ناوی خدر و کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی میکایلییه ، لە گوندی "خاکوخۆڵی" شارەزوور لە ساڵی1800 ز (1210 ک) لە دایک بووە و لە ساڵی 1856ز. (1273 ک.) لە ئەستەمووڵ کۆچی دوایی کردووه.
مشت و مڕێکی زۆر هەیە لە سەر لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی لە نێو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئەگەرچی لە لایەن مێژوونووسانەوە چەند ڕایەکی جیاواز خراونەتە ڕوو بەڵام هیچیان دان بە ڕاستی لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی دا نانێن بە بەڵگەوە، هەر بۆیە تا ئێستاشی لە سەر بێت نەتوانراوە ڕۆژی لە دایک بوون و کۆچکردنی بە بەڵگەوە دەقیق دیاری بکرێت.
ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕاو سەرنجانەی نووسەرانی کورد هەیانە لە سەر هاتن و کۆچی نالی :
• موحەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: "نالی له ساڵانی1800-1856 زایینیدا ژیاوه".
• مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردوە.
• عەلائەدین سەججادی دەڵێت: "له 1797ی زایینیدا هاتوەته دنیاوه و له 1855 دا کۆچی دوایی کردوه".
ئەگەر بە پێی زۆرینەی لیکۆڵەڕەوان کار بکەین بێجگە لە عەلائەدین سەججادی دەتوانرێت بوترێت نالی 56 ساڵ ژیاوە هەر وەک زۆربەی لێکۆڵەرەوان لە سەر ئەم ڕایە کۆکن. تەنها بە پێی بۆچوونەکەی عەلائەدین سەججادی نالی 58 ساڵ ژیاوە، کە لە ڕاستیدا ئەگەری ئەوەی 58 ساڵ ژیابێت لە چاو لێکۆڵەرەوان زۆر کەمترە لەوەی 56 ساڵ ژیابێت.
ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوه قسەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد له لایەکی ترەوه دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی 1215ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی 1797ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وەها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی 58 ساڵ ژیاوه. بەڵام له ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنییی "وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"دا ساڵی 1215ی کۆچی لەگەڵ ساڵی 1800-1801ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمه وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی له دایکبوونی نالی دەکاته 1800ی زایینی و تەمەنیشی دەبێته 56 ساڵ.
لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی ڕاستەقینه و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیه دەبنه هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی "نالی" و نزیکبوونەوە له زانینی ساڵی له دایکبوون و مردنی.
لە دیوانەکەی (نالی)دا هاتووە کە تێیدا مامۆستا مەلا عەبدول کەریمی مودەڕڕیس دەڵێت "مەسەلەی دیاری کردنی ساڵی لە دایکبوون و مردنی کەسێک، شتێک نییە بنیادەم بتوانێ بە ئیجتیهاد بڕیاری بدا و، بە بەڵگەو نیشانەی مێژووی لەوە زیاترمان پی نەکرا کە تێکڕا هەندێ لەو ساڵانە دیاری بکەین کە نالییان تیا ژیاوە. بەڵام بەڵگەی تریش بەدەستەوە هەیە پێمان ئەسەلمێنێ کەوا نالی نە لە ساڵی 1855 و نە لە ساڵی 1856 مردووە و نە تەمەنیشی 56 یا 58 ساڵ بووە، جا خواه ئیتر لە 1797 دا لە دایک بووبێ وەک عەلی موقبیل ئەڵێ یا لە 1800 وەک ئەوانی تر ئەڵێن"
گەلێ بەیتی نالی هەیە وا ئەگەیەنن نالی گەیشتووەتە تەمەنی پیرییەکی ڕاستەقینەو بێ هێز بوون کە دیارە ئەوەش لە 58 ساڵیدا پەیدا نابێ، وەک ئەمانە :
1. "مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەت."
2. "بۆ مەمک نالی چ منداڵانە وەی وەی کردووە."
3. " گەرچی مووی وەک شیرە، بەو شیرە شکۆفەی کردووە."
4. "ئەی تازە جوان ! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم."
5. "من پیرم و فانی."
ئەوەی کە گوتراوە ئەحمەد پاشای بابان لە 1853 دا لە پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزکۆ)ی شابەندەری ڕووسیا کردووە وائەگەیەنێ نالی لەو سەردەمەدا لە شام ژیاوە. چونکە شیعرەکەسی کە پاش تێکچوونی حوکمی بابانییەکان بۆ سالمی ناردووە بۆ سلێمانی، لە شامەوە ناردوویە. لە لایەکی کەشەوە هەموو ئەوانەی مێژووی ژیانی نالییان خستۆتە سەر کاغەز باسی ئەوەیان کردووە کەوا نالی پاشان چووەتە ئستانبوول و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد پاشای بابان ماوەیەکی دوور و درێژیان پێکەوە بەسەر بردووە. جا سەرەڕای ئەوە کە لەوانەیە نالی ماوەیەکی زۆریش لە شام مابێتەوە ئەنجا چووبێتە ئستانبووڵ، ئەو ماوەی کەمتر لە دوو ساڵەی نێوان یەکتری دیتنی خۆدزکۆ و ئەحمەد پاشا و مردنی نالی لە ئستانبووڵ لە 1855 دا کە ئەڵێن لەو ساڵەدا لەوێ مردووە، بە پێی توانای هاتوچۆی ئەو سەردەمە بە حاڵ بەشی تەنها ڕۆیشتنیکی لە سەر خۆی ئەو چەرخە ئەکا، چ جێی ئەوەش ماوەیەکی دوور و درێژی لە ئستانبووڵ لەگەڵ ئەحمەد پاشا بەسەربردبێ.
ئەو مەبەستانەی لە شیعری (نالی) دا ڕەچاو کراون ئەمانەن:
1. دڵداری کە بەشی هەرە زۆری دیوانەکەیەتی.
2. وەسف، بە تایبەتی وەسفی بەهار و دیمەنی سروشت و وەسفی حوجرە شەق و شڕەکەی و لێهاتوویی و بوردەباری (کەر)ەکەی !
3. نزاو پاڕاناوە لە خوا.
4. بیری وڵات کردنەوە. قەسیدەکەی سالم وەک نموونە.
5. لاواندنەوە و پیاهەڵدانی پاش مردن.
6. مەدح و پیاهەڵدان. مەدحی سوپای بابان بە نموونە.
دوو نامەکەی نالی و سالم
لەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەهێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواو کردنی حەجەکەی ڕووی کردۆتە شام لە ساڵی 1850 تا کۆتایی ساڵی 1854 نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، هەست دەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک هەر هاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێ
"توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر"
نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی ڕووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان ئەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا ڕابواردووەو، هەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.
یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالم ی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی(دوو نامەکەی نالی و سالم)ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی هاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و هەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت(عەبدالرحمن سالم)یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و هەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا نامەکانیان دەنێرن نالی بەم شێویە قەسیدەکەی دەست پێ دەکات:
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور !
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری (شارەزوور)!
ئەی لوتفەکەت خەفی و هەوا خواە و هەمدەمە !
وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزوور!
ئەی هەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان !
تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور !
گاهێ دەبی بە ڕەوحو دەکەی باوەشێنی دڵ
گاهی دەبی بە دەم، دەدەمێنی دەمی غوروور