کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: دەوڵەتی ئیسلامی ئێراق و شام(داعش) لە هەنگاوێکی تری دژە مرۆڤیان و تێرۆریستی دا، سەر لە بەیانی دوێنە لە شاری قامشلوو پایتەختی ڕۆژئاوایی کوردستان،لە دژی خەڵکی سڤیل و دەسکەوتە دیموکراتیەکانی گەلی کوردستان، هێرشێکی خوێناوی و کۆمەڵکوژیەکی مەزنیان پێکهێنا. لە ئەنجامی ئەو کردەوە تێرۆریستیەدا بە دەیان کەس بوونە قوربانی و ژیانیان لە دەستدا و زیاتر لە سەد کەس بریندار بوون.
بە گوێرەی ئاگاداریەکانی دەستەی تەندروستیی کانتۆنی جزیرە تا ئێستا زیاتر لە 40 کەس ژیانیان لە دەست داوە و 134ی تریش بریندار بوون. هەر چەندە تا ئێستا خانووە ڕوخاوەکان پاکنەکراونەتەوە، بۆیە شیمانە ئەکرێ ژمارەی قوربانیان زیاد ببێ.
ئەمە یەکەم جار نیە لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتی لە شاری قامشلوو هێرشی لەم جۆرە پێکدێت و بەچەندین جاری تر گرووپە تێرۆریستیەکانی وەک داعش کردەوەی هاوشێوەیان ئەنجام داوە.
25 ی جۆزەردانی 2015 هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر شاری کۆبانی کە بە سەدان کەس بوونە قوربانی. هەروەها لە نەورۆزی 2015 لە شاری حەسەکە هێرشیان کردە سەر مەراسیمەکانی جەژنی نەورۆز و بە دەیان کەس قوربانی لێکەوتەوە. هەرە دوایی پێنجی ئەم مانگە بوو لە شەوی جەژنی ڕەمەزان دا لە شاری حەسەکە هێرشێکی لەم جۆرە خوێناویە کرا و زۆرێک لە خەڵکی بوونە قوربانی.
بە پێی بەڵگەکانی تا ئێستا لە سەر داعش بڵاو بوونەوە، حکومەتی تورکیا، عەربستان و قەتەر لە پاڵپشتە هەرە بەهێزەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستیە ناوزەد کراون، بۆیە لەمەر هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ڕۆژئاوایی کوردستان، گومان دەکرێ، حکومەتی تورکیا لایەن و داواکاری سەرەکی هێرشی داعش بۆ کوردستان بێت.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرایی شەرمەزار کردنی ئەو کردەوە تێرۆریستیە و شەرمەزارکردنی لایەنەکانی پشت ئەو کردەوە تێرۆریستیە، داخ و پەژارەی خۆیی بۆ قوربنیانی ئەو کارەساتە دەربەبڕێ و هیوایی چاک بوونە و سڵامەتی بڕینداران دەخوازێ.
ئێمە بانگ لە هەموو هێزە کوردستانیەکان، گەلی کوردستان و دۆستانی مرۆڤایەتی دەکەین، خاوەنداری بکەن کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوایی کوردستان و بەرخۆدانەکەیان پیرۆز بکەن و هاوکاریان بکەن.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان
29-07-2016