دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:
ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد نابنه هۆی ئەوەیکە گەلی ئێمه واز له خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافه ڕەواکانی خۆی بێنێت.
20 ڕۆژ دوای پشتڕاستبوونەوەی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاوانێکی دیکەدا، سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە، دوو لاوی دیکەی کوردی لەدار دا.
سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە کە ڕۆژی سێشەممە 24 پووشپەڕ ئێعدام کران، ماوەی 7 ساڵ بوو بە تۆمەتی بەشداری لە تەقینەوەیەکی گوماناوی کە ساڵی 1389 لە کاتی مانۆڕێکی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە #مەهاباد# کرا، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.
سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر ئەم دوو لاوە کوردە و جێبەجێکردنی سزاکە لەسەریان بەم تاوانە! لەحاڵێکدایە کە پێشتر و چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەکە، محەممەد پاکپوور، سەرۆکی هێزی زەوینیی سپای پاسداران ڕایگەیاند، بکەرانی تەقینەوەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان خستووەتە داو و کوشتوویانن؛ کەچی سێ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە بە دەسبەسەرکردنی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە سەرلەنوێ پەروەندەکەیان وەگەڕ خستەوە.
ئەم دوو لاوە کوردە ماوەی چەند ساڵ خرانە ژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجەکان بۆ ئەوەی دان بەو تاوانەدا بنێن هەتا بەم جۆرە ڕێگا بۆ سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەریاندا خۆش بکەن و ڕق و قینی هەمیشەیی و لەبڕان نەهاتووی خۆیان بە گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی بڕێژن.
کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەردەوامە کە ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا گوشارێکی یەکجار زۆری لەسەرە، کۆرۆنا هەتا بینەقاقا بەربینگی بە کۆمەڵگە گرتووە، بارودۆخی ئابووریی وڵات لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمەوە تێک ڕماوە، هەژاری و بێکاری بڕستی لە خەڵک بڕیوە؛ بەڵام دەسەڵاتی گەندەڵ و ناکارامە کە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ترسی تەقینەوەی ڕقی پەنگخواردووی گەلانی ئێرانیان لێ نیشتووە؛ لەبری پاشەکشە لە سیاسەتەکانیان و ملدان بە ویستی خەڵک، لە ئێعدام و سەرکوت وەک ڕێکارێک بەمەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵکی ئازادیخواز بەردەوامن.
بە چاوخشاندنێک بە ئاماری ئێعدامەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا بۆمان دەردەکەوێت کە یەک لە چواری ئێعدامکراوان لەو ماوەیەدا کورد بوون و هەر هەموو ئێعدامە سیاسییەکانی ئەو ماوەیەش هەر لە کورد کراون، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی بە چ ترس و نیگەرانییەکەوە و بە چ ڕوانگەیەکی ئەمنییەتیی داپڵۆسێنەرانەوە لە کوردستان دەڕوانێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئەمە سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی بووە. ڕێژیم لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و بەردەوامیی دەسەڵاتی نگریسی لە هەموو ئامرازێکی سەرکوت و کوشتوبڕ کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام بێگومان لای ڕوون و ئاشکرایە کە هەمووی ئەمانه قەت نابنه هۆی ئەوه که گەلی ئێمه واز له خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافه ڕەواکانی خۆی بێنێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە، ئەو دڵنیاییە دەدا کە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و دەستەبەریی ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد هەتا سەرکەوتن و دەستەبەریی ئەو مافانە درێژەی هەیە. لەو پێناوەشدا ئیعدامی ڕۆڵەکانمان، تێرۆری تیکۆشەرانمان و سەرکوت و هێرش و پەلامار بۆ سەرمان لە بڕینی ڕێگای خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان ساردمان ناکاتەوە.
ڕیسوایی بۆ دەسەڵاتی نگریس و دژی گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
25ی پووشپەڕی 1399
15ی ژووئییەی 2020ی زایینی[1]