زەکی نازناوی (محەمەدی کوڕی ئەحمەد کوڕی وەسمان)ی هەنارییە، لەبەر زیرەکی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی مامۆستا (عەبدولڕەحمان شەرەف) ناوی ناوە (حەمە زەکی) ئەویش لە جیاتی محەمەد یان حەمە هەر ناوی(زەکی) بۆخۆی بەکارهێناوە.
ئەو زاتە لە ساڵی 1909 لە شاری کۆیە هاتۆتە دنیاوە، لە تەمەنی 7 ساڵیدا باوکی لە سوختەخانەی(مەلا حەبیبی ئەحمەدی شەمامێ) لەبەر خوێندنی داناوە، چەند ساڵێک خوێندوویەتی و فێری زمانەکانی فارسی و عەرەبی بووە.
لە پایزی ساڵی 1921دا چووەتە بەر خوێندنی فەرمی لە قوتابخانەی سەرەتایی کۆیە و سەبارەت بە زانینی بنچینەی خوێندەواری لە پۆلی دووەمی سەرەتایی دانراوە و لەو ساڵەدا لەپاڵ زمانی کوردی و فارسی، زمانی ئینگلیزیش دەخوێنرا و لەو ساڵەی خوێندنی(1921-1922)ەوە وانەی ئینگلیزی خوێندووە، کە گەورە تریش بووە لەلای مامۆستایەکی ئینگلیزی زان ئەو زمانەی بە چاکی فێربووە.
لە ساڵی 1925دا لەگەڵ چەند قوتابییەکی دیکە لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆڕیای پۆلی شەشەمی سەرەتایی دەردەچێ و لە پایزی ساڵی 1926دا دەچێتە بەغدا و لە(دار المعلمین-بەشی مومتاز) وەردەگرێ دوای دوو ساڵ خوێندن لە 1928دا دەردەچێ و لە ڕۆژی 1928/11/10دا بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی کۆیە دادەمەزرێ، چونکە مامۆستایەکی پەروەردەکار و بە توانا بووە، لە ساڵی 1938دا دەکرێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی دووەمی سەرەتایی کۆیە، تاکو مانگی تشرینی یەکەمی 1941 و لەو ساڵەدا دەکرێت بە بەڕێوەبەری ناحیە و دوای چەند ساڵێک لە فرمانەکەی لادەدرێ و چەند ساڵ بێکار و فرمان دەمێنێتەوە تاکو لە ساڵی 1951دا دەگەڕێتەوە سەر کار و فرمانی مامۆستایی و لە شاری #هەولێر# دادەنرێ و دوای دوو ساڵ دەگەڕێتەوە شاری کۆیە و لە ساڵی 1954دا دەکرێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی قادریەی سەرەتایی لە کۆیە و لە ساڵی 1957دا دەکرێتە بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی شاری کۆیە و لە پایزی 1958دا دەگوێزرێتەوە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی ناحیەی تەق تەق و دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە کۆیە و دەکرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی #قەندیل#ی سەرەتایی ئێواران و ماوەیەک بەڕێوەبەری قوتابخانەی باواجی دەبێ ئینجا خانەنشین دەکرێ و خەریکی پوختە کردنی بەرهەمە ئەدەبیەکانی دەبێ.
مامۆستا زەکی لە ساڵی 1963دا لە سەردەمی حوکمی #بەعس#ی فاشی تووشی گرتن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر دەبێ و لە دواییدا ژیانێکی سەخت و ناخۆش بەسەر دەبات تاکو لە ڕۆژی 9ی مانگی تەمووزی ساڵی 1967دا لەپر دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێت و چاوی ژیانی تا هەتایە لێک دەنێ.
زەکی هەناری و شیعر و ئەدەبیاتی کوردی:
مامۆستا زەکی هەناری، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە هەوڵی شیعر دانانی داوە و سروود و هۆنراوەی خۆش و سووکی هۆنیوەتەوە بۆ قوتابییانی، ئارەزووێکی زۆری لە شیعر و ئەدەبیاتی فارسی بووە، بۆیە کتێبی(گوڵستان)ی سەعدی شیرازی لە فارسییەوە بە شیعر و پەخشان کردووە بە کوردی و هەروەها داستانەکەی(دەئاکی زۆردار)ی لەگەڵ سەرچاوەی فارسی وەرگرتووە و بە شیعری کوردی دایڕشتووە و بەرهەمێکی بە پێزی پێشکەش کردووین و گەلێک هۆنراوەی دڵداری و کۆمەڵایەتی و نیشتمانیشی داناوە و سەرجەمی بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەمانەی خوارەوەن:
1. دوا ڕۆژی دەئاکی زۆردار-112 لاپەڕەیە و لە ساڵی 1960دا لە بەغدا چاپکراوە- بە شیعر دایرشتووە و ئەم داستانە بەر لە چاپکردنی لە لایەن دوکتۆر فەخری دەباغ بە ناوی(نهایە التاغیە) کراوە بە عەرەبی و چاپکراوە و دەنگێکی باشی لەناو ڕووناکبیرانی عەرەب و کورد داوەتەوە.
2. گوڵستان: شاکارەکەی شاعیری فارس(سەعدی شیرازی)یە بە شیعر و پەخشان کردوویەتی بە کوردی و لە بەغدا لە ساڵی 1968دا لەپاش مەرگی بەچاپ گەیشتووە و 303 لاپەڕەیە.
3. لە پێناوی ئەویندا(شانۆگەری)یە و لە دانانی خۆیەتی، لە ساڵی 1974دا لە #سلێمانی# لە لایەن کاک زاهیری برایەوە چاپکراوە.
4. چاپی دووەمی گوڵستانی سەعدی شیرازی- پێداچوونەوەی غەریب پشدەری- جگە لەم بەرهەمانەیشی دیوانێکی شیعری کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و سروودی نیشتمانی لەپاش بەجێماوە.
چەند نموونەیەک لە شیعرەکانی:
ئێمە لێرەدا تەنیا داستانە شیعرییەکەی(دوا ڕۆژی دەئاکی زۆردار)مان لەبەر دەستدایە تاکو نموونەی شیعری ئەم شاعیرەی لێ وەرگرین و شاعیر لە بەشی یەکەمی داستانەکەیدا ئەم دێڕە شیعرەی خوارەوەی کردووە بە دروشم و دەڵێ:
زەمین پێویستی چەند بە بارانە،
زانین بەم پێیە پێویستی گیانە!!
شاعیر(باران) بۆ ڕووەک و گیان لەبەران و(زانین) بۆ مێشک و گیانی مرۆڤ وەک یەک بە پێویست دەزانێ، هەروەک گیاندارن بێ ئاو ناژین، گیانی مرۆڤیش بێ زانین ژیانێکی شارستانی ناژی، چونکە ژیانی نەفامی و نەزانی مەرگە و شاعیر لەسەر زمانی(شالیار ئازاد) ڕوو دەکاتە(دەئاک)ی شا دەڵێ:
زانایان دەڵێن پیاوی ڕاست و پاک
لە تۆژینەوە سەربەستە و بێ باک
گەر ڕێی شێر بگری بەراستی ڕەوتی
گەر ڕێی ڕاست بگری بە چەوتی کەوتی!
ئینجا شاعیر لەسەر زمانی شالیار ئەرمایلی دڵسۆزیش دەڵێ:
دۆست ئەو کەسەیە بە وشەی ڕاستی
دۆستی دڵ تەنگ کا و لایدا لە سەختی!
گوێ مەدە دوو ڕوو بۆ گرتنی ڕێی خوا
کەڵکی لە پشێوی بازارە هەر جار
بۆ ژین سەر لە نوو دانێ بناغە
لەگەڵ تیمارکە کێ جەرگی داغە!
داد فێنک و خۆشی، ستەم ئاگرە
بە ڕێی خۆش بڕۆ، ڕێی سووتن مەگرە
بەم جۆرە شالیاری خێرخواز ئامۆژگاری شا دەکات، بەڵام بێ هوودە دەبێ و لە ئەنجامی کاردا، کاوەی ئاسنگەر ئاڵای ڕاپەڕین هەڵدەکات و لەگەڵ زۆر لێکراو و جەرگ سووتاواندا هەڵمەت دەبەنە سەر کۆشکی دەئاک و مێشکی شای خونکار دەپرژێنن و سەردەمێکی نوێ و نەورۆزی ژیانی گەلی چەوساوە دادەنێنن و شاعیر لەسەر زمانی کاوەی ئاسنگەر ئەم مەبەستە بە شیعر دادەڕێژی و دەڵێ:
هێزی گەلە گەل، هەروەک دەستاڕێ
زۆردار و بەدخوای ورد ورد دەهاڕێ
هێزی گەلە گەل، کە کردی نیاز،
لە زۆردار خوێنمژ هیچ ناداتن باز
هێزی گەلە گەل، هەروەکو لافاو،
ڕای ماڵی کۆشکی زۆرداری گڵاو!!
خێزان نەمابوو نەکرابێ ڕەش پۆش
بۆ کوڕی کوژراوی نەبووبێ بێ هۆش!
تاکو هەر لەسەر زاری کاوەی ئاسنگەر لە کۆتاییدا دەڵێ:
ڕۆژی ئازادمان لە دەستی زۆردار
ڕێکەوتی ڕۆژی یەکەمی بەهار
ئەم ڕۆژە بۆ گەل، بۆ ڕوویی زەمین
ڕۆژێکی نوێیە، ببتە جەژنی ژین.
ڕۆژی ئازادی، ناوم نا(نەورۆز)
کورد گشت ساڵ بیکا بە جەژنی پیرۆز!!
مامۆستا زەکی هەناری هەر شاعیر و وەرگێڕ و پەروەردەکار نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتیشدا چیرۆک نووسێکی واقیعیش بوو، گەلێک چیرۆکی پتەوی نووسیوە و لە ڕۆژنامەکانی وەکو(هەولێر)ی زمانحاڵی کۆمەڵەی مامۆستایانی هەولێردا بڵاوی دەکردنەوە و نرخێکی ئەدەبی باشیان هەیە.