ناونیشانی بابەت: لە گوندێکى قەزاى سۆران شوێنەوارێکى کۆن دۆزرایەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لە گوندی سیتکانی سەربە شارەدێی دیانا، لە سنوورى قەزاى #سۆران#، لە کاتى کارکردن لە پڕۆژەیەکى ئاوى خواردنەوە، شوێنەوارێک دۆزرایەوە، کە بریتییە لە گۆزەیەکی گەورە و ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤ و دیوارێکی شوێنەواری. تیمەکانى شوێنەوارى سۆران، دەستیان کردووە بە کارى کنین و پشکنین لە شوێنەکە.
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەرى ئاوى قەزاى ناوەندى سۆران، بە (باسکورد) ى گوت: لە کاتى کارکردن لە پڕۆژەیەکى ئاوى خواردنەوە لە گوندی سیتکانی سەربە شارەدێی دیانا، لە سنوورى قەزاى سۆران، لە کاتى هەڵکەندنى ڕێڕەوى ئاوەکە، گۆڕێکى شوێنەواریی دۆزرایەوە و دەستبەجێ لەلایەن خەڵکى گوندەکە و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکەمان و ئەوانەى کاریان تیادا دەکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکانى سنوورەکەیان لێى ئاگادار کردەوە.
بەڕێوەبەرى ئاوى قەزاى سۆران، ئاماژەى بەوەش کرد: دواى دۆزینەوەى گۆڕە شوێنەوارییەکە، تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتیى شوێنەوارى سۆران سەردانى شوێنەکەیان کردووە و ڕۆژى 30ی 3ی 2023 دەستیان کردووە بە کارى کنین و پشکنین لە شوێنەکە و کارەکانى پڕۆژەکەش لە شوێنەکە ڕاگیراوە، تا ئەوکاتەى زانیارى لەسەر یەکلایی دەکرێتەوە.
لاى خۆیەوە #عەبدولوەهاب سلێمان#، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بە (باسکورد) ى ڕایگەیاند: شوێنەوارەکە پێکهاتووە لە گۆزەیەکی گەورە و ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤ، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەکە شێواوە، بەڵام تەواوی ئەندامانی جەستەی مرۆڤەکە ماون و ڕووە و ڕۆژهەڵات نێژراوە، دیوارێکی شوێنەواری و چەند پارچە (خەڵووز) ڕەژوویەکیش لەنزیک گۆڕەکە هەن، تیمەکانمان لە شوێنەوارى سۆران سەرقاڵى کنە و پشکنین و کارکردنن، بۆ ئەوەى زانیاریى زیاتر لەبارەى شوێنەوارەکە چنگ بخەین و لەداهاتوودا بیانخەینە ڕوو.[1]