ساڵی 1914 لە شاری #سلێمانی# لەدایک بووەو هەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی و کۆلیژی حقوقی لە بەغدا تەواوکردووە. لەژیانی وەزیفیدا وەک بەڕێوەبەری شارەدێ و قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی تا ساڵی 1963 خزمەتی کردووە. ساڵی 1933 کراوە بە کارگێڕی قوتابخانەی زانستی لە سلێمانی. ساڵی 1934 سکرتێر و جێگری سەرۆکی نووسینی گۆڤاری (#دیاری لاوان#) بوو. ساڵی 1970 لە #یەکێتی نووسەرانی کورد#دا بوو بە جێگری سەرۆک. ساڵی 1971 بوو بە ئەندامی (#کۆڕی زانیاری کورد#) . کۆتایی ساڵی 1977 کرا بەجێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی. لە #15-11-1980# خانەنشین کرا. ساڵی 1988 بەشداری لەو کۆڕە سێ ڕۆژییەی حکومەتی بەغدا کرد کە مانگی ئازار لە شاری #هەولێر# سازی کرد و لەوێ داوای کرد حکومەت لەگەڵ شۆڕشگێڕانی کورددا ڕێک بکەوێ و جوتیارە ڕاگوێزراوەکان بگێڕێتەوە شوێنی خۆیان. لەسەر ئەم هەڵوێست و پێشنیارانە نزیکەی دوو هەفتە پاش ئەوە لە سلێمانی گیرا و بێ سەروشوێن کرا. خوالێخۆشبوو شاکیر فەتاح (104) بابەتی بیانی کردۆتە کوردی و (31) بابەتی بە کوردی و عەرەبی نووسیوە و زیاتر لە (150) وتاری لەرۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکردۆتەوە.[1]
ناوی تەواوی (شاکر فەتاح ئەحمەد) ە، ساڵی 1914 لە سلێمانی لەدایک بووە، سەرەتای خوێندنی لە حوجرە بووە، دواتر چووەتە قوتابخانە و قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی و بەغدا تەواوکردووە و ساڵی 1936 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی حقوقی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ئێراق وەک بەڕێوەبەری شارەدێ و قائیمقام خزمەتی کردووە، ساڵی 1933 کارگێڕی قوتابخانەی زانستی بووە لە سلێمانی، ساڵی 1934 سکرتێر و جێگری سەرۆکی نووسینی گۆڤاری (دیاری لاوان دیاری لاوان) بووە، ساڵی 1970 بووەتە جێگری سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد، ساڵی 1971 بووەتە ئەندامی کۆری زانیاری کورد، کۆتایی ساڵی 1977 بووەتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسا دانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، لە 1980/11/15 خانەنشین بووە، مامۆستا شاکر فەتاح سەرباری خزمەتە ئیدارییەکانی بەشێکی زۆری ژیانی بۆ خزمەتی ئەدەب و کەلتوور تەرخانکرد و هەر لەسییەکانەوە بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردەوە و وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک لە ڕێی قەڵەمەکەیەوە خزمەتی زۆری کرد و خاوەنی سەدان وتارە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی، وەک نووسەرێکیش 64 پەڕتووک و نامیلکەی چاپکراویشی هەیە کە نووسینی خۆین یاخود وەریگێڕاون، شاکر فەتاح ئەگەرچی ماوەیەک ئەندام و جێگری سەرۆکی دەزگا کارتۆنییەکەی مەجلیسی تەشریعی ڕژێمی بەغدا بوو، بەڵام بەهەڵوێستێکی بوێرانە و بەگیان و خوێنی خۆی ئەو لەکەیەی سڕیوەتەوە،
ئەویش بەوەی کە لەسەروبەندی ئەنفال و لە 11-13ی ئازاری 1988 ئەمیندارێتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان لە هەولێر چەند سیمنارێکی بەناوونیشانی (گەلی کورد لەویژدانی سەرۆک سەدام حسێن دا) ڕێکخستبوو، بەشدارانی ئەو سیمینارە بەشان و باڵای سەدام و دەستکەوتەکانی ڕژێمی بەعسدا بۆ کورد هەڵیان دابوو، بەڵام مامۆستا شاکر فەتاح بە پێچەوانەی ئەوانەوە قسەی کردبوو و بەرگری لە شۆڕش و گەل و نیشتمان و زمانەکەی کردبوو وتبووی ئەبێ حکومەتی ئێراق گفتۆگۆ لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان بکات و گەمارۆی سەربازی لەسەر شارو گوندەکان لاببات و بەندەکانی بەیاننامەی ئازار جێبەجێ بکات و زمانی کوردی بەپێی ئەو بەیاننامەیە کارا بکات، ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی ئامادەبوانی سەرسام و نیگەران کردبوو هەر لەتۆڵەی ئەوەدا دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێنی بەعس شەوی 18 لەسەر19ی ئازاری 1988 لەماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیری دەکەن و دەیبەن بۆ ئەمنی هەولێر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە 1988-06-27 شەهیدی دەکەن و بە نووسراوێک وەک تێکدەر پێناسەی ئەکەن و داوای لە نەخۆشخانەی کۆماری هەولێر دەکەن کە بڕوانامەی وەفاتی بۆ دەربکەن، ئەمنی هەولێر تەرمەکەی ڕادەست بە کەسوکاری کاری ناکەنەوە و تا ئێستا گۆڕ ونە، دروود بۆ گیانی پاکی مامۆستا شاکر فەتاحی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و نیشتمانپەروەر.[2]
این مقاله بە زبان (کوردیی ناوەڕاست) نوشته شده است، برای باز کردن آیتم به زبان اصلی! بر روی آیکون
کلیک کنید.
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
این مقاله 51,779 بار مشاهده شده است
نظر خود را در مورد این مقاله بنویسید!