$نەمردنی میوزیک$
#سیروان ڕەحیم#
#30-01-2020#
ئاوشڤیتز، ناوێکە پاش شەڕی جیهانیی دووەم بوو بە هێمای کۆمەڵکوژی، هۆڵۆکۆست - شۆئا، کۆمەڵکوژییەک نازیگەل ئەنجامیان دا. ئاوشڤیتز- بیرکەناو گەورەترین کامپی کۆکردنەوە و کوشتن بوو کە نازیگەل لە ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانیدا درووستیان کرد. ئەم کامپی کۆکردنەوە و کوشتنە نزیک بە شاری ئاوشڤیتز- ە وهەڵکەوتەی وەڵاتی پۆلۆنیایە، ساڵی 1941 لەلایەن نازییەکانەوە درووستکرا. لە کۆی ئەو شەش ملیۆن جووەی لەلایەن نازییەکانەوە لەناوبران، نزیکەی یەک ملیۆنیان ڕەوانەی ئەو کامپە کران و پاشان هەر لەوێ لەنێوبران. سەرجەم ئەو کەسانەی لەو کامپە کوژران 1.1 ملیۆن کەس بوون. ڕۆژی 27ی مانگی یەکی 1945 لەلایەن یەکەکانی سوپای سووری سۆڤیەتەوە کامپەکە ئازاد کرا.
ئەوانەی لەو کامپە کوژران، جگە لە کوشتنیان لە ژوورەکانی گازدا، هەروەها لە ئەنجامی نەخۆشی، بێخۆراکی، بەدمامەڵەکردنیان، تاقیکردنەوەی زانستی نوژداری لەسەریان، بەزۆرکارپێکردنیان تاکوو هێزیان لەبەر دەبڕا، دەمردن. نازیگەل لە زۆر وەڵاتی ئەوروپاوە، وەڵاتانی وەکوو بەلژیک، ئەڵەمانیا، هەنگاریا، چیکۆسلۆڤاکیا، یەکێتی سۆڤیەت، ئیتالیا، پۆڵۆنیا، ڕۆمانیا، نەمسا، هۆڵەندا، یۆگۆسلافیا، لوکسمبۆرگ، یۆنان، فەرەنسا- وە مرۆڤی جوویان دەگرت و ڕەوانەی ئەو کامپەیان دەکرد لە پۆلۆنیا و پاشان دەیانسپاردن بەو چارەنووسە تاریک و ترسناکە.
ئێستا کامپی کوشتن لە ئاوشڤیتز و گۆڕستانی جووەکان لەوێ وەکوو خۆی چۆن بووە، هەڵەبەتە هەندێ شوێنی کە پێویستی کردووە نوژەن بکرێتەوە، لەبەر شێوازە ڕەسەنەکەی گیراوەتەوە و وەکوو خۆی درووستکراوەتەوە، کراوە بە مۆزەخانەی دەوڵەت و مەڵبەندی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی جوو - هۆڵۆکۆست -. کامپی کوشتن لە ئاوشڤیتز کە لەنێوان ساڵانی 1940-1945 دۆزەخێک بووە بۆ سەدان هەزار مرۆڤ، ئێستا وەکوو بەشێک لە بۆماوەی کولتووری جیهانی لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە تۆمارکراوە. تۆمارێک بەردەوام بیرمان دەخاتەوە مرۆڤەکان دەتوانن چ کارێک بەسەر یەکتر بێنن و چۆن دەکرێت ڕێ لەبەر دووبارەکردنەوەی ئەم مەرگەساتانە بێتەگرتن.
لەنێو ئەو سەدان هەزار مرۆڤەی لە کامپی کوشتن لە ئاوشڤیتز لەنێوبران، کەسانی زۆر هەڵکەوتە، دارا و دەوڵەمەند هەبوون، دارا و دەوڵەمەند بە زانست و بە هونەر. لەنێو ئەو مرۆڤانەدا کەسانی موزیککار هەبوون، کەسانی وەکوو دانەری موزیکی کلاسیکی ئیتالیایی ئالدۆ فینتزی (1897-1945) . هەروەها پیانۆژەن، دانەری موزیک و پێشەنگی ئۆرکسترای نەمسایی ڤیکتۆر ئولمان (1898-1944) . ئەو دوو هونەرمەندە پڕهەستی نۆتە و نەوایەی مێژووی موزیک هەردووکیان تەنیا لە سۆنگەی جوولەکەبوونیانەوە بەرەو ئەو کامپی کوشتنە ڕاپێچکران.
ڕۆژی #21-01-2020# و لە یادی 75 ساڵەی کۆتاییهاتن بەو کارەساتەدا، ژنە پیانۆژەنی ئۆکرانیایی ناتالیا ڕۆمانێنکۆ کۆنسێرتێک پێشکەش دەکات. کۆنسێرتێک لە شوێنێک کە پێشتر دۆزەخ و ئێستا مۆزەخانە و ناوەندی لێکۆڵینەوەیە. شوێنێک پێشتر تەنیا هاواری مەرگی لێ هەڵدەستا و ئێستا پەنجەکانی ناتالیای پیانۆژەن وەکوو باڵندە سترانی تێدا دەچڕن بۆ ژیان، بۆ مرۆڤ و بۆ نەمریی میوزیک. تایبەتمەندی، جیاوازی و گرنگیی کۆنسێرتەکەی ناتالیا ڕۆمانێنکۆ لەو خاڵەدا خەست دەبێتەوە کە هەموو ئەو پارچە میوزیکانەی لەو ڕۆژەدا بە پیانۆ پێشکەشی کردن، بەرهەمی هەردوو هونەرمەند ئالدۆ فینتزی و ڤیکتۆر ئولمان بوون. دوو هونەرمەند کە یەکێکیان، فینتزی لە تەمەنی 48 ساڵی و ئولمان -یش لە تەمەنی 46 ساڵیدا لەو کامپی کوشتنە ژیانیان لەدەستچوو. هەستی ناتالیای پیانۆژەن چ دەڵێت؟ بە چرپە، بە دەنگێکی ئاسمانی و دوور لە ترس و لە تاریکیی مەرگ، هەستی ئەو ژنە و پەنجەکانی بە چرپە دەڵێن:
دڕندەکان توانییان مرۆڤەکان لەناوبەرن، توانییان کەسانی وەکوو فینتزی و ئولمان بکوژن، بەڵام نەیانتوانی و ناتوانن جوانییەکانی ژیان، ناتوانن هونەر، داهێنان، موزیک، ناتوانن ژیان خۆی بکوژن، ئەو پەنجانەی ئەو ڕۆژە، لەوێ بەسەر ئەو پیانۆیەوە جریوەی جوانیان دەباراند، ئەو ڕۆژە وەهایان دەگوت، گوتنێک ئاوێتە بە ئاوازێکی ئاسمانی.
ناتالیا ڕۆمانێنکۆ سەبارەت بە کۆنسێرتەکەی لە لێدوانێکی کوورتدا وتی:ئەم کارە گەشبینییە، پێشکەشکردنی هێزی نەچەمانەوەیە، هێزێک لە بواری ئەو نۆتانەوە پێشاندەدرێت، مرۆڤ گەر ئاشنای ئەو دیرۆکە بێت و هاوکات گوێ بۆ ئەم پارچە موزیکانەیش ڕادێرێت، دەپرسێت: چلۆن توانییان ئەو تاوانە بکەن؟ چلۆن؟ بەڕاستی کارێکی کاریگەرە، یەکجار کاریگەر.
ناتالیا ڕۆمانێنکۆ کۆنسێرتەکەی خۆی لە واگۆنی شەمەندەفەرێکدا پێشکەش کرد، واگۆنێک ئەودەم هەشتا مرۆڤی جوو، ژن، منداڵ و پیاوی لە فەرەنساوە بۆ ئەو کامپی کۆکردنەوە و کوشتنە پێدەگوازنەوە و واگۆنەکە ئێستا لەوێ، لەو کامپە وەکوو بەشێک لە کەلوپەلی مۆزەخانەکە و ئەو یادە تاڵ و ترسناکە پارێزراوە. واگۆنێک هەشتا مرۆڤ دەگوازێتەوە، چ گەشتێک، گەشتێک کە بەو مردنە پڕ برکوژانە کۆتایی دێت.
ناتالیا ڕۆمانێنکۆ لە کۆتایی کۆنسێرتەکەیدا وتی: ئاسان نییە لە شوێنێک پیانۆ بژەنیت و باش بزانیت چ مەرگەساتێک لەوێ ڕوویداوە. بەڵام هاوکات ئاماژەیەکی گرنگە کاتێک ئەم نۆتانە، نۆتەی کەسانی وەکوو فینتزی و ئولمان لێرە دەژەنین.
دیارە ئاماژە گرنگەکە، بە لای ئەو هونەرمەندە و بەلای هەمووانیشەوە ئەوەیە کە میوزیک نامرێت و ژیان دەیباتەوە. [1]