پرۆفیسۆر جەبار قادر
لە بارەی ماددەی سەد و چلەوە زۆر وتراوه. لێرەدا پێوستیمان بەوە نیە زۆری لەسەر بڕۆین. ئەوەی گرنگە بیڵێین و دووپاتی بکەینەوە هەندێ ڕاستییە، کە ئێمە و دەیان نووسەری دیکە گەلێ جار و لە زۆر بۆنەدا وتوومانه و بەرپرسانی کورد بە باسکردنیان هەندێ جار نیگەران و زۆر جار توڕە دەبوون. وادەزانم، ئێستا کە دەڵێن ماددەکە جێبەجێ بووە، یا جێبەجێکردنی کەوتۆتە دەستی کورد، کاتی ئەوە هاتووە ڕاشکاوانەتر لە سەر ئەو پرسە قسەیان لە گەڵدا بکەین.
ئێستا دوای ئەوەی کورد لە بەشی زۆری داوی ئەو ماددەیە ڕزگاری بووە، دەبێ بەرپرسان و کاربەدەستانی کورد ئەوەندە ئازایەتییان تێدا بێت، دان بەوەدا بنێن کە ماددەی سەد و چل کڵاوێکی گەورە بوو لە سەریان نرا. کارێکی نەشیاوە نوێنەری گەلێکی ستەملێکراو بێت و بەشی هەرە گرنگی نیشتمانەکەی خۆی بکات بە بابەتی ژمارە و ڕاپرسی. هیچ پاکانەیەک بۆ ئەمە نیە، بە تایبەتی بۆ کەسانێک کە ئەزموونی تاڵی یازدەی ئازاری 1970 یان لە بەردەستدا بوو، کاتێ ڕژێمی بەعس پرسی ژمارەی دانیشتوانی کوردو ناکوردی کردە پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی ناوچەی " ئۆتۆنۆمی". ئەو سەرژمێرییەی کە پەیمان بوو لە ماوەی ساڵێکدا لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بکرێت، نەک هەر نەکرا، بەڵکو بوو بە بنەمایەکی پتەو بۆ سیاسەتی بەعەرەبکردنو بەلێشاو هێنانی عەرەب و دەرکردنی کورد لەو ناوچانە.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەمەیە: بۆ کاربەدەستانی کورد سەرباری ئەو ئەزموونە و ئاگاداریی لەو ڕاستییه، کە نەیارانی سەدام لە پرسی بەعەرەبکردنی کوردستاندا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە گەڵ ئەودا نیه، ئەم کارەیان کرد؟. ئەگەر بەرپرسانمان بڵێن نەماندەزانی کە وا دەردەچن، ئەوا زۆر زەحمەت دەبێت ناوی سیاسەتمەدار لە خۆیان بنێن. ئەگەر ئەمەیان دەزانی و لە گەڵ ئەوەشدا ئەم هەنگاوه ترسناکەیان نا، دەبێت وەڵامی ئەو هەموو کارەساتانە بدەنەوە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە سەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا هاتن و ئەو هەموو خوێنەی لە بەر کوردی ئەو ناوچانە ڕۆیشت. ئازار و نەهامەتەکانی کوردی کەرکووک و ئەو دەڤەرانەی دیکە بەوە ناسڕێتەوە کە ئەمڕۆ پێمان بڵێن، ئێمە کاتێ بەو ماددەیە قایل بووین، ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە گومانمان لە سەر کوردستانێتی کەرکووک و ئەو ناوچانە هەبووە. ئەی کەوابوو بۆ بەو ماددەیە قایل بوون؟. وادیارە بۆ ڕاگرتنی دڵی "هاوپەیمانە" ئەمریکییەکان بوو، کە ئەو دەمە لە کوردستان گوڵباران دەکران و هەموو بەرپرسانی کورد باسیان لە هاوپەیمانێتی " ستراتیژی هەردوولا دەکرد"، لە کاتێکدا کاربەدستانی سەربازی و سیاسی ئەمریکا سەرزمان و بنزمانیان "یەکێتی خاکی نیشتمانی و سەروەری عیراق و حکومەتی بەهێزی بەغدا" بوو. بۆ ئەمەش دەبێ کاربەدستانی کورد دان بەوەدا بنێن، کە ئەوان لەو هەڵوێستەیاندا پشتیان نەدەبەست بە لێکدانەوەی سیاسی و ئاگاداری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندی زلهێزەکان، بەڵکو ئەو هەڵوێستەیان بریتی بوو لە کەف و کوڵی هەست و سۆز و هەڵس وکەوتی ناسیاسییانە.
ئەم ڕاستییانە بۆ بەشێکی زۆری خوێنەواران و شارەزایانی کورد وەکو ڕۆژی ڕووناک وابوون، بەڵام بەرپرسان و کاربەدەستانی حیزبی کورد بە هیچ شێوەیەک، وەکو خوی هەمیشەییانە، قەت ئامادە نەبوون گوێ لە کەس بگرن.
لە یەکەم ڕۆژەوە لە دژی ئەم ماددەیە بووم و باوەڕم بەوە نەبووە کە جێبەجێ دەکرێت، تەنانەت ئەگەر حکومەتی عیراقیش بیەوێت جێبەجێی بکات، کە قەت نەیویستووە و هیچ حکومەتێکیش لە بەغدا پەیدا نابێت کە بیەوێت ئەم ماددەیە جێبەجێ بکات. ئەم ڕاستییە جارێکی تر بە درەوشاوەیی لە مانگی ڕابردوودا بۆ هەموو دونیا ئاشکرا بوو، کاتێ هەموو بەرپرسانی عەرەب دانیان بەوەدا ناوە کە ئەوان هەموو هەوڵێکیان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت و قەت ڕێگە بەوە نادەن کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان. ئەمە لە کاتێکدا دەڵێن، کە هێزیان لێ بڕاوە و عیراق پووکاوەتەوە. ئەی ئەگەر دەستیان بڕوات دەبێ چیمان بەسەر بێنن؟. دەمانوت ئەگەری ئەنفال و بەعەرەبکردن لە بەین نەچووە، دەیان وت ئەمانە هەر وا ڕەش بینن، خەریکی ڕەخنە گرتنن و ورەی خەڵک لاواز دەکەن.
ئێستاش ئەمەی هاتووەتە کایەو، وەکو هەموو ڕووداوەکانی ئەم چارەکە سەدەیەی دوایی زیاتر بە هۆی فاکتەری دەرەکییەوە بووە. لە ئەنجامی ئاشبەتاڵی سوپاکەی مالیکی لە بەرامبەر چەتەکانی داعشدا، ئەم ناوچانە کەوتوونەتەوە دەستی کورد. جارێکی دیکە هەڵوێستی ڕوونی بەرپرسانی کورد لە مەر چارەسەرکردنی یەکجارەکی دۆزی ئەم ناوچانە دیار نیە و هەر یەکێک لە ئاوازێک دەخوێنێ. جارێک ماددەکە نەماوە و ئیدی پێویست ناکات باسی بکەین، بۆ سبەینێ باسی ڕاپرسی لەو ناوچانە دەکەین، کە هەنگاوی سێیەم و کۆتایی ماددەکەیه، لە کاتێکدا هەنگاوەکانی یەکەم و دووەم جێبەجێ نەکراون. ئێستاش ئەو عەرەبانەی بە مەبەستی تەعریب هێنران و قەرەبوو کرانەوە و هەموو شتێکیان تەواو بووە، بەشێکی زۆر کەمیان بەنێت، ئەوی دی نەچوونەتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان. هەمووشیان فێڵێکیان لە ماددەکە کردووە. ژ ن وپیاوە بە تەمەنەکانیان قەرەبوو کراونەتەوە و تۆماری باری شارستانی خۆیان گواستووەتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان، بەڵام ئەندامانی خێزانەکانیان: کوڕ، کچ، بوک و زاواکانیان لە کورکوک ماونەتەوە. زۆربەشیان کاتێ ماڵە کۆنەکانیان فرۆشتووە چوونەتە لای منداڵەکانیان بۆ ئەوەی لە لای ئەوان بژێن یا بەو پارەیە خانووی نوێیان کڕیوە. زۆر جاریش خانووی تاپۆداریان لە کورد کڕیوە، ئەمەی دواییش هەر خەریکی تەجاوز و تەجاوزکارییە کە هیچ بەڵگەیەکەی فەرمی بەدەسەتەوە نیە کە خاوەن موڵکە و دانیشتووی کەرکووکە و ئەگەر دوو ڕۆژی دی سەرژمێری بکرێت، ئەو کاتە دەردەکەوێ چیمان بەسەر هاتووە. بەهەزاران کوردیش قەرەبووی وەرگرتووە لە کاتێکدا نە گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک و نە لە کەرکووک دادەنیشێت.
سەرباری هەموو ئەمانە و بە هۆی شەڕی مەزهەبییەوە دەیان هەزار خێزانی عەرەب لەم دە ساڵەی ڕابردوودا ڕوویان لە کەرکووک کردووە و سەدان کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتییان بۆ ئەم شارە دروست کردووە و بوونەتە بارێکی قورس بە سەر شانی خەڵکەوە. لە دوای ماوەیەک ئەمانەش دەبن بە بەشێک لە دانیشتوانی شار و کێشەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەبێت.
ئەرکی لە پێشینەی کورد لەم کاتەدا بە تایبەتی لە کەرکووک ئەوەیە کۆمەڵێ هەنگاوی گرنگ هەڵبێنن و هەندێ شت لە سەر ئەرزی واقیع بەرجەستە بکەن. پێویستمان بەوە نیە باسی ڕاپرسی و ئەم شتانە بکەین. پێموایە هەنگاوی یەکەمین ئەوەیە لە گەنجانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە هێزی سەربازی بە توانا دروست بکەن و ڕاهێنانی تەواویان بۆ بکەن و چەک و پێداویستی تەواویان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکەکەی خۆیان بکەن. ڕاستە هەموو کوردێک ئامادەیە بەرگری لەو ناوچانە بکات، بەڵام گومانی تێدا نیە کە خەڵکی ئەو ناوچانە لە هەموو کەس زیاتر بەرژەوەندییان لەوەدایە بەرگری لە خاکەکەی خۆیان بکەن. هاوتەریبی ئەمە ئەوانەی کە لەو ناوچانە بە شێوەیەکی ناقانونی دەژێن دەبێت دوور بخرێنەوە یا لە کەمپی پەنابەران کۆ بکرێنەوە. ئامادەکردنی کادری شارەزا لە هەموو بوارەکاندا کارێکی پێویستە، بۆ ئەمەش باشترین ڕێگا ئەوەیە لە زانکۆی کەرکووک و لە هەموو کۆلێجەکانی خوێندنی کوردی لە تەک خوێندنی عەرەبیدا بکرێتەوه، یاخود زانکۆیەکی دیکەی حکومی لە کەرکووک بکرێتەوه، بۆ ئەوەی ئەوانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک تەواودەکەن لەو کۆلێجانە وەربگیرێن، نەک وەکو هەموو ساڵێک تووشی ئەو هەموو کێشە و بگرەو بەردەیە بێن. ڕاستکردنەوەی ڕێژەی کورد لە دەزگاکانی دەوڵەت بە تایبەتی لە کۆمپانیای نەوت و دەزگا هەستیارەکانی دیکەدا کارێکی گرنگە و دواکەوتن هەڵناگرێت. ئاشکرایە کە ڕێژەی کورد زۆر کەمە و بە دەیان هەزار گەنجی کورد ساڵەهای ساڵە خوێندنیان تەواکردووە و لە کەرکووک کەس دایاننامەزرێنێت و هەموو لە بازار و عەلوەکان کار دەکەن. ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پۆلیس کارێکی دیکەیە کە نابێت دوا بخرێت، چونکە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی گومانلێکراو خۆیان خزاندووەتە ڕیزەکانیانەوە.
ئەوانەی لەم کاتەدا لێدوانی توند لە دژی یەکدی دەدەن گوناحێکی گەورە بەرامبەر بە دواڕۆژی ئەم ناوچانە و هەموو کوردستان دەکەن.