شوێنی ژانی گەل لە ئەدەبیاتی کوردیدا
#دانا عەسکەر#
بەکورتی لەبارەی ڕۆمانی (ژانی گەل) وە
لەڕاستیدا ناکرێت قسە لەسەر ڕۆمانێکی وەک ژانی گەل بکەین و ئاوڕ لە قۆناغەکانی ئەدەبی کوردی نەدەینەوە، بۆ ئەوەی لە ڕوئیا و دونیا بینی و زمان و ئێستاتیکا و فەنتازیا لەو ڕۆمانەدا تیبگەین، دەبێ بەوردی لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو قۆناغە بکۆڵینەوە کە ئەو ڕۆمانەی تێدا نووسراوە، گەڕانەوەی ئێمە بۆ ئەو مێژووە، گەڕانەوەیە بۆ قۆناغ و دونیا بینی ئەدەبی کوردی سەردەمێک بەداخەوە هەم مێژووی ئەدەب و هەم ڕۆڵی ئەدەبی کوردیمان تێیدا بە هەند وەرنەگرتووە، لەئێستادا دەکرێت ئێمە وردتر لە جومگە بنەڕەتێەکانی بدوێین، ئەوانیش فیکر و زمان و خەیاڵ و ئێستاتیکا و دونیابینییە، ڕاستە لە ڕۆماندا کۆمەڵێک جومگەی سەرەکی هەن پێویستە بە گرنگییەوە تەماشابکرێن، ئەوانیش (زمان و کات و شوێن)ن، لەم ڕۆمانەدا ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەشێوەیەکی گشتی کاری لەسەرکراوە، ئەمە سەرچاوەکەی بۆ پەیوەندی نێوان شۆڕش و لێکچوونی ئازارەکان دەگەڕێتەوە، کەواتا ڕەوتی ڕیالیستی لە ئێستادا ئەگەر بە فیکری ئێستا قسەی وردتری لەسەر بکەێن، بێگوومان دەبێ قسە لەسەر ئەشکالییەتی زمان و فۆرم و فەنتازیاش بکەین، بۆ ئەوەی سیاقی قسەکردنی ئێمە لەسەر ڕۆمانی ژانی گەل سیاقێکی بابەتیانە بێت، دەبێ سەرەتا ئەوە بڵێن ئەم ڕۆمانە بۆ سەردەمی خۆی یەکێک بووە لە ڕۆمان یا چیرۆکە کاریگەرەکانی ئەدەبیاتی کوردی، بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆمانەی خستە دەرەوەی خوێندنەوەی بیری ئێمە، بێسەلیقەیی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوو، کە من لە بابەتێکدا بەوردی باسم لێوە کردووە، بۆیە کاتێک قسە لەسەر ئەم ڕۆمانە دەکەین دەبێ ئەوەمان بیر نەچێت کەرەستەی ئێشکردن و ڕوئیای نووسینی بابەتی ئەدەبی لەو قۆناغەدا لەژێر کاریگەریی ڕەوتی حەماسەتدا بوو، بۆیە هەموو جومگەکانی ئەم ڕۆمانە لەناو ئەو جۆرە فەزایەدا گەورە دەبێت، هەر نووسینەوەی ئەم ڕۆمانە و پێشکەشکردنی بە شۆڕشی جەزائیر، ئەوەمان پێدەڵێت کە پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەویش شۆڕش و ئازارەکانی ئینسان هەموو لەیەک دەچن، تەنانەت زمان و دونیابینیشی بەئاڕاستەیەکدا بردووە، ڕەنگە قورس بێت بمانەوێ زمان لەو ڕۆمانەدا وەک زمان لە ڕۆمانێک لە ئێستادا نووسرابێت تەفسیر بکەین، ژانی گەل، بۆ خۆی لەناونیشانەکەیەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە بەدیدێکی ڕیالیستیانە نووسراوە، بۆیە سەرەتا لەوەوە دەست پێدەکەین، ئەم ڕۆمانە هەڵگری چ دیدێکی دونیابینی و هەڵگری چ سیحرێکی جیاوازە کە لەواقیع بەمانا وجوودیەکەی جیا بکاتەوە.
لە مێژووی نووسینی ڕۆمانەکەوە دەتوانین وردتر ئاماژە بە مەکانەتی زمان و فیکر بدوێین و بزانین چ کاریگەریی بەسەر واقیعی ئەدەبی کوردییەوە هەبووە، ئەمە لەکاتێکدا ئێمە خاوەنی هیچ میتۆدیکی فیکری مەعریفی و زانستی نین، بەپێی جیاکردنەوەی قۆناغەکانی ئەدەبی کوردی.
من لە وتاریکدا بە ناوی (قۆناغەکانی ئەدەبی کوردی و بێسەلیقەیی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی)، قۆناغەکانی ئەدەبی کوردیم دابەشکردووەتە سەر چوار قۆناغی جیاواز، کە لە ساڵەکانی 1919 و 1920 دەردەکەون، تا دوای ڕاپەرینی 1991.
بۆ ئەوەی لە سیاقیی بابەتیانەی بابەتەکەمان دەرنەچین، من هەوڵ ئەدەم تەنیا باس لە قۆناغی دووەم بکەم کە تێیدا خاوەنی ئەم ڕۆمانە، واتا ئیبراهیم ئەحمەد، وەک یەکێک لە کارەکتەرە دیارەکانی ئەم قۆناغە دەناسرێت.
قۆناغی دووەم لە ڕۆژگاری جەنگی جیهانی دووەم دەردەکەون (1944 – 1947).
وتاری ئەم نەوەیە لە ڕۆژگاری سەرهەڵدانی گرژیی و ئاڵۆزیدا سەرهەڵدەدات، ئەم وتارە بە جیاواز لە وتار و ڕەوتی پێش خۆی دەردەکەوێت، وتارێک دەیان خەون لە زاکیرەی نەوەکان دەکووژێت، خەونێک لە هەوڵی ئەوەدایە نەتەوەیەک بخاتە سەر ڕێچکەکانی مژدە و چاوکراوەیی، خەونێک نەتەوە دەخاتە بەردەم ڕوانین بەرەو ئاسۆکانی ڕوونی، وتارێک لە خەونی نەتەوەوە بۆ خەونی حیزب دەگۆڕدرێت، لێرەوە خەون و مژدەکان بچووک دەکرێنەوە، حیزب دەچێتە شوێنی نەتەوە، نەتەوەش چرای بەختی کزدەبێتەوە، کۆمەڵێک گەنج دەردەکەون دەیانەوەی حیزبی سیاسی درووست بکەن، ئیتر حیزب بەر لەهەر شتێک قسە دەکات، نەتەوە و نیشتمان بە زمانی حیزب دەدوێن ڕوئیا و دیدی نەتەوە لە سیاقی بەرتەسکی حیزبدا دەردەکەوێت، ئەمان لەبری ئەوەی بەناوی ڕۆشنبیرەوە قسە بکەن، بەناوی حیزبەوە قسە دەکەن، ئەمان لەبری دونیابینی ڕۆشنبیریی وەک گرووپێکی ناسیونالیستی دەردەکەون، خەونی ئەمان ئیشکردنە وەک ناسیونالستی کوردی بەڵام لە ناو حیزب، بۆیە بێ ویستی ئەمان هەم ڕۆشنبیریی وەک کایەیەکی مرۆیی و نەتەوەش لەچوارچێوەی حیزبدا بچووک دەکەنەوە، کەسە دیارەکانی ئەم قۆناغە برایم ئەحمەد و ڕەفیق حیلمی بوون، ئەمان ئەگەرچی خۆیان حیزبیان درووستکرد و بەردەوام وەک خەڵکی سیاسی دەردەکەوتن لە هەمان کاتدا نووسەری لێهاتووی قۆناغەکەی خۆیان بوون، ژانی گەل ڕۆمانێکی دیاری ئیبراهیم ئەحمەد-ە، لێرەوە دەتوانین قسە لەسەر ڕۆمانی ژانی گەل بکەین، ئەگەر لە پێشەکییەکەی کەمال فوئادەوە لەم ڕۆمانە بڕوانین کە 21-10-1971 نووسیویەتی، ئەو لەو پێشەکیەدا دەڵێ، ئەم نووسینە پڕۆژەیەک بوو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1956، و کاریگەریی نووسینی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی جەزائیر لە دژی داگیرکاریی فەرەنسا، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بزانین نووسینی ئەم ڕۆمانە پەیوەندی بە شۆڕشی کوردییەوە نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەم ڕۆمانە خزمەتی بە ئەدەبیاتی کوردی نەکردووە، خەونی خاوەنی ئەم ڕۆمانە زۆر لەوە گەورەتر بووە وەک کەسێکی ناسیونالیستی بیربکاتەوە، ئەگەر وردتر لە ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە بڕوانین، ڕووداوەکانی کوردستانە بەڵام سرووشتی بیرکردنەوەی نووسەر، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە شۆڕش بۆخۆی لەهەر پانتاییەکی دونیا بێت ئینسان دەتوانێت لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا تەرجەمەی سەر ئەرزی واقیعی بکات، خەونی قۆناغی دووەمە بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی ئەگەر چی لەناو حیزبەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام هێشتا مەیلی حیزب هەر لەسێبەری نەتەوەدا بیردەکاتەوە، بۆیە درووستکردنی حیزب نابێتە ڕێگر لە بەردەم بیرکردنەوەی دونیاییانە، ئەگەر ژانی گەل بۆخۆی ڕوئیایەکی دونیایی هەبێت بێگوومان سەروەریەکەی بۆ ئەدەبی کوردی و نووسەرەکەیەتی کە شۆڕشی جەزائیری وەک هەنگاوێک بۆ ڕزگاربوون لەداگیرکاریی تەماشاکردووە، واتا هەموو گۆشەیەکی ئەم ڕۆمانە وەک ئەدەبی ڕیالیستی پەیوەندییەکی قووڵیی لەنێوان شوێنەکاندا هەیە، ڕەهەندی قووڵی ترادسیۆنی کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوان کلتوورەکان لە کۆمەڵێک گۆشەوە دەچنەوە سەریەک، بۆیە شوێن و فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانە و خەونی ئازادکردنەکەش جەزائیرە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕزگارکردنی کوردستانەوە هەیە، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە ڕۆمانی ( ژانی گەل) ڕۆمانێکی لۆکاڵی نییە بەڵام لەناو ئەدەبی کوردییدا نەتوانراوە بەو بووعدە دونیاییە تەماشابکرێت و تەنانەت لە ناو خودی ئەدەبی کوردیشدا وەک ڕۆمانێکی گرنگ تەماشا بکرێت، ئەمەش بۆ بێسەلیقەیی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە سەلیقەی نووسینەوەی ئەم ڕۆمانە بکۆلًینەوە، هێندەی پێویستمان بە دوونیابینیی نووسەری ڕۆمانەکە هەیە، هێندە بیر لە زمان و ئێستاتیکا ناکەینەوە، من بۆخۆم هێندەی وەک چیرۆکێکی درێژ تەماشای دەکەم، هێندە وەک ڕۆمانێک تەماشای ناکەم، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە ئەم ڕۆمانە یا ئەم چیرۆکە کاریگەریی ئیجابی نەبووە، بۆیە من ئەگەڕێمەوە سەر سەردەمی دەرکەوتنی ئەم دوو بکەرە ئەگتیڤەی ئەدەبی کوردی لەو قۆناغەدا، واتا لە ساڵەکانی (1944 – 1947) ، بۆخۆی ناچارمان دەکات لەهەر خوێندنەوەیەکدا هەڵوێستە لەسەر ئەم قۆناغە و بکەرەکانی بکەین، درووستبوونی حیزبی کوردی لەو سەردەمە بە هەموو سلبیاتەکەیەوە بۆخۆی ڕەهەندی نیشتمانی هەیە، بەوەی ڕۆمانی ژانی گەل لە قوڵایی شۆڕشی جەزائیرەوە سەرچاوە دەگرێت، واتا ڕۆمانی ژانی گەل تەرجەمەیەکی فیکریی شۆڕشە بۆ سەر ئەرزی واقیعی کوردی، وەک چۆن ئێمە سوودمان لە ڕۆمانی (دایک) ی مەکسیم گۆرکی و دەیانی تر بینی، بیگوومان ژانی گەلیش بۆخۆی شۆڕشێکی مەجازیە هەم لە فەرهەنگی سیاسی کوردی و هەم لە ئەدەبیاتی کوردیدا، ئەوەی ئەم ڕۆمانە یا چیرۆکە دەخانە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە، بێدەنگی ڕەخنەی کوردی و بێسەلیقەیی نووسینی کوردییە تاکوو ئێستا بەجیدی ئاوڕی لە وێستگە گرنگەکانی ئەدەبی کوردی نەداوەتەوە، تۆ بزانە تا ئێستا چەند لێکۆڵینەوەی ورد و جیدی لەسەر (مەم و زین)ەکەی ئەحمەدی خانی کراوە؟، لەم دوییەدا بەوردی قسە لەسەر نالی و مەحوی کراوە، پێشتر مامۆستا عەبدوالکەریمی مودەریس و مەسعود محەمەد و محەمەدی مەلا کەریم زیاتر کەم بوون ئەوانەی ئاوڕیان لە ئەدەبیاتی ئەو کەڵە نووسەرانە داوە، تا ئێستا جگە لە مەلا عەبدولکەریم مودەریس کێ لەسەر مەولانا خالید لیکۆلینەوە یا نووسینێکی کردووە، بۆیە دەبێ بزانین نەک هەر ئاوڕ لە ڕۆمانی ژانی گەل نەدراوەتەوە، ئێمە بەشێوەیەکی گشتی لەبەرانبەر مێژوو و سەلیقەی ئەدەبیاتی خۆمان زۆر کەمتەرخەمین، ئەگەر بە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا بچینەوە، دەبینین مێژوویەکی ساردووسڕ، دەقە کوردییەکان هەژارترین هاوڕێی نووسین و لێکۆڵینەوەن، پەڕتووکخانەی کوردی هەژارترین پەڕتووکخانەی دونیایە، ئیتر ئەوە حەقیقەتێکە دەبێ بگووترێت، ئەوە ژانی گەل نییە بەساردی تێدەپەڕێت و کۆتایی دێت، نا ئەوە ڕەخنەی ئەدەبی کوردییە چەقۆ دەنێتە گەردنی زۆربەری نووسینە ناوازەکان و ئەدەبی کوردی دەخاتە بەر سێبەری کەمتەرخەمییەکی قووڵی بێ ئامانەوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!