ناونیشانی بابەت: سەردانکردنی سەر قەڵای کەرکووک ڕاگیرا
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
$ماوەی چەند ڕۆژێکە سەردانکردنی سەر قەڵای شاری کەرکووک ڕاگیراوە.$
لە سەردانێکی مەیدانیی پەیامنێری (باسکورد) ، بە مەبەستی ڕووماڵکردنی سەر #قەڵای کەرکووک#، کە بیناو مزگەوت و باڵەخانەکانی سەر قەڵاکە بەرەو داڕووخانی تەواو چوونە، ویستی بڕوات بۆ سەر قەڵاکە، بەڵام سەردانیکردن بۆ سەر قەڵای کەرکووک ڕاگیراوە.
لە پرسگەی خوار قەڵاکە، پۆلیسێکی لێیە و دوای ئەوەی پەیامنێرمان پێی دەڵێ کە ڕۆژنامەنووسین و دەمانەوێت سەردانێکی سەر قەڵای کەرکووک بکەین، پۆلیسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین ڕێگەتان بدەین سەردانی قەڵاکە بکەن، چونکە سەردانیکردن بۆ قەڵاکە ڕاگیراوە.
دواتر پۆلیسەکە ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات، کە ئەگەر هەر بتانەوێت سەردانی قەڵای کەرکووک بکەن، دەبێت پێشوەختە سەردانی بنکەی شوێنەواری کەرکووک بکەن و لەوێ ڕەزامەندیی بهێنن، ئەوکات ڕەنگە ڕێگەتان بدەن یان نەدەن سەردانی قەڵا بکەن، ئەگەریش ڕێگەتان بدەن پسوولەیەکتان بۆ دەکرێت و پارەتان لێ وەردەگیرێت.
قەڵای کەرکووک شوێنەوارێکی دێرێنی کەرکووکە، کە لە سایەی دەسەڵاتی سەپێنراوی کەرکووکەوە بەتەواوەتی فەرامۆش کراوە و نۆژەن نەکراوەتەوە و زۆربەی ماڵ و خانوو و مزگەوت و شوێنەوارەکانی قەڵاکە داڕووخاون.
مێژووی درووستکردنی قەڵای کەرکووک بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، کورد درووستی کردووە و پێکهاتەی جووش لەسەری ژیاوە، بەڵام کاتێک عوسمانییەکان لە ساڵی 1500دا ناوچەکە داگیر دەکەن، زمانی فەرمیی دەکەنە تورکی، ئەوانەی کە پێی دەڵێن گاورقەڵا، کورد و مەسیحی و جووەکانیشیان بە تورکمان حیساب کردووە، کاتێ عوسمانییەکان، جوو لەسەر قەڵا نامێنن و دێنە خوارەوە و بازاڕی قەیسەری لەنزیک قەڵا درووست دەکەن، هەروەها چەند گەڕەکێکی تایبەت بە خۆیان و چەند کۆڵانێکی تایبەت بە خۆیان لە شێوەی بازنەیی درووست دەکەن. تا سەرەتای ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، خەڵک لەسەر قەڵا ژیاوە، بەڵام دواتر بەکەڵکی ژیان نەهاتووە و ئێستا قەڵای کەرکووک لە وێرانەیەک دەچێت و تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە، شارەزایانی مێژووی کوردیش هۆکاری نۆژەننەکردنەوە و بایەخنەدان بە قەڵای کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە دەزانن لەبنەڕەتدا کورد درووستی کردووە و لەسەری ژیاوە، بۆیە دەسەڵاتی ئێستای کەرکووک و کاتی بەعسیش بەو هۆیەوە ئاوڕیان لە قەڵای کەرکووک نەداوەتەوە.
قەڵای کەرکووک شوێنەوارێکی دێرێنی شارەکەیە، پێشتر خەڵک بەگشتی و کەسانی بیانی و ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی سەردانی قەڵاکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو سەرانیکردنەیان بۆ سەر قەڵاکە ڕاگرتووە.[1]