبێت.
بۆ چارەسەرکردنی لویەکی شێرپەنجەیی مەرهەم سوین لە لوەکە کە بەرەنجامی کۆمەڵێک هاوکێشەی کیمیایی و جینی و بایەلۆژییە کاریگەریی نابێت لەسەر نەهێشتن و چارەسەرکردن، دەبێت هۆکارە ناوەکییەکان بە نەشتەرگەری و بڕین و کیمیایی و تیشک چارەسەر بکرێن ئەگەر چی دونیایەک لایەنی نەرێنیی و ماکی خراپیشی لەسەر کۆی جەستەکە هەبێت. جڵەوکردنی دەسەڵاتیش هەڕبەوجۆرەیە. ئەو نادانە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییانەی ئەمڕۆ باس لە هاتنەوەی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژی وەک سەددام دەکەن بە مەرجی عادل بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات دەبێت بزانن زۆر هەڵەن، کەسی دیکتاتۆر هەرچەندە بیهەوێت ناتوانێت عەدالەتخواز بێت، چونکە هێزەکەی نێو دەستەکانی لە تواناکە نێو مێشکی زیاترن، گەر خاوەن حیکمەتیش بێت ناتوانێت لینکێک لەنێوان هێزە زۆرەکەی دەستی و حیکمەتەکەی نێو مێشکی درووستکات، ژەهراوی بووە، دەبێت سەرەتا لەسەرچاوەی ژەهرەکە کە دەسەڵاتی ڕەهایە دوری بخەیتەوە ئەوسا چارەسەری بۆ بکەیت. کەسی دەسەڵاتخواز کەسێکی بیمار وسایکۆپاتە، نازانێت بۆچی دەسەڵاتێکی زۆری دەوێت! بۆیە واباشە کەس ئیلهام لە تیۆریایەکی پوچی وەک دیکتاتۆری عادل وەرنەگرێت و خەونی پێوە نەبینێت. لەم ڕۆژانەدا لەچاوپێکەوتنێکی (BBC) دا حمد بن جاسم سەرۆکوەزیرانی پێشووی قەتەر شتێکی لەم جۆرەی بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئێراق و کێشەکانی پێشنیاز کردبوو: دیکتاتۆرێکی عادل!
سەرلەبەری دیموکراسی حیکایەتی گرنگی دەسەڵاتی دادوەرییە کە گەورەترین پارێزەرێتی، بەدەر لە ڕق و کینە و دەدەغەی ئیسلامیزم و عروبە لە مەنزوومەی زایۆنیستی، تەماشای گەلێکی هۆشیاری وەک گەلی ئیسرائیل بکە چۆن ڕازی نین بچووکترین لێخۆشبوون و مساوەمە لە دەسەڵاتی دادوەرییاندا ئەنجامبدرێت و لاواز بکرێت، چونکە ئەنجامەکەی دەبینن. خۆپیشاندەرێک بڕۆشۆرێکی بەرزکردۆتەوە و لەسەری نووسیبوو: نامانەوێت وەک تورکیامان لێبێت! تورکیا بۆ وای لێهات؟ چونکە دەسەڵاتی ڕەها درایە سوڵتانێک، دەسەڵاتی دادوەری تێیدا بە ویستی ئەو سوڵتانە پایەماڵ کرا. تەماشا وردی و دەقیقی هۆشیاری تاک بکە بۆ وڵات و نیشتمانەکەی، ناهێڵێت وڵاتەکەی ببێتە قوربانی ویست و ئیرادەی کەسانێک ئەگەر چی دیندارتر و ڕاستڕەوتریشن!
مەسەلەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، پارلەمان و هەڵبژاردن، ئازادیی ڕادەبڕین و ڕۆژنامەی ئازاد و میدیا هەموو میوەی دیموکراسین، ئەنجامی کارێکن نەوەک هۆکار بن بۆ کارێک، ئەوەی ترومپا و دڵی دیموکراسییە دەزگایەکی دادوەریی بەهێزی ئازاد و ئازای بێلایەنی مکوڕە لەسەر عەدالەت نەوەک شتێکی دیکە. کە ئەوەت نەبوو پارلەمان و هەڵبژاردن و میدیای دەوڵەمەند ناتگەیەنن بە مەخسەدێک. ئێمە دەبێت عەواڵی دڵ و مۆراڵ و ڕیشەی هۆکار بین بۆ چاککردنی ژیانمان نەوەک میوە و ئەنجامەکانی وەک هەڵبژاردن و پارلەمان و میدیا. کە دارێک ڕەگەکەی نەخۆش بوو هەڵپاچین دادی نادات.
ئوسوڵیترین و توندترین زانای سەلەفی وەک ئیبن تەیمیە گوتویەتی: یاسای خودایە زاڵم مەحکومە بە نەمان ئەگەرچی ئیماندار و دینداریش بێ، عادل دەمێنێتەوە و سەردەکەوێت ئەگەرچی کافر و بێدینیش بێ.
(اللَّهُ يَنْصُرُ الدَّوْلَةَ الْعَادِلَةَ وَإِنْ کَانَتْ کَافِرَةً وَلَا يَنْصُرُ الدَّوْلَةَ الظَّالِمَةَ وَإِنْ کَانَتْ مُؤْمِنَةً) [1]