بابەت: زمانەوانی
نووسین: #دیاکۆ هاشمی#
لەم دۆخانەدا وشە پێکەوە دەنووسرێت و بێ ئەوەی گتێک یان ڕاوەستانێک بکەین، خێرا هەمووی پێکەوە دەردەبڕین:
* ئەگەر (داڕێژراو = مشتق) بێت:
1. بە یارمەتیی پێشگر دروست بێت، وەکوو: بەزات، بەهێز، بێکەس
2. بە یارمەتیی پاشگر دروست بێت، وەکوو: خوێندنگە، ئاسنگەر.
3. بە یارمەتیی پێشگر و پاشگر دروست بێت، وەکوو: نەخوێندەوار، نەخۆشی، بێکەسی.
* ئەگەر (لێکدراو = مرکب) بێت و بە یەکێک لەم جۆرانە لێک درابێت:
1. دوو ناوی سادە وەکوو:
پێدەشت، تەختەکلیل، وێبخشۆک
2. دوو ناوی سادە، بە یارمەتیی یەکێک لەم ئامرازانە:
ئامرازی (ە):
مانگەشەو، گوڵەگەنم، ئاگرەدیوار
ئامرازی (و):
هێلکەوڕۆن، دەموچاو، دەوروبەر
ئامرازی (بە):
دەربەدەر، نیشتمانبەدەر، جێبەجێ.
3. ناوێکی سادە و ئاوەڵناوێک، بە یارمەتیی ئامرازی لێکدەری (ە)، وەک:
سەگەناز، کەرەدێز، ورچەسپی
4. ئاوەڵناو و ناوێک، وەکوو:
ڕەوانشاد، شەوکوێر، ڕەشماڵ
5. ئاوەڵناو و ناوێکی سادە، بە یارمەتیی یەکێک لەم ئامرازانە:
ئامرازی (ە):
ڕەشەوڵاخ، سوورەچنار، وشکەشیرینی
ئامرازی (و):
ڕەشوڕووت، مڕومۆچ، ئاڵوگۆڕ
6. ناوێکی سادە و ڕەگی کردار، وەکوو:
گیرفانبڕ، پیاوکوژ، وێبگەڕ
7. ناوێکی سادە و ڕەگی کردار بە یارمەتیی ئامرازی (و)، وەکوو:
دەستوبرد، دەستومۆچ
8. ئاوەڵناو و ڕەگی کردار بە یارمەتیی ئامرازی (ە)، وەکوو:
دێرینەناس، کۆنەفرۆش، شوێنەوارناس
9. دوو ڕەگی کردار بە یارمەتیی ئامرازی (و)، وەکوو:
مشتومڕ، مڵچوهووڕ، گفتوگۆ
10. ئاوەڵکردارێک و ناوێکی سادە، وەکوو:
بەربانگ، بەرماڵ، پێشنیار.
11. ناوێکی سادە، یان ئاوەڵناوێک و وشەیەکی بێواتا، بە یارمەتیی ئامرازی (و)، وەکوو:
گورجوگوڵ، گژوگیا، پڕوپووچ
12. دووبارەکردنەوەی ناوێک بە یارمەتیی ئامرازی (ە)، وەکوو:
لرفەلرف، گڤەگڤ، خشەخش.
13. دووپاتکردنەوەی وشەیەک بێ یارمەتیی ئامراز، کاتێک ئەرکی هاوەڵناو ببینن، وەکوو:
کونکون، پڵپڵ، گرنجگرنج.
کاغەزێکی کونکون.
پڵنگێکی پڵپڵ.
دیوارێکی گرنجگرنج.
لەو نموونانەدا وەک ئاوەڵناوێک بۆ وشەکانی پێشەوە دەرکەوتوون. هاوەڵناو پێکەوە دەنووسرێت وەک: منداڵێکی سوورهەڵگەڕاو،
سێگۆشەیەکی گۆشەتیژ.
بەڵام کاتێک لە ڕستەدا ئەرکی هاوەڵکرداری ببین بەجیا دەنووسرێن:
ئەو کون کون بەدوای هاوڕێکەیدا دەگەڕا.
منداڵەکە سوور سوور هەڵگەڕابووەوە.
ئەو سوور سوور دەیزانی ئەوە نابێت.
لە کاتی بەربانگدا تێر تێر ئاوی خواردەوە.
ئەو هوون هوون فرمێسکی دادەڕشت.
ئەو وێڵ وێڵ دەسووڕایەوە.
باخەوانەکە هێشوو هێشوو ترێ سوورەکانی کەندەوە.
14. ناوێک و فۆنێمی (ی) وەکوو:
کوردی، سویدی، ماڵی، کێوی، زمانەوانی، ئاسمانەوانی.
15. دوو ناوی ساده و فۆنێمی (ی) وەکوو:
گەچکاری، هاوکاری، گەلکاری.
****
نموونەی تر:
سەهۆڵفرۆش، ڕۆژنامەنووس، وانەبێژ، بەردەنووس.
***
[1]