لە پەڕاوێزی بەڕێوەچوونی دووەم ڤێستیڤاڵی وەرزی 2023ی بەشی کاراتی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# کە بە چاودێری کارگێڕی یانە بەڕێوەچوو، ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتی یانەکە پشتێنی 38 ساڵ خزمەتی بە یاری کاراتی بەخشییە #شڤان عوسمان#ی کاپتنی یانەی پێشمەرگە و هەڵبژاردەی ئێراق.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی #22-12-2023# و لەنێو هۆڵی تایبەت بە یانەی وەرزشی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان حاکم #مەحمود ئەحمەد موراد# جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە،
(م. شێرزاد محەمەد حەسەن سکرتێری یانە، م. ئیبراهیم قاسم ڕاوێژکاری وەرزشی سەرۆک، وسام محەمەد، #کەلسوم محەمەد# و نەشمیل محەمەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانە) لە مەراسیمێکی شایستەدا، کاپتن ئەرسەلان مورادی ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە پشتێنی سپی سەرەتایی دەستپێکی یاری خۆی بەخشییە ئەو یاریزانە پاڵەوانەی کە نوێنەرایەتی پێشمەرگەکان و هەڵبژاردەی ئێراق لەپاڵەوانێتییە دەرەکییەکان دەکات، ئەمە و دوایی بەخشینی ئەو پشتێنە ئەرسەلان مورادی تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی، لە هاوینی ساڵی 1986ی زاینییەوە من وەک یاریزان دەستم بە یاری کاراتی کردووە کە تا ئێستا 38 ساڵ دەکات وە لەو دەمەوە تا ئەمڕۆ یەکەم پشتێنم کە ڕەنگی سپییە پاراستووە و هەر بۆیە بە ئەمانەتەوە وەک دیارییەکی بەنرخ کە خەمڵاندنی دارای بۆ ناکرێت بەخشیمە باشترین یاریزانی تیمەکەمان کە کاپتن شڤان عوسمانە.
مورادی ئەوەشی نەشاردەوە کە بە چەندان قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە و توانیویەتی لە ڕێکەوتی #10-03-2021# دا پشتێنی دان 7 کە بە یەکێک لە بەرزترین دانەکان هەژمار دەکرێت لەسەر ئاستی جیهان بەدەست بهێنێت.
ئەرسەلان وتی، ئێمە نەوە لە دوایی نەوە هاتووین و هەر بەو شێوەیەش تەمەن جێمان دەهێڵێت و بۆ هێشتنەوەی یاری کاراتی و بەهێزتر بوونی پێگەکەی بە گرنگمان زانی بناغەیەکی پۆڵاینی بۆ دابنێین کە خۆشبەختانەش لەنێو یانەی وەرزشی پێشمەرگەدا ئەو پێگەیە ڕەگی خۆی داکوتیوە و بۆ داهاتووش بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت کە کاپتن شڤانمان دەستی لە بەرەو پێش چوونی ئەو یاریەدا لە یانەکەماندا هەیە و بۆ داهاتووش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
لە کۆتایش ئەرسەلان مورادی سوپاسی تایبەتیی حاکم مەحمودی جێگری سەرۆکی یانەکەیان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کرد بۆ پاڵپشتی تەواویان لە تیمی کاراتی و هەروەک وتی، دەستی ماندوو بوونی تەواوی ڕاهێنەران و هاوکارانم دەگوشم کە شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ خزمەت بە یاری کاراتی لە یانەی وەرزشی پێشمەرگەدا. [1]