دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
یەکێتی فەرمانبەرانی کوردستان داوا لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکات، کێشەی فەرمانبەرانی هەرسێ شارەکەی هەرێم چارەسەربکەن و مووچەکانیان بۆ بگەڕێنەوە، کە بەهۆی قەیرانی دارایەوە پێیان نەدراوە.
حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2004دا، لەکاتی گۆڕینی پارەی سویسری بۆ پارەی ئێستا بڕیاریدا قەرەبووی ئه و فەرمانبەرانە بکاتەوە، کە بەر لە 1ی کانوونی یەکەمی 2003 دامەزراون و سەرەتا تەنیا قەرەبووی فەرمانبەرانی سلێمانی کراوەیەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی دارایی بڕیاردا قەرەبووی فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆکیش بکاتەوە کە جیاوازی لە پلەی وەزیفی و مووچەکانیاندا هەبوو، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بڕیارەکه و قەیرانی داراییەوە تائێستا بەدەیان هەزار فەرمانبەر و مامۆستا لە هەرسێ شارەکەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک قەرەبوو نەکراونەتەوە.
یوسف عوسمان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی فەرمانبەرانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە ساڵی 2004 تاکو 2011 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، سێ ڕێنمایی دارایی بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەرانی هەر سێ شارەکە دەرچووە کە دواینیان ڕێنمایی دارایی ژمارە 32ی ساڵی 2011 بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی ڕێنماییەکە تائێستا بەدەیان هەزار فەرمانبەر و مامۆستا قەرەبوو نەکراوەتەوە.
وتیشی تەنیا لەیەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەزارەتی پەروەردە، 12 هەزار و 500 فەرمانبەر بڕیاری قەرەبووکردنەوەی مووچەکانیان دراوە، بەڵام تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە و بەدڵنیایشەوە لەزۆربەی وەزارەتەکانی تر بەدەیان هەزاری تر هەن.
ئه و بەرپرسەی یەکێتی فەرمانبەران ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی 2017دا داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کردووە قەرەبووی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێتەوە و مووچەکیانیان بەسەریەکەوە پێبدرێت، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
14-02-2017