دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)
بۆ ڕای گشتی
رۆژی 4ی 11ی 2020 لە کاتی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# (پەدەکە) لە دژی هەرێمی گارێ، گەریلای ئازادیی کوردستان بەو پەڕی ووریاییەوە هەوڵیدا ڕێگری بکات لە شەڕ و پێکدان. بەڵام بەداخەوە بە هۆی سووربوونی پەدەکە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن خەساری گیانی هاتە ئاراوە، کە بەرپرسیارێتییەکەی بە تەواوی لە ئەستۆی ئەو ئیرادەیەیە، کە جووڵەی بەو هێزە چەکدارانە کردووە.
لە کاتێکدا کە ڕای گشتیی گەلی کوردستان لە هەر چوارپارچەی نیشتمان و بەتایبەت هێز و لایەنە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئەنجامدانی دیالۆگ دەکەن، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە جیاتی ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی بکات بە لێدوانێکی نابەرپرسیارانە هەوڵیدا ئاگری شەڕ و ناکۆکی گەشتر بکات و ورە بداتە ئەو لایەنە ناوخۆیی و هەرێمییانە، کە دەیانەوێت ئاگری شەڕی کورد - کورد خۆش بکەن.
ئەم لێداوانەی یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێدوانێکی بە تەواوی ئاژاوەگێڕانەیە، دوورە لە ڕاستی و لەسەر بنەمای بە پێچەوانە نیشاندانی ڕووداوەکان ئامادە کراوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیاتی ئەوەی لەشکرکێشی و داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و ئێراق ڕەخنە بکات، بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لێی دەکات و هانی دەدات.
دەوڵەتی ئەمریکا نەک تەنیا لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و تاوانەکانی شەڕی ئەردۆغان دەنگ هەڵنابڕێ، بەڵکۆ هەوڵدەدات بە پشتیوانیکردن لە سیاسەتی چەواشەکارانە و شەڕخوازانەی پەدەکە، کەشی نیگاتیڤی پەیوەندیی نێوان هێزە کوردییەکان قووڵتر بکاتەوە. ئێمە ئەم لێدوانەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنە دەکەین و بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی کورد و بە تایبەتی گەلی باشووری کوردستان، هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم لێدوانە ئاژاوەگێڕانەیەدا وریا بن و هەوڵەکانی خۆیان لە پێناو ئارامی و چارەسەری کێشەکان چڕ بکەنەوە.