بابەت: زمانەوانی
نووسین: #دیاکۆ هاشمی#
$با بە کوردی بیر بکەینەوە$
ئەگەر لەبیرت چوو کە کورد پیت و دەنگی (ڤ v) ی هەیە و کۆمەڵێک وشەی وەک (ڤیدیۆ، ڤیکتۆر، ئێڤا، ئەرشیڤ، ڤۆڵڤۆ، گۆڤار) ت بە (ویدیۆ، ویکتۆر، ئێوا، ئارشیو، وڵوۆ، گۆوار) بێژە کرد ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی فارسیدایت.
ئەگەر هەمزەت بە سەرەتای هەندێ وشەی وەک (ستۆکهۆڵم، سپانیا، سکایپ، ستاندارد) زیاد کرد و وتت (ئستۆکهۆڵم، ئسپانیا، ئسکایپ، ئستاندارد) ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی فارسیدایت.
ئەگەر لەبیرت چوو لە کوردیدا پیتی گ و ڤ هەیە و وەک عەرەب وتت (غوستاف، مارغاریتا، غابرییل غارسیا، غاندی، غاز، فکتور هیکو، فیدیۆ) و نەتوت (گوستاڤ، مارگارێتا، گابریەل گارسیا، گاندی، گاز، ڤیکتۆر هوگۆ، ڤیدیۆ) ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدایت.
هەروەها ئەگەر لە جیاتیی (بانک، چین) وتت (بانق، سین) بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدایت.
ئەگەر وتت ئەمریکی، ئەفریقی (بێگومان لە کوردیدا جێ کەوتوون) باشە بزانی کە کوردییە ڕەسەنەکەی دەبێتە ئەمریکایی، ئەفریقایی یان ئافریکایی.
ئەگەر وتت (ئا حەسەن) ، (ئا مەهدی) ، مەڵێ ئەوە زاری ئەردەڵانییە، ئەوە هەمان (ئاغا حسەن، ئاغا مەهدی) یە، واتە ئا لەوێدا کوردی نییە بەڵکوو کوورتەی ئاغایە. ئاغا بە کوردی دەبێتە: کاک.
ئەگەر لە جیاتیی (پوور، میمک، پلک، خاڵ، خاڵۆ، لالۆ، مام، مامۆ، ئامۆژن، مامۆژن) وتت (عمە، دایی، عمو، زن عمو) ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی فارسیدا تواویتەوە و باوەڕت بە خۆت نەماوە.
ئەگەر لە چات و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ کوردێکدا بە زمانێکی تر جگە لە کوردی بنووسیت، ئەوە بزانە لە زمانەکەتدا بە نەخوێندەوار هەژمار دەکرێیت. باشترە یەکتر هان بدەن بە کوردی بنووسن، با لە سەرەتادا بەهەڵەش بنووسن، بەپێی کات باشتر و باشتر دەبن.
[1]