ناونیشانی بابەت: ئایینی #ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#/ بەشی چوارەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$چینی کۆمەڵایەتی لای ئێزدییەکان$
لە کۆمەڵگای ئێزدی، ئێزدییەکان بەسەر سێ چین دابەش دەبن، کە بریتیین لە چینی پیر و شێخ و موریدەکان، پێشتر دەسەڵاتی ڕەهای ئایینی بە دەست پیرەکانەوە بوو، بەڵام ئێستا دەسەڵات زیاتر بە دەست شێخەکانەوەیە و سێیەم چینیش چینی موریدەکانە.
لە ئایینی ئێزدیدا کۆمەڵێ کەس هەن، کە جلوبەرگی تایبەت لەبەر دەکەن و خۆیان لە خۆشییەکانی دنیا بێ بەش دەکەن، ئەوان (فەقیر)یان پێدەگوترێت، چینی فەقیر تەنیا بیر لە ڕۆژی دوایی دەکەنەوە و گرنگی بە ژیانی ئاسایی نادەن، تەنانەت ئەو جلوبەرگەی بەریان کە (خەرقە)ی پێ دەگوترێت، ئەگەر کۆن بێت و بدڕێت، ئینجا دەیگۆڕن و تەنانەت کۆنەکەیشی هەڵدەگرن و لە کاتی مردنی لەناو گۆڕەکەی دادەنێن.
هەروەها لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا زۆر گرنگی بە بواری ئەدەبی و نووسین و توێژینەوە دراوە، بەو ڕادەیەی، کە یەکەم ڕۆمانی کوردی بە ناوی (شڤانی کوردی) لە ساڵی 1977. لە لایەن نووسەرێکی ئێزدی بە ناوی (#عەرەبێ شەمۆ# 1897- 1978)، کە لە کوردە ئێزدییەکانی سۆڤییەت بووە، نووسراوە.
$شوێنی جوگرافیی سەرهەڵدان$
ئەم ئایینە لە سەرەتاوە لە لالشی سەر بە پارێزگای ئێستای دهۆک سەری هەڵداوە و دواتر گەشەی کردووە بۆ ناوچەکانی دیکە و لە سێ پارچەکەی تری کوردستان، واتا باشوور، باکوور و ڕؤژئاوا بڵاو بووەتەوە.
دوای ماوەیەک بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئێزدییەکان و بڵاوبوونەوەیان، ئەم ئایینە گەیشتە وڵاتە دراوسێیەکانی ئێڕاق و ئێستا ژمارەیەکی بەرچاویان لە ئەرمینیا و گورجستان دەژین و هەندێکیان لە ئەورووپای ڕۆژاوا و بەشێکیش لە ڕووسیا نیشتەجێن.
سەبارەت بە ئامارێک بۆ ژمارەی پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی، دەبێ بڵێین، ژمارەیەکی تەواو و ڕاستەقینەمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام نزیکەی یەک تا ملیۆنێک و نیو مەزەندە دەکرێت، کە زۆربەیان لە #باشووری کوردستاند#ا دەژین.
بەگوێرەی ئەوەی، کە ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین ئایینەکانی کوردستان و ئەم ناوچەیە و هەڵکەوتەی جوگرافیایەکی سەخت و چیایی هەیە و بانگەشە بۆ بڵاوبوونەوە و وەرگرتنی ئەندامی نوێ، کە پیشتر لەسەر ئایینێکی تر بووبێت قەدەغەیە، بۆیە شوێنەوارێکی زۆر و فراوان لەم ئایینە بەجێ نەماوە، بەڵام ئەو شوێنەوارانەیشی کە ماونەتەوە، شوێنی کۆن و ڕەسەنن، کە هەتا ئێستاش لە لایەن پەیڕەوانی ئەم ئایینە بە کار دێن، بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی و ساڵانە لە شوێنە جیاجیاکانی دنیا، ئێزدییەکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن.[1]