$مقەستەکەی ئاردۆگان گوێی کێ دەبڕێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئاردۆگان ئەمڕۆ لە میانەی کردنەوەی باخچەیەکدا داوای مقەستی کرد بۆ بڕینی قردێلەکە، مقەست دەنگی نەبوو پێیان وت ئێستا بۆت دەهێنین. لە گیرفانیدا مقەستێکی دەرهێنا و وتی: من بەردەوام مقەستێک لەگەڵ خۆم هەڵدەگرم، مقەست کاری زۆر پێدەکرێت و مەهارەتی فرەی هەس.
بۆچوونی خۆم/
ئاردۆگان بە بێ ڕاوێژی ڕاوێژکارە زۆر شارەزاکانی هەرگیز لەخۆیەوە هیچ ناڵێت، تەنانەت وتاری میتینگەکانیش لە پرۆمپتەرەوە شاشەوە بۆی دەنووسرێت و ئەم دەیخوێنێتەوە. پێشتر دەمیرتاش گوتبوی: خۆی توانای پێکەوەنانی دو ڕستەی ماناداری نییە گەر پرۆمپتەر نەبێت ناتوانێ چوار وشەی مانادار ڕیز بکات، لەسەر ئەو وتانەو سوکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار تائێستاش لە زیندانە. ئەمڕۆ نەبوونی مقەست و دەرهێنانی مقەست لەگیرفانیدا پەیام و سیناریۆیەکی زیرەکانە و زۆر ترسناکی ڕاوێژکارە وریاکانی ئاردۆگانە بۆ نەیارەکانی دەروەو و ناوخۆ. ئاردۆگان بە دەرهێنانی ئەو مقەستە و ئیعترافکردن بەوەی بەردەوام لەگەڵ خۆی هەڵیدەگرێت هیچ ناڵێت جگە لەوەی ئەو ڤامپایەرە تێرنەخۆرەی شەڕ دەیەوێت بڵێت گەر مل نەدەن و بەیعەت نەدەن بەم مقەستە گوێتان دەبڕم و کلک و باڵتان دەکەم.
بەهۆی هاڕەی لیرە و کەوتنی بۆرسەی ئێستانبوڵ پاش چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنی کە تێیدا ئاردۆگان وتبووی ڕێژەی سوودی بانکی ناوەندی دادەبەزێنین، داودئۆغڵو و عەلی باباجانی هاوڕێی هەفتەی پێشوو ئاردۆگانیان بە تێنەگەیشتو لە فۆرمیولە ئیکۆنۆمییەکان وەسف کرد لە تویتەر و داوایان لە لێکرد دەمو دەست دەست لەکار بکێشێتەوە، عەبدوڵڵا گول دەیەوێت جوڵەی سیاسیی دەستپێبکات، مقەستەکەی ئەمڕۆی ئاردۆگان پێش هەموو کەس گوێی ئەوانی کردە ئامانج و بێدەنگی کردن.
ئەمڕۆ سەدات پەکەر ڤیدیۆیەکی نوێی بڵاوکردۆتەوەوە تێیدا قسە لەگەڵ خوشکەزایەکی ئاردۆگان دەکات و باس لەو چەکانە دەکات کە بەرات ئاڵبایراک بۆ سووریای ناردوون و هاوکات باس لەو قەتڵانەش دەکات کە بەرات ئاڵبایراکی زوای ئاردۆگان ئەنجامی داون و خوشکەزاکەی ئاردۆگانیش کە بە سەدات پەکەر دەڵێت ڕەئیسکۆنفێرمی هەموو قسەکانی دەکات دژ بە ئاڵبایراکی زاوا و پێکەوە باس لە خراپی گرووپی پەلیکانەکان دەکەن کە ئاڵبایراک سەرکردایەتییان دەکات.. مقەستەکە بەشێکیشی ئاڕاستەی پەکەر بوو چونکە بڕیار بوو پەکەر ئەمڕۆ باس لە پەیوەندییەکانی خۆی ئاردۆگان بکات بەڵام بە هۆکاری نادیار دوای خست بۆ چەند هەفتەی داهاتوو، ئاردۆگان لەڕێگای ئەو مقەستەوە پەیامێکی بۆ ئەویش نارد کە کلک و گوێی دەکات گەر باسێکی وا بوروژێنێت.
هەر ئەمڕۆ ئاردۆگان بۆردومانی مەتین و کەمپی مەخموری کرد و لە ڕێگەی ئەو مقەستەوە دیسانەوە دەسەڵاتدارانی هەولێری ئاگادار کردەوە لەوەی دەبێت شەڕێکی گەورەی ناوخۆ لە مەخمور و قەندیل و شەنگال بە سپۆنسەری سەربازی تورک درووست ببێت چونکە هەڵبژاردنی لەپێشە و بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنیش سەرکەوتوو بێت دەبێت دەرگای شەڕ بخاتە سەرپشت و بە تورکەکان بڵێت من نەبم بارزانی و پەکەکە دەتانخۆن.
بوونی شەڕ بەردەوام لەبەرژەوەندی ئاردۆگان بووە لە هەڵبژاردنەکاندا و ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت زەنگی هەڵبژاردنی پێشوەخت لێبدات، بۆیە پێش زەنگەکەی ئەوان ئاردۆگان جاڕی شەڕی لە هەرێمی کوردستان داوە و تا ئێساش سەرکەوتوو بووە. شتێک لە ئارادا نییە بەناوی دوڕدۆنگی پەکەکە و پارتی و شەڕی ناوخۆ، ئەوەی هەیە ئەژێندای ئاردۆگان و کوڕەکانێتی. [1]