خۆشحاڵم ئەمڕۆ بە یاوەری وەزیری پەروەردە و پارێزگاری #هەولێر# و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئەم قوتابخانەیە و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست بەشداردەبم لە مەراسیمی هەڵکردنی #ئاڵای کوردستان#.
خۆشەویستان..
ئەم ئاڵایە سیمبوولی بەرخودان و خەبات و تێکۆشانی میللەتێکە کە ساڵەهای ساڵە خەبات دەکات بۆ ئازادی، سەربەخۆیی و یەکسانی و بۆ ئەوەی مافەکانی بەدەستبهێنێت. لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان، کوردستانیان بەیەکەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان خەباتیان کردووە. هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و دوای شۆڕشی ئەیلوولیش هەموو پێکەوە خەباتیان کردووە بۆ یەک ئامانج بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان بە تێکڕای پێکهاتەکانیانەوە.
ئەم ئاڵایە ئەمانەتێکی پیرۆزە لەسەر شانی ئێوە کە نەوەی داهاتوون بۆ ئەم وڵاتە و دەبێت بە پەرۆشەوە ئەم ئاڵایە هەڵبگرن و ئەو پەیامەی کە خۆشەویستانی ئێمە پێشتر خەباتیان بۆ کردووە و هەوڵیان بۆ داوە، ئینشائەڵڵا بیگەیێنن بەو شوێنەی کە میللەتی ئێمە ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ کرد و قوربانی بۆدا. ئەم ئەمانەتە لەدەست ئێوەی خۆشەویستدایە، ئێوە نەتەوەی داهاتوون لەژێر ئەم ئاڵایە دەبێت بە چەکی خۆفێرکردن و بە خوێندن، بەجیدی و بە پەرۆشەوە بەرەو ئایندە بچن. دڵنیام لەوەی ئێوە ئەم ئەمانەتە بە باشی هەڵدەگرن و ڕایدەگرن. دوای خۆشتان ڕادەستی نەوەی دوای خۆتان دەکەن.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دەمەوێت یادی هەموو ئەو خۆشەویستانە بکەینەوە، یادی ئەو شەهیدانە بکەینەوە کە لەپێناو ڕزگاری میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان خوێنیان بەخشی سەریان نواند بۆ ئەوەی ئێمە ئەو ڕۆژە بە سەربەرزیی ببینین و بتوانین لە وڵاتی خۆمان لە هەولێر و شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە سایەی خەبات و بەرخودانی خوێنی ئەو خۆشەویستانە ئێمە بتوانین ئاڵای کوردستان هەڵکەین.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ڕێز و خۆشەویستی خۆمان بۆ هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لە کاروانی خەباتی دوور و درێژی ئەم وڵاتە خەباتیان کردووە و ئێستا لە ژیاندا ماون، لێرەوە بەناوی ئێوەوە سڵاویان بۆ دەنێرین.
سڵاو بۆ دایکی شەهیدان دەنێرین و پێیان دەڵێین ئەو ئاڵایە بە ئەماناتەوە هەڵدەگرن، بە ئەمانەیشەوە کاری بۆ دەکەن. بە خوێندن و بە فێربوون و بە زانست ئەم وڵاتە ئاوەدان دەکەنەوە و بەرەو پێشی دەبەن. خۆشەویستان ئەم ڕۆژە لە هەمووتان پیرۆزبێت لە گەلی کوردستان پیرۆزبێت و لە ئێوەش پیرۆزبێت.
#17-12-2019#