مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندەکان بەدەنگدان پێشنیار دەکەن 21ی تشرینی دووەمی 2019 کە ڕۆژی شەهیدی یەکێتییە چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی ببەسترێت.
لەدرێژەی کۆبونەوەکانی مەکتەب ڕێکخستن لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکان سەبارەت بەچۆنێتی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەهۆڵی کۆبونەوەکانی مەکتەب ڕێکخستن ڕەفعت عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەب ڕێکخستن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەواوکاری کۆبونەوەکانی پێشوو لەهۆڵی کۆبونەوەکانی مەکتەب ڕێکخستن لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکان و ئەندامانی مەکتەب ڕێکخستن کۆبوەوە.
سەرەتای کۆبونەوەکە بە دەقیقەیەک وەستانی ماتەمینی بۆ ڕۆحی سەرۆک #مام جەلال# و تەواوی شەهیدانی کوردستان، دواتر تەوەرەی سەرەکی کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو پڕۆژە ئامادەکراوەی مەکتەب ڕێکخستن کە لێپرسراوانی مەڵبەندەکان سەرنج و تێبینییەکانی مەڵبەندەکانیان خستەڕوو کە تایبەتە بە چۆنێتی بەستنی کۆنگرەی داهاتوو.
دواتر لەدەنگدانێکی ئاشکرادا بەدەنگی تەواوی مەکتەب ڕێکخستن و لێپرسراوی مەڵبەندەکان پێشنیار کرا #21-11-2019# ڕۆژی بەستنی چوارهەمین کۆنگرەی یەکێتی بێت کە دەکاتە ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک وەفایەک بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدەکان.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن ئاماژەی بەوەدا کە کۆبونەوەکان بەردەوامدەبێت تابتوانین باشترین میکانیزم دیاری بکەین کە بەهۆیەوە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین و کۆی یەکێتیەکان خۆیانی تێدا ببینەوە.[1]