رەهێڵ سەمەد
دوای ئەوەی لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو هەرێم ڕووبەڕووی شەڕی داعش بوەوە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان ناوی بەشێک له و شەهیدانە تۆمار دەکات کە له و شەڕە شەهید کراون و بۆ ئه و مەبەستەش دوو لیژنەی پێکهێناوە.
فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بە خەندانی ڕاگەیاند: "لەبارەی پرسی تۆماری نوێ و پێداچوونەوە به و دۆسێیانەی کە کەسوکاری شەهیدان سکاڵایان لەسەری تۆمار کردبوو وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دوو لیژنەی پێکهێناوە، یەکێکیان بۆ تۆماری نوێ و ئەوەی تریش بۆ سکاڵا".
عوسمان وتیشی: "هەرچەندە کاری لیژنەکان بەهۆی ئاڵوگۆڕی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو کەمێک دواکەوت لەگەڵ ئەوەشدا ئه و لیژنانە بەجددی دەستبەکار بووە و بەردەوامییان بە کارەکانیان داوە".
وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان ئەوەشی خستەڕوو: "لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوو لیژنەکەیان 470 دۆسێی تۆماری نوێی تەواو کردووە، دوای تەواوکردنی فەرمانیان بۆ دەرچووە وەکو شەهید بە هەر سێ جۆرەکەی سەنگەر و جینۆساید و هاوڵاتی تۆمار کراون، 179 دۆسێی سنووری پارێزگای هەولێر و 39 دهۆک و 252 سلێمانی بووە".
ئەوەشی ڕوونکردەوە کە 206 دۆسێ دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کەموکوڕی تیادا بووە، بۆیە ئاراستەی وەزارەتەکان کراوەتەوە تاکو تەواو بکرێت و بدرێتەوە لیژنە تاکو تۆمار بکرێن.
هەروەک بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان ئاماژەی بۆ دەکەن ئه و ژمارەی وەک شەهید تۆمار کراون زیاترە لەوەی هەیە، چونکە پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو له و شەڕەدا جگە لە هاوڵاتی ئاستیی، نزیکەی 800 پێشمەرگە شەهید بوون.
- 01-01-2015