بنە خۆخ
گەر بتەوێ پیر نەبیت، قورس نییە؛
1
بڕۆ ڕاوە بەراز و گۆشتەکەی لەسەر ئاگرێکی هێمن ببرژێنە و نۆشی کە.
2
لەناو ڕەزاندا هێشووە ترێ خڕکەوە و دەیان شووشە و گۆزەی لێ پڕکە.
3
گەر پێخاوس بووی، لەڕۆژی هەینیدا بڕۆ بۆ مزگەوت و جوانترین پێڵاو بدزە و لەوێڕاوە بچۆ بۆ مەیخانە و بە قەرز، قاپێک عەرەق بخۆرەوە و لەگەڵ باڕمەنەکە نوێژ بکە.
4
ژنێکت خۆش بوێ کە ژنی پیاوێکی ترە.
5
سواری ئاو بە، ئاو لە هەموو ژنەکانی دنیا؛
لووس تر و
تەنک تر و
نەرم ترە.
6
وەک یەک؛
کۆتر و
کەو و
کەر و
کامامز و
حوشترت خۆشبوێ.
7
مەترسە ئەوەندە لە خودا نزیک بەرەوە تا دەست دەکەیتە ملی
درۆیە خودا،
شدید العقاب نییە
8
خودا سەندەویجێکە هەر منداڵێ برسی بوو، لێی دەخوا.
9
خودا بنە هەنجیری خێراتە کە هەژارەکان، حەزیان چووە شیرینی دانەیەکی لێ دەکەنەوە.
10
خودا دارگوێزێکە لە خۆشەویستی.
بە کزەبایەک گوێزەکانی لێ دەکەوێتە خوارێ.
سمۆرەکان لە کونی داردا کۆی دەکەنەوە.
11
خۆم خوام دیوە دەستی بەسەری پشیلەیەکی لاق شکاو داهێناوە.
ڕووناکی بەخشیوەتەوە سەگێکی کوێر
بە مەیموونی گوتوە، کێ پێت دەڵێ ناشیرین، تۆ گەلێک جوان و ئێسک سووکی.
بە گوێدرێژی گوتوە شەرم لە کەس نەکەی کەی ویستت دەنگت هەڵێنە و گۆرانی بڵێ.
12
گەر دەتەوێ پیر نەبیت، سەخت نیە
هێشوە بەرسیلەیەکت خۆش بوێ و بە دیاریەوە دانیشە تا دەبێ بە ترێ.
13
پشت مەکە ئەو پەڕەسێلکەیەی کە خەریکی چاک کردنەوەی هێلانە ڕووخاوەکەیەتی.
14
فەرشی سوور بۆ بایەکی ماندوو ڕابخە با تاوێک لەکۆشکی ئارامیدا پشوو بدات.
15
گەر بتەوێ پیر نەبیت، نیوە شەوێک تامان بشکێنەو بچۆ نێو دارستانێکی بەردارو لەگەڵ بنە قۆخێکدا؛
زەماوەند بکە.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]