دروشمی هەڵوێستگەراکان ئەوەبوو کە هیچ ژێستێکی ڕادیکاڵ نییە سەرمایەداریی سارێژی نەکاتەوە، ساڕێژکردنەوە ئاماژەیە بۆ برین. ئایا برینەکان ئەتوانن سیستەم بکوژن و لەنێوی ببەن؟ کێ برینەکان ئەخاتە جەستەی سیستەمەوە؟ برین خۆی ڕەنگە باس لە مردنێکی لەسەر خۆ بکات، پیسبوون و دەڵاندن و تەنینەوەی بەناو خۆیدا تاوەکو سەر ئێسک. زۆربەی برینەکان ساڕێژ ئەبنەوە و سەرمایەداریی تەندروستی و سەرحاڵیی خۆیی بەدەست دێنێتەوە، بۆیە ئەم سیستەمە خۆی دەرمانخانەیە، هەمان ئەو شتەی دێریدا ناوی دەنێت [فارماکۆن]، واتە نەخۆشی و دەرمان لەنێو خۆیدابەرهەم دێنێت. بەڵام ڕەنگە هەندێک لە برین و نەخۆشییەکان تەشەنەبسەنن لەوێدا کە بەرگریی سیستەم بەسەرخۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و بەرەو دڵی خۆی تووشی داخوران دەبێت..
نماییش ڕەنگە ئەو لۆژیکە گشتییە بێت کە سەرجەم پەیوەندییەکانی نێو ئەم سیستەمە لەسەردەمی ئێستادا دادەڕێژێت و ڕێکدەخات. بۆیە گەی دیبۆر پەیوەندییە نماییشیەکان وەک چەمکێکی سەنتراڵ دەخاتەڕوو، ئەمەیش لە دابەشکاریی سەرخان و ژێرخان تێدەپەڕێت، بە مانایەکیتر چیتر سیستەم لەسەر بنەمای پەیوەندییە ئابوورییەکان درێژە بە خۆی نادات، بەڵکو ئەم بنەمایە خۆیشی لەنێو لۆژیکی نماییشدا دەتوانێت کاربکات.
لەم کۆنتێکستەدا سیاسەت ئەگەر مانایەکی هەبێ ئەوەیە کە یەکپارچەیی نماییش تێکبدات و وا بکات نماییش ببێتەوە بە دژیەکی لەنێو سیستەمەکە خۆیدا. ئەم سیاسەتەیش بە بڕوای ڕائول ڤانیجیم لە ژیانی ڕۆژانەوە دەست پێدەکات، واتە لەو شتانەوە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ستایلی ژیان و شێوازی بوونی کۆمەڵایەتی ئێمەوە هەیە.
هەڵوێستگەراکان خۆیان وەک ئەنتەرناسیۆنالێکی سەردەمی پۆستمۆدێرن ڕاگەیاندووە و لەم ڕووەوە لەسەرهێڵی هەندێ قوتابخانەی ئەدەبیی وەکو دادایستەکان و سوریالیستەکان دەرۆن، هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک تێزی دیکەی فەلسەفەی دوای ئایاری 68دا لە گفتوگۆ و مشتومڕ و بەنێویەکداچووندان، لەوانە فیکری فۆکۆ، دۆلۆز، بۆدریار و لیوتار.
لە ڕێڕەوی خۆیشیاندا کەرەستە و شێواز و ستراتیژیەتەکانی بەرەنگاری و شۆڕش پێشنیار دەکەن و لەنێو شتە هەرە سادەکانەوە بەدوای ڕادیکاڵیزمدا دەگەڕێن. ژێست یەکێکە لەو کەرەستە هەرە ڕادیکاڵانە کە ئەگەرچی دەشێت لەکاریگەرییبخرێت، بەڵام هێشتا شتێک نییە سیستەم نەروشێنێت و برینداری نەکات، ژێستی هەرە ڕادیکاڵیش ئەوەیە کە سیستەم ڕەنگە قووتی بدات، بەڵام وەکو ئەوە وایە ژەهر بخوات و خۆی ئینتیحار بکات. داخۆ دەبێ چاوەڕێ بین سەرمایەداریی خۆی خۆکوژ بکات؟ مەسەلەکە چاوەروانی و هیچ نەکردن نییە، بەڵکو ڕادیکاڵیزم گەلێک شێوازی بوونی ئەوتۆیە کە ئەگەر قوتبدرێیت هەر دەبیتە ژەهر و ئەگەریش قووت نەدرێیت دەبیتە بەرەنگاریی تا ئاستی شۆڕش.
سەرجەمی ئەم ئایدیایانە بە فراوانی و قووڵی و چڕی لەم کتێبەی سادی پلانتدا باسکراون کە بەناونیشانی ژێستی هەرە ڕادیکاڵ بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە،ئێستایشبە زمانی کوردی لەلایەن دەزگای ئایدیاوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بڵاوکەرەوە ئینگلیزییەکە ئەم دوو پەرەگرافەی دەربارەی کتێبەکە نووسیوە کە بەهای کتێبەکە دەردەخات:
(ژێستی هەرە ڕادیکاڵ یەکەمین توێژینەوەی گەورە و چڕوپڕە دەربارەی ئەنتەرناسیۆنالی هەڵوێستگەرا، واتە دەربارەی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ کە خولیای نائاسایی هەبوو؛ بزووتنەوەیەک کە کاریگەریی و شوێندەستی خۆی لەسەر هونەر، ژیانی ڕۆژانە، چێژ، خۆڕسکی و دەستبەجێیی، شار و نماییش جێهێشت، بۆیە ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی زیندوو و چالاکانەیان هەبوو لە گەشەپێدانی کولتوور و سیاسەتی سەدەی نۆزدە، بەڵام بە زۆری ئەم ڕۆڵەیان شاراوە بووە. بە لەبەرچاوگرتنی بەرفراوانی ئایدیا و تاکتیکەکانی هەڵوێستگەراکان، کە کاریگەرییان لەسەر تیۆری سیاسی و بزاووتی کولتووری پاش خۆیان هەبووە، ئەم کتێبە چەندین بزووتنەوە و ساتەوەختی تایبەتی کتێبەرکێ و بەیەکداچوون تاوتوێ دەکات، لەوانە: دادا، سوریالیزم، ڕووداوەکانی ئایاری 68، سەربەخۆخوازە ئیتاڵییەکان، لیوا تووڕەکان، پونک؛ ئینجا پێگەی هەڵوێستگەرایی لەسەر هێڵی حەماسییانەی بەرهەڵستیی دژە-نووسەران دیاریی دەکات؛ ئاوڕ لە بەرهەمی نووسەرانێکی وەکو ژان فرانسوا-لیوتار و ژیل دۆلۆزیش دەداتەوە و گفتوگۆی هاوچەرخیش لەبارەی پۆستمۆدێرنیزمەوە پیشان دەدات. هەر ئەم کتێبە تێرامانەکانی بۆدریار لەبارەی زێدە-واقیعەوە دەخاتەڕوو و پێیوایە دووبارە بەگەرخستنەوەی هەژارانەی شیکاریی هەڵوێستگەراییە بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداریی وەک کۆمەڵگەی نماییش و تەحەدای پۆستمۆدێرنانەی مانا، واقیع، مێژوو، لە ڕێگەی پیشاندانی ئەوەی کە پۆستمۆدێرنیزم خۆی پشت بە نەریتێک دەبەستێت کە بە تەواوەتی ڕەشبینیی بێ ئامانجانە بڵاودەکاتەوە، ڕەشبینییەک کە خۆی پێ بەهێز دەکات.
ژێستی هەرە ڕادیکاڵ سەرەڕای ئەوەی بە جۆرێکی بێوێنە تیۆری هەڵوێستگەرایی دەخاتەڕوو، یەکەمین کتێبیشە بۆ ئایدیاکانی هەڵوێستی پۆستمۆدێرن لە نەشونومای کۆنتێسکتە مێژووویی، کولتووری، سیاسییەکەیدا. بە بەرهەمهێنانی حوکمێکی دوورمەودا لەگەڵ ئایدیاکانی هەڵوێستگەراییدا، ئەم کتێبە تێڕامانە تیۆرییەکان، مەزەندە پڕ لە دەمەقاڵێکان، حسابی ساتەوەختێکی تایبەتی وروژاندنی کولتوورری و سیاسی بەکاردەهینێت بۆ ئەوەی هەندێک شتی سەرنجڕاکێش و حیکایەتێکی ئاسانمان پێ بڵێت کە لە مەودایەکی بەرفراواندا بانگی خوێنەری گشتی و هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لە هەموو لایەنەکانەوە ]بە فۆڕمێکی نوێ[ گرنگی بە کولتووری سەدەی نۆزدە دەدەن. ژێستی هەرە ڕادیکاڵ، لەلایەن ئەوانەوە پێشوازیی لێکراوە کە سەروکاریان لەگەڵ هونەرە ڕادیکاڵەکان و دەستێوەردانە کولتووریی و سیاسییەکان، گفتوگۆکان لەبارەی مارکسیزمەوە، پاش-بونیادگەریی و پۆستمۆدێرنیزمدا هەیە. نووسەرەکەیشی سادی پلانت، وانەبێژە لە بواری توێژنەوەی کولتووریدا لە زانکۆی بێرمینگهام).