پەرتووکى ( ئاگر و خوێن ) م خوێندەوە
#جومعە کانی لەلەیی#
گەرچى ناونيشانى پەرتووکەکەم زۆر لا پەسەند نەبوو، دەکرا ناونيشانێکى سەرنج ڕاکێشتر بوايە لەگەڵ ئەوەش ناونيشانەکە هيچ لەبايەخى پەرتووکەکەى کەم نەکردووەتەوە به و پێيەى ناوەرۆکى پەرتووکەکە بۆ داهاتووى نزيک و دوور بوو بە ديکۆمێنت، وە پەردەى هەڵماڵيوە لەسەر تاوانێکى گەورەى بەعسيەکان دەرهەق بە هاونيشتيمانيانى کورد، نووسەر بە وردى لەم پەرتووکە دانسقەيە باس لە قۆناغێکى کارەساتبارى گەلى کورد دەکات کە بەعسيەکان ڕاستەوخۆ دواى يەکەم کودەتايان ئەنجاميان دا.
ئاگر و خوێن بيست و يەکەمين پەرتووکى چاپکراوى کاک #مەلا شاخی# ە و هاوڕێم مەجيد بيبانيش بەديارى بۆى ناردم، ئەو گوتى پەرتووکەکە بۆ تۆ سوودى دەبێت به و هۆيەى گرنگيت داوە بە بابەتى جينۆسايد، ناوەرۆکى پەرتووکەکەش باسکردنە له زنجيرەيەک لەو تاوانانەى کە دەچنە خانەى جينۆسايدى کوردەوە.
پەرتووکەکە بريتيە لە 419 لاپەڕە، کاک سالار مەحموود پێشەکييەکەى بۆ نووسيوە، لەم پێشەکييەى دا باس لەڕووداوەکانى سەردەمى پاشايەتى و چۆنيەتى بەرپابوونى شۆڕشى چواردەى تەمووز و کودەتاى بەعسييەکان دەکات کە چۆن زەمينەى پێکهێنانى هێزێکى مليشياى وەک حەرەس قەومى هێنايە ئاراوە، لەوێ دووپاتى دەکاتەوە کە پەرتووکەکە پشتبەستوە بە ئارگۆمێنت و بەڵگە و وێنە و شايەتحاڵ.
لەسەرەتادا کاک مەلا شاخى بە پشتبەستن بە سەرچاوه مێژووييەکان باس لە جەنگى نێوان کورد و ئينگليزەکان دەکات لە دەربەندى بازيان، مەبەستى لەمەش ئەوەيە هەلوومەرجى ئەو سەردەمە باس بکات کە عەبدولکەريم قاسم تيايدا توانى سيستەمى پاشايەتى بڕوخێنێت و گۆڕانکارى ڕيشەيى لەسيستەمى سياسى و کارگێڕى ئێراق ئەنجام بدات، نووسەر لەو باسەى دا دەيەوێت لەرزۆکى دەسەڵاتى قاسم بخاتە بەرچاو کە نەيتوانى خۆى لە هەژموون و تەڵەى بەعسييەکان دەرباز بکات، دواجار کودەتاى بەعسييەکان و پێکهێنانى هێزێکى دڕندەى وەک حەرەس قەومى بەدواى خۆى دا هێنا.
ئەوەى لە لاپەڕە ( 27 ) دا سەرنجى ڕاکێشام ئەوە بوو بەشێک لە گفتووگۆ و دانووستان و پێکهاتنەکانى کورد و ناوەند بەدرێژايى سەد ساڵى ڕابردوو بەبێ ديکۆمێنت کردن تێپەڕێنراوە، لەوێ کاک مەلا شاخى دەڵێت دوو لە سەرکردەى ديارى ئەوساى بەعسييەکان بەر لە کودەتا، بۆ بەدەستهێنانى پشتيوانى سەرکردايەتى کورد و هەماهەنگى بۆ ڕووخاندنى ڕژێمەکەى قاسم کە بريتى بوون لە عەلى ساڵح سەعدى و تاهیر يەحيا گفتوگۆ لەگەڵ سەيدا ساڵح يووسفى نوێنەرى پارتى ديمووکراتى کوردستان دەکەن و بەڵێنى زارەکى بە ساڵح يووسفى دەدەن کە دواى ڕووخاندنى ڕژێمى قاسم، مافى ئۆتۆنۆمى بە گەلى کورد دەبەخشن. ناکامڵى سياسى سەرکردايەتى ئەوساى کورد لەوەدا دەبينرێت بەڵێنى سەرکردايەتى بەعسيەکانيان نەکردۆتە نووسراوى فەرمى و ئيمزاى خاوەندارێتى لەسەر بکرێت، لايەنى کەم بۆ ئەوەى نەتوانن له بەڵێنەکانيان پاشگەز ببنەوە، گەر پاشگەزيش ببنەوە هەموو جيهان بەهۆى ئەم ديکۆمێنتەوە بزانن کە کورد گەلێکى ئاشتيخواز بووه و بەعسييەکانيش شەڕانگێز.
لەشوێنێکى ترى پەرتووکەکەدا، درووست لە لاپەڕە 34 دا بايەخى نامەيەکى جەنابى مام جەلالم بۆ دەرکەوت، کە تا خوێندنەوەى ئەم پەرتووکە ناوەرۆکى وەها نامەيەکم نەبيستبوو. دواى کودەتا، #مام جەلال# خوێندنەوەى قووڵى بارودۆخى ئەو سەردەمە بە نامەيەکى دوورودرێژ بۆ مەلا مستەفا بارزانى دەنێرێت، و بێئومێدى خۆى نيشان دەدات لەوەى ( بەغداى نوێ ) کێشەى کورد بەڕێگەى ئاشتيیانە چارەسەر بکات، هەر لەم نامەيەدا باس لە هەڵەيەکى کووشندەى خودى بارزانى دەکات کە لە چوارقوڕنە پاکێجێک دەدات بە حکوومەتەکەى قاسم, پێدەچێ پاکێجەکە بەڵگەيەک بووبێت بۆ لاواز نيشاندنى کورد هەر بۆيە مام جەلال بەباشى نەزانيوە. هەر لەم نامەيە جەنابى مام جەلال ڕێگەچارەى خسووەتە ڕوو، تاکوو کورد ئەو بيرۆکەيە بکاتە پلانى کارکردن و مامەڵەى لەگەڵ بەغداى نوێ کە مەبەست لێى چارەسەرى ئاشتيیانەى مەسەلەى کورد بووە.
لە بەشێکى ترى پەرتووکى #ئاگر و خوێن تاوانەکانی حەرەس قەومی# کاک مەلا شاخى باس لە پەيکەر و شێوازى پێکهێنانى حەرەس قەومى دەکات و ناوى هەموو ئەو کەسانە دەهێنێت کە کراون بە فەرماندە و لێپرسراوى هێزە جياجياکانى، هەروەها ناوچە و شوێنى چالاکيشيان باس دەکات و هۆکار و پاڵنەرە سياسييەکانى ئەم هێزە نامۆ و نانيشتمانیيە و ئەرەکانيشيان دەخاتەڕوو.
نووسەر بە وردى باس لەو ڕێکارانە دەکات کە کودەتاچييەکان دەيگرنە بەر بۆ ئەوەى زۆرينەى ئەفسەرانى ناو سوپا و دامەزراوەى ئەمنى و کابينەکەى ئەحمەد حەسەن بەکر و دامودەزگا حکومييەکان بکەن بە لايەنگرانى خۆيان، مەبەست لەمەش ئەوە بوو هەرکات بۆيان لوا تەواوى حکومەت بخەنە ژێر ڕکێفى خۆيانەوە، يەک لەو ڕێکارانە بەرز کردنەوەى ناياساييانەى پلەى ئەفسەرانى ناو سوپا بوو کە سەر بە کودەتاچييەکان بوون بۆ ئەوەى بتوانن ئەفسەرە پلە بەرزەکانى ناو سوپا کە لايەنگرى عەبدول سەلام عارف بوون بەرکەنار بکەن و ئەفسەرانى خۆيان لە جێگەيان دابنێن.
لەبەشى دووەمى پەرتووکى ئاگر و خوێن دا کاک مەلا شاخى بەدرێژى باس لە پەلامارە وەحشيگەرييەکەى حەرەس قەومى دەکات بۆ سەر گوندەکانى سنوورى پارێزگاى کەرکووک و زۆربەى ناوچە جياجياکانى ترى کوردستان کە بە پرانسيپى ( شەلم کوێرم هيچ ناوێرم ) مامەڵەيان لەگەڵ خەڵکى بێتاوان و ڕەشوڕووتى لادێنشين کرد. ئەوەى کە جێى تێڕامان و لەبيرنەکردنە ئەوەيە حەرەس قەومى جيا لەوەى هەرچى زەخيره و دەغڵ و دان و مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵى خەڵکيان تاڵان کرد، ئەوەى تريان وەک سوکنە و خەڵێ و خەرمان و کەلووپەلى ناوماڵيشيان سووتاند و خەڵکيان خستە سەر ساجى عەلى، ئەوانەشى کە شەهيديان دەکەن لاشەکانيان دەسوتێنن و بە نامرۆڤانەترين ڕێگە تەرمەکان دەشێوێنن.
نووسەر بەشێک لەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە کە لە ناوچەى شێخبزێنى خواروو بەچاوى خۆى بينيويەتى، ئەمەش پەرتووکەکەى بەنرختر کردووە، هەروەها وێنە و ناوى تەواوى سەرجەم شەهيدەکانى بڵاوکردووەتەوە، هەموو ئەو ديکۆمێنت و بەڵگەنامانەشى داناوە کە حەرەس قەومى بۆ چ مەبەستێکى شۆڤينى دامەزراوه و بە چ نيەتێک پەلامارى لادێنشينەکانى کوردستانيان دا.
لەم پەرتووکەدا دەيان و بگرە سەدان تاوانى حەرەس قەومى دەرهەق بە خەڵکى کوردستان کراون بە بەڵگەى حاشاهەڵنەگر، بە جۆرێک ماک و شوێنەوارە خراپەکانى تا ئێستاش لەسەر کۆمەڵگەى کوردستان جێماون و ڕەنگى داوەتەوە.[1]