شاری شوێنەواریی دارا، دەکەوێتە نزیکی گوندی دارا، بە دووری 30 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی #ماردین# و 20 کیلۆمەتر لە شاری نسیبین دوورە. هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم شارە، بێجگە لەوەی پێگەیەکی سەربازیی #ڕۆم#ییەکان بووە، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لەو سەردەمە دادەنرێت، هەروا شوێنی بەیەکگەیشتنی کاروانە بازرگانییەکانی ئاسیا و ئەوروپا بووە.
شاری دارا لە ڕووی جوگرافییەوە، ڕێک دەبێتە خاڵی کۆتایی دەشتی #میزۆپۆتامیا#، یان وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و دەستپێکی چیاکانی توور ئابدین. ئەم شارە لەسەر شاخێک دروستکراوە، لە دوو لایەوە ڕووبارێکی پێدا تێدەپەڕێت، کە تا 20 ساڵ لەمەوپێش ئاوی پێدا ڕۆیشتووە.. لە کۆنەوە بەم شارە گوتراوە کوردیس.
مێژووی دروستکردنی ئەم شارە، بۆ ساڵەکانی 505ی زایینی دەگەڕێتەوە، لەسەر بیرۆکە و داوای پاشای ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای ڕۆژهەڵاتی (ئاناستاسیوسی یەکەم 491 - 518 زایینی) بە مەبەستی بەرگری لە بەرانبەر #ئیمپراتۆریەتی ساسانی# دامەزرا.
چواردەوری شاری شوێنەواریی دارا، بە دیوارێک پەرژین کراوە کە بەرزییەکەی چوار مەتر دەبێت، لە ناو شارەکەش چەندین کڵێسا و دێر و کۆشک و بازاڕێکی بچووک، زیندان، کۆگای چەک، گۆڕستان و بەنداو هەنە، کە بەشێکیان تا ئێساش وەک خۆی ماونەتەوە.
لە دەوروبەری شارە شوێنەوارییەکە و لە ناو دڵی چیاکان، کۆمەڵێک خانووی ئەشکەوتی (دروستکراو لەناو شاخ) هەنە، بە پێی سەرچاوەکان، مێژوویان زۆر کۆنترە لەوەی وەک دەڵێن لە سەردەمی #بێزەنتییەکان# دروست کرابن.
چەندان مێژوونووس و لێکۆڵەر، وەک ملالاس، ئاگاپیوس، ئەبولفارک لە سەر ئەو بڕوایەدان ناوی ئەم شارە شوێنەوارییە بۆ کەسایەتی مێژوویی ئێرانی، #داریوشی سێیەم# (دوایین پاشای #ئەخمینییەکان#) دەگەڕێتەوە، چونکە ئەم شارە لە سەروبەندی شەڕ لەگەڵ #ئەسکەندەری مەکەدونی# (323 – 336 پێش زایین) شوێنی کوژرانی داریوش بووە.. ئەم شارە مێژووییە لە چەندین بەشی جیاواز و گرنگ پێکهاتووە، وەک:
گۆڕستانی گەورەی شار
لە ڕۆژهەڵاتی شاری شوێنەواریی دارا، چەند گردێکی سرووشتی هەیە، بەرد و پێکهاتەکەی وەک کەرستە بۆ دروستکردنی خانوو و بینا بەکار هاتوون. پاشماوەی بەردە بەکارهاتووەکانی ئەم چەند گردە، بە شێوازی ئەندازەیی ڕێک و ساف و گونجاو بوونە بۆ بەکارهێنانیان، وەک کێل، یان بەردی ناو گۆڕ. لە گۆرستانی ئەم شارە، چەندین جۆر گۆڕی تایبەت هەنە کە هەندێکیان بۆ سەردەمی فرە خواوەندی و پێش سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحی دەگەڕێنەوە. ئەم گۆڕانە، بە شێوازێکی تایبەت نەخشیان بۆ کراوە و ڕازێنراون.. دوای ئەوەی خەڵکی ئەم شارە دێنە سەر ئایینی مەسیح، شێوەی گۆرەکانیشیان گۆڕاوە و مۆرکی مەسیحییەتیان پێوە دیارە.
گۆڕستانێکی سێ نهۆمی
لە بەشە هەرە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی شاری شوێنەواریی دارا، گۆڕستانێکی سێ نهۆمییە، کە بە شێوازێکی تایبەت و بێ وێنە دروست کراوە. بەشی ناوەوەی ئەم گۆڕستانە لە سێ بەش پێکهاتووە:
یەکەم: ناوەڕاستی گۆڕستانەکە، لەم بەشە کۆمەڵێک گۆڕی چوارخانە و لاکێشەیی هەڵکەندراون.
دووەم: لە دیوارەکانی ئەم گۆڕستانە، لە باکوورەوە بەرەو باشوور، بە شێوەی لاکێشەیی و نیوەبازنەیی گۆڕ هەڵکەندراون.
سێیەم: لە بەشی سەرەوەی نهۆمی دووەم، لە ناو قەدی دیوارەکان، بە شێوازێک هەڵکەندراوە، تا مردووەکانیان لەناو بنێژن. لە نهۆمی دووەمی گۆڕستانەکەش، چەند پلیکانەیەک دروستکراون بە مەبەستی گەیشتن بە نهۆمەکانی تری گۆڕستانەکە.
ئەمە و جگە لە هەبوونی چەندین گۆڕی چەند نهۆمیی، هەروا نەخش و وێنە هەڵکەندراوەکانی سەر دیواری گۆڕستانەکە، جێی سەرنج و ئاماژەپێدانە. لەم نەخشانە وێنەی گژ و گیا کێشراون، بە تایبەتی ئەو ڕووەکانەی بە پیرۆز سەیرکراون، هەروەها لەسەر دیوارەکە وێنەی خواوەندێکی کەونار لە ئانی زیندووکردنەوەی مردووەکان نەخشێنراوە. ئەم وێنەیەش، نیشانەی بەهێزیی بیروباوەڕیان بووە بە قیامەت و زیندووبوونەوە.
شوورا و دیوارەکان
لە چواردەوری شاری دارا، بە درێژایی 4 کیلۆمەتر و بە بەرزی 4 مەتر دیوار دروستکراوە، ئەمەش دیارە بە مەبەستی خۆپارستن بووە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ و هێرشی هێزە نەیارەکان. لەم شارەدا، نزیکەی 28 سەنگەر و خەندەق دروستکراون، کە بە پێی تێپەڕینی کات و گۆڕانی سەردەمە مێژووییەکان دروستیان کردوون.
دەروازەکان
بۆ چوونە ژوورەوەی ئەم شارە گەورەیە، چوار دەرگا، یان دەروازەی سەرەکی بە شێوازی تاق، یان نیوەبازنەیی دروست کراون و دەکەونە هەر چوار بەشی شارەکە، هێ لەم دەرگایانە، لە هەردوو بەشی باکوور و باشوور، دوو دەرگای شێوە نیوەبازنەیی هەن، ئەمەش بە مەبەستی ڕاکێشانی ئاو بووە بۆ ناو شارەکە.
شەقامی گشتیی ئاگورا
ئاگورا، گەورەترین و سەرەکیترین شەقامی ئەم شارەیە، لە دەرگای بەشی باشوورەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە باکووری شارەکە. ئەم شەقامە بە بلۆکی بەردینی گەورە دروستکراوە.
بە درێژایی ئەم شەقامە، بەتایبەتی لە بەشی ڕۆژئاواکەی، چەندین شوێنی بچووک دەبینرێن کە دیارە وەک دوکان و بازاڕ دروستکراون.
پردەکان
شاری شوێنەواریی دارا، چوار پردی گەورەی هەیە، سێیانیان لە ناو شارەکەن و دانەیەکیان لە پشت دەروازەی بەشی باشوور دروستکراوە. ئەم پردانەش شێوەیان نیوەبازنەییە و بە بەردی تایبەت و گەورە درستکراون.
ماکسیم
وێنێکی تایبەتە بە ڕاکێشانی ئاو لە چیاکان و کۆکردنەوەیان لەم شوێنە، کە دواتر دابەش دەبێتە سەر کارێزەکان. ماکسیم دروستکراوەیەکە لە 10 ژووری گەورە، هەر ژوورێک درێژییەکە 50 مەتر و پانییەکەی 4 مەتر و بەرزییەکەشی 18 مەتر دەبێت، هەر ژوورێک بە نزیکەیی بڕی 14500 مەتر چوار گۆشە ئاو لە خۆی دەگرێت.
کارێزی ئاو
بۆ دابینکردنی ئاو بۆ هەموو بەشەکانی شار، کۆگاکانی ئاو لە شاری دارا لە چیاکانی دەوروبەری لە ڕێگای ڕێڕەوی تایبەتی، بەرەو هەموو بەشەکانی شار دەچوو. بوونی ئەم کارێزانە و سەرچاوەی ئاوەکە، خاڵی بەهێزی ئەم شارە و دانیشتووانی بووە، بە تایبەتی لە کاتی ئابڵووقەدانی شارەکە لەلایەن سوپای ساسانییەکان، کە توانیان تا ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرن.
لەم شارە دوو کۆگای ئاو هەبوونە، یەکێکیان تایبەت بووە بە دابینکردنی ئاوی ناو شارەکە و ئەوەی تریان بۆ مەبەستی گەیاندنی ئاو بووە بۆ کاروانی بازرگانییەکانی دەرەوەی شار.
کڵێسا
لەم شارەدا، دوو کڵێسا هەبووە، بە ناوەکانی کڵێسای گەورە و کڵێسای بارتولمیوس. کڵێسای گەورەی شار باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی بووە و نزیکەی 100 مەتر لە شەقامی گشتیی ئاگورا دوورە.
حەوزی ئاوەمۆر (حەوزی تەعمیدکردن)
لە ناو کڵێسای گەورە، حەوزێکی تایبەت بە ئاوەمۆر هەبووە. ئەم حەوزە بۆ چوونە ناو و هاتنە دەرەوە لە دوو لاوە پلیکانەی هەیە، کە پێدەچێت زیاتر تایبەت بووبێت بە کەسی گەورە، نەک منداڵ.
بەنداو
لە بەشی باکووری شاری دارا، بەنداوێک بە درێژایی 250 مەتر هەیە، جگە لەمە، پاشماوەی بەنداوێکی بچووکتریش دیارە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان، بەنداوە گەورەکە لە سەردەمی ساسانییەکان و لە کاتی ئابڵووقەدانی شارەکە، دروست کراوە.
باڵەخانەی سیرامیکی
باڵەخانەی سیرامیکی، 50 مەتر لە گۆڕستانی گەورە دوورە، بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆم ئەناستاسیوس دەگەڕێتەوە. ئەم بینایە لە چەند ژوورێک پێکهاتووە، بەشی خوارەوەی ژوورەکان بە سیرامیکی تایبەت داپۆشراوە، دیوارەکانیشی بە وێنەی شوان و ڕووەک و ئاژەڵ نەخشێنراوە. لە بەشی باشووری ئەم باڵەخانەیە، بەردەنووسێک هەیە 11 دێڕی لەسەر نووسراوە، ئەم نووسینانە باس لە بنیادنانی ئەم شارە دەکەن لە ساڵی 507ی زایینی.
گۆڕستانی سەردەمی ئیسلامی
لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری دارا، لەسەر گردێک، گۆڕستانێکی گەورە هەیە، ئەم گۆڕستانە تایبەتە بە سەردەمی ئیسلامی.. بە گوێرەی بەڵگە مێژووییەکان، مێژووی ئەم گۆڕستانە بۆ سەدەی دوازدەی زایینی دەگەڕێتەوە.
لە ئێستادا کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم شارە شوێنەوارییە بەردەوامە و هەوڵ بۆ تۆمار کردنی ئەم شوێنەوارە لە لیستی کەلەپووری جیهانی (#یونسکۆ#) دەدرێت.
ئامادەکردنی بابەت: #سارا سەردار#
[1]