مەکتەبی سیاسی(ی.ن.ک) هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵ #عادل موراد# ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران و سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) ڕادەگەیەنێت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەندام و کادیر و هەڤاڵانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ڕادەگەیەنین، کە بەیانی ئەمرۆ هەینی 18/5/2018 کاتژمێر 10:15 بەکاتی کوردستان، لەشاری کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیەکەی کۆچی دوایکرد. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکار و خانەوادە و هاورێ و هاوسەنگەران و جەماوەری یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک دەکەین.
هەڤاڵ عادل موراد لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر لە ساڵی 1949 لە شاری بەغدا لەدایک بووە. خاوەن کەسایەتیەکی تایبەت بووە، هەر لەسەرەتای لاوێتیەوە هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان لە ناو دڵ و دەرونیدا چەکەرەی کردووە، ژیانی سیاسی لە پێناوی کوردایەتیدا زوو دەستیپێکردووە و لە ساڵی 1965 لە بەغدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردوە. لە ساڵی 1966 لەبەشی کیمیای کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا وەرگیراو لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی بەشێکی ڕێکخستنەکانی بەغدای کردوە.لە ساڵی 1969 بەشێکی ڕێکخستنەکان ئاشکرا بوون، هەر بۆیە ناچار بوو واز لە خوێندن بێنێ و ڕووبکاتە شاخ و ببێ بە پێشمەرگە. لە پێشمەرگایەتیدا بووە ئەندامی ناوچەی پارتی لە ناوچەی باڵەک و لە هەمان کاتدا لەبەر کەمی مامۆستای گوندەکان لە خوێندنگەی گوندی گەڵاڵە مامۆستای شۆرش بووە. پاش ڕاگەیاندنی بەیاننامەی 11 ئازاری 1970، لە کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە سکرتێر هەڵبژێردرا و بووە جێگری لێپرسراوی ڕێکخراوە پیشیەکانی عێراق، بەهۆی فشاری ڕژێمی بەعسەوە بەرلەوەی شەڕ لە نێوان کورد و ئەو ڕژێمە لە ساڵی 1974 دەستپێبکاتەوە، بەغدای بەجێهێشت و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش گیرسایەوە، لە نسکۆی 1975 ئاوارەی ئێران دەبێت و پاشان ڕوو لە وڵاتی سوریا دەکات و لەوێ پەیوەندی لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال دەبەستێت و بەشدار دەبێت لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حوزەیرانی 1975. دوابەدوای ئەوە لێپرسراوێتی ڕێکخستنی ناوەوەی وڵاتی پێسپێردراوە، دواتریش بۆ دروستکردنی ڕێکخستنەکانی دەرەوە، ڕوو لە ووڵاتانی ئەورووپا دەکات و توانی بناغەیەک بۆ ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە و وڵاتانە دابنێ، پاش گەڕانەوەی بۆ سوریا لەگەڵ ئەندامانی تری دەستەی دامەزرێنەر سەرقاڵی دابینکردنی پێداویستیەکانی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری بوو لە کوردستان و لەم ڕووەوە لێپرسراوێتی ئەرکە لۆجستیەکان و ناردنی مەفرەزە سەرەتاییەکانی بۆ ناوەوەی وڵات گرتە ئەستۆ. لە مانگی کانوونی دووەمی 1979 گەڕایەوە بۆ کوردستان و بارەگاکەی بردە خڕی ناوەزەنگ. لە مانگی شوباتدا ڕوویکردەوە سوریا و پاشان لە لوبنان لە ڕۆژنامەی (سەفیر) وەک ڕۆژنامەنوس کاریکردوە. لە ساڵی 1981 پەیوەندی بە حزبی سۆسیالیستی کوردستانەوە کردوە و لە کۆنگرەی یەکەمی ئەو حزبەدا بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا. لە ساڵی 1994 پەیوەندی بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە دەکاتەوە و پلەی ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی پێدرا و لێپرسراوی مەکتەبی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکێتی تا ساڵی 2000 لەسەر ئەم ئەرکە بەردەوام بوو. لە 2003 بەشداربوو لەو هەوڵانەی کە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس دەدران، لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا چوو بۆ بەغدا و ئەرکی پەیوەندی و دبلۆماتکارانەی گرتە ئەستۆ و ماوەیەکیش لە ئەنجومەنی حکوم نوێنەری سەرۆک تاڵەبانی بوو. لە ساڵی 2004 بووە باڵوێزی عیراق لە ڕۆمانیا. لەساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئامانجی هاتنە پێشەوەی خوێنی تازە خۆی بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی نەپاڵاوتەوە، لەو کۆنگرەدا هەڤاڵ مام جەلال ڕێزلێنانی پێبەخشی. لە ڕۆژی3/12/2011 لەسەر داوای سەرۆک مام جەلال و بە زۆرینەی دەنگ لە کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندیدا بە سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی هەڵبژێردرا.
بەداخەوە بەیانی ئەمرۆ هەینی کاتژمێر 10:15 لە ئەڵمانیا دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشیەکەی دڵە گەورە و پاک و پڕ لە ئاواتەکەی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەی و پێشنگ بوونی حزبەکەی لە لێدان کەوت و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردین، بە لەدەستدانی ئەم سەرکردە ماندونەناسە زیانێکی گەورە بەگەلی کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوت و کەلێنێکی لە ڕیزەکانی یەکێتی بەجێهێشت. هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی هەڤاڵی سەرکردە عادل موراد و سەرجەم خەباتگێران و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی کورد و کوردستان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
#18-05-2018#
این مقاله بە زبان (کوردیی ناوەڕاست) نوشته شده است، برای باز کردن آیتم به زبان اصلی! بر روی آیکون
کلیک کنید.
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
این مقاله 4,035 بار مشاهده شده است
نظر خود را در مورد این مقاله بنویسید!