ناونیشانی بابەت: باشترین کات بۆ کێشانی لەش
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
پسپۆڕەکانی زانستی خۆراک کۆکن لەسەر ئەوەی باشترین کات بۆ کێشانی لەش: ڕاستەوخۆ دوای هەستان لە خەو و پێش خواردنی نانی بەیانی؛ پێویستە جل و بەرگی تەنکی لەبەردا بێت ، گرنگە هەمان میزان بەکار بێنێت ،
پێویستە ئەو کەسە هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتژمێردا خۆی بکێشێت چونکە لە بەیانی دا بە شێوەیەکی گشتی کێشی مرۆڤ کەمترە لە چاو شەودا.
بە گوێرەی تازەترین توێژینەوەی زانستی لە کۆمەڵێک زانکۆکانی ئەمریکا کێشانی لەش ڕۆژانە یارمەتی دابەزینی کێش دەدات لەو کەسانەی کە کێشیان زۆرە یان قەڵەون.
پێشتریش لێکۆڵینەوەیەکی تر لە زانکۆی کۆڕنێڵ دەری خست بوو کە کێشانی لەش ڕۆژانە پاش ڕیجێم و دابەزاندنی کێش بە سوودە لە ڕێگری کردن لە دووبارە قەڵەو بوونەوە کە گیروگرفتێکی زۆر باوە و گەلێک کەس پاش ڕێجێم کردن دووبارە قەڵە و دەبنەوە.
هەروەها خانمان لە کاتی سووڕی مانگانە و چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی سووڕی مانگانە و دوای تەواو بوونی کێشیان زیاد دەکات بە ڕێژەی (2 - 4 کیلۆ) .
لە ڕابردوو کۆمەڵێک پزیشک بۆچۆنیان وا بوو کە کێشانی لەش ڕۆژانە کارێکی هەڵەیە و ڕێگری دەکات لە دابەزاندی کێش بە پاساوی ئەوەی گوایە دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی ئەو کەسە لە ڕێجیم و وەرزش.
هەروەها زۆر گرنگە ئەو کەسە لەگەڵ کێشانی لەش دا؛ ناوقەدی خۆی بپێوێت بۆ دیاری کردنی قەڵەوی ورگ و توانەوەی ڕێژەی چەوری زیادەی ناو سک. [1]