قەسەدە ڕایگەیاند، لە بەرەی شارۆچکەی ڕاجۆ 21 چەتە و 11 سەربازی تورک کوژراون، ئۆتۆمبیلێکی گوللەنەبڕیش لە بەرەی شارۆچکەی شییە تێکشکێنراوە و چوار سەرباز لەناویدا کوژراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئەنجامی شەڕی 24 کاتژمێری ڕابردووی لە #عەفرین# بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە بەرەی شارۆچکەی ڕاجۆ 21 چەتە و 11 سەربازی تورک کوژراون، هەروەها ئۆتۆمبیلێکی گوللەنەبڕ لە بەرەی شارۆچکەی شییە تێکشکێنراوە و چوار لەناویدا کوژراون.
ئەوەش هاتووە: دوای ئەوەی دوێنێ لە گوندی قودە-ی سەر بە شارۆچکەی ڕاجۆ هێلیکۆپتەرێکی تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە خرایە خوارەوە، لە ئێوارەی دوێنێوە گوندە قودە ڕووبەڕووی بۆردوومانی سەخت بووەتەوە، هەروەها گوندەکانی حج جمال، موساکا، کوری، شادیا و بلیلکا لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکەوە بوونەتە ئامانج.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: لە بەرەی شارۆچکەی جندرێس-ەوە پێکدادانی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و چەتەکانی سەر بە سوپای تورک ڕوویداوە، گوندەکانی دیربلوت و کەفەرسەرفرێ ڕووبەڕووی بۆردوومان بووەنەوە و چەند گوندێکی دیکەش تۆپباران کران.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەرەی شارۆچکەی شییە، شەڕڤانان ئۆتۆمبیلێکی گوللەنەبڕیان تێکشکاندووە و بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژراون، ئێوارەی دوێنێش لە دەوروبەری گوندی حاج بلال پێکدادان لەنێوان شەڕڤان و سوپای تورک و چەتەکانی ڕوویدا و تا نیوەشەوی ڕابردوو بەردەوام بووە، هەروەها گوندی قرمتلق-یش تۆپبارانکراوە.
قەسەدە ڕاشیگەیاندووە، گوندەکانی بافلون، عرب ویران، دیرسوانی ئێزیدی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکەوە بوونەتە ئامانج و پێکدادانی سەختیش ڕوویداوە، کە بەهۆیەوە لانیکەم نۆ سەرباز کوژراون و دەستبەسەر ژمارەیەک چەک و کەرەستەی پەیوەندیدا گیراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنەندراوەکەدا، ئەوەش هاتووە: سوپای تورک و چەتەکانی بەرەی ماباتا-یان بە چەکی قورس تۆپباران کردووە.[1]
#11-02-2018#