به پێی ڕاگەیەندراوی حیزبی #کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران#، کۆمەڵێک پێشمەرگه و ئەندامی ڕێکخستنی نهێنی ئەم حیزبه ڕۆژی هەینی 23ی مانگ له شاری سنه، ناوەندی پارێزگای کوردستانی ئێران، کەوتوونەته بەر هێرشی هێزەکانی ئاسایشی ئێران و سێ پێشمەرگه بە ناوەکانی سەباح حوسەینپەناهی، حامید سەیف پەناهی و #بێهزاد نووری# لە دەرەنجامی کاتژمێرێک شەڕ و پێکداداندا کوژراون.
دوای ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵلا ئازەربار، بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەستبەسەرکردنی یەکتر له ئەندامانی ئەم حیزبەی به نێوی ڕامین حوسەینپەناهی بە برینداری لەم پێکدانانەدا پشتڕاست کردەوه.
چوار ڕۆژ دوای ئەم شەڕه، ئێشتا ڕوون نیه ڕامین حوسەینپەناهی که به برینداری دەستبەسەرکراوە چی بەسەردا هاتوه و ئایا دەرمان کراوه یان نا؟
بنەماڵەی حوسینپەناهی له بەیاننامەیێکدا لەگەڵ نیشاندانی نیگەرانی خۆیان سەبارەت به بێسەروشوێنی ڕامین ئەوەشیان ڕاگەیاند که له ڕۆژی هەینیەوه و دوای کۆتایی شەڕەکه هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشیان کردوەته سەر ماڵیان و لەگەڵ بێڕێزی بە باوک و خۆشکی ڕامین، دوو برا و سێ کەسی تر له خزمەکانیان دەستبەسەر کردوون.
له وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد حوسینپەناهی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی بنەماڵەی حوسینپەناهی، دەڵێت ڕامین درەمان نەکراوه وبه هۆی ئازاری ئەشکەنجه و خوێنێکی زۆر که لێی ڕۆشتوه چوەته کۆماوه و ئێستا له نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی کوردستان له ژێر چاودێریدایه و هەروەها تا ئێستا تەرمی سەباح حوسەینپەناهی، حامید سەیفپەناهی و بێهزاد نووری تەسلیمیان نەکراون و ڕیگەشیان له بنەماڵەکان گرتووه کۆڕی سەرەخۆشی و پرسەیان بو بگێڕن.
27-06-2017