#فوئاد قەرەداغی#
بەشی دووەم
ڕاستکردنەوەی چەند بیروبۆچوونێک سەبارەت بە کوردستانیبوون و ئێراقچێتی
شاڵاوی تۆمەتبارکردن و کفراندن و شێواندنیش دەربارەی ئەو ململانێیەی ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمەڵە ، هێشتا خاونەبۆتەوە ، تەنانەت ئەمڕۆش وەک دوێنێ لە ململانێ حزبی و شەخسییەکانیشدا بەکاردەهێنرێت ، بۆیە کەم بابەت هەیە ئەوەندەی ئەمە لەسەری نووسرابێت . بەشێکی ئەو نووسینانە پشت بە بیستن دەبەستن ، بەشێکیان تێکەڵیی تێدایە لەگەڵ کاتێکی زووتر لە دامەزراندنی کۆمەڵە یان لەگەڵ کاتێکی درەنگتر کە چەند ساڵ دوای یەکلاییکردنەوەی ململانێکەی یەکەم ساڵە . یەکێک لە دیاردەکانی ئەم نووسینانە جگە لەبێئاگایی ، لەبیرچوونەوەشە ، سەبارەت بە مێژوویەک زێتر لە چل ساڵە تێپەڕبووە ، بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەم ئەوەندەی بیرم بێت ، هەندێک زانیاری و بیروبۆچوون دەربارەی ئەو ململانێیە ، کە لە نووسینی هاوڕێ دێرینەکانمدا هاتوون و ئێستا لەبەردەستمدان ، وەکوو خۆی بگێڕمەوە .
یەکەم: پەڕتووکی چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە – نووسینی برایم جەلال جگە لەوەی قەوارەیەکی ئێجگار گەورەی بەم ناکۆکییە داوە و ، ململانێی نێو کۆمەڵگەی کوردستانی وەها وێناکردووە کە سەرانسەری ئەو مێژووەی گرتبێتەوە ، چەند زانیاری هەڵەی تێدایە کە بیستوویەتی و بەهەڵە پێیانگەیاندووە یان بەهەڵە ئەم وەریگرتووە . بۆ نموونە نووسیویەتی: ئەوەندەی من لە دەمی هەندێ لەو هاوڕێیانەی بەشداری کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵە بوون و بۆیان باس کردووم ( فەرەیدون قادر لە ساڵی 1970 لە شاری بەغدا ، شەهید شەهاب لە ساڵی 1974 لە شاری کەرکووک ، #نەوشیروان مستەفا# لە ساڵی 1978 لە ناوزەنگ ) خاڵەکانی جیاواز لەنێوان ئەو سێ دەستەیەدا ، ئەم خاڵانەی خوارەوە بوون: 1 – کەسانێک لە دەستەکەی مام جەلال وەک ( فٶاد شێخ ئەنوەر ، ئەشرەف شێخ شەرەف ، خوالێخۆشبوو فازیلی مەلا مەحمود ) خاوەنی ئەو بیرە بوون کە هەوڵ بدرێ کۆمەڵە بکرێ بە ئێراقی و ببێتە ئەلتەرناتیڤی حزبی شیوعی ئێراق ، لە کاتێکدا کە هەردوو دەستەکەی تر دژی ئەو بیروڕایە بوون ، بەڵام دژی ئەوە نەبوون کە لەناو کۆمەڵەدا ئەو بۆچوونە تاوتوێ بکرێ و مشتومڕی لەسەر بکرێ . ل 23 .
لێرەدا بە کوورتی تێبینیەکانم لەسەر ئەم پەرەگرافە دەنووسم:
- کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵە نەوشیروان مستەفای تێدا نەبوو ، بۆیە لەو باوەڕەدا نیم نەوشیروان خۆی بە خاوەنی کارێک بکات کە نەیکردبێت.
- لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەدا بەشداربووان یەک دەستە بوون و ئەوکاتە یەک فیکرو یەک ھەڵوێست بوون و ھیچ ناکۆکییەکیان لەسەر بەرنامەی کۆبوونەوەکە نەبووە ، نە باسی ئێراقیبوون و کوردستانیبوون کراوە و نەباسی حزبی شیوعی ئێراق .
- ساڵی 1970 ، کاک برایم جەلال وەک ئەندام پەیوەندی بە کۆمەڵەوە نەبوو ، یەکەمجار لە دواڕۆژی کۆنگرەی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان لە ساڵی 1971 دا ، دوای پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی حزب و چوونەوە بۆ ناو پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانی ، لە پشوویەکی نێوان دوو دانیشتنی کۆنگرەکەدا ، سەبارەت بە بوونی ڕێکخراوێکی نوێ ئاگادارمکرد ، ئەویش پێیخۆشبوو و ئامادەیی بۆ کارکردن دەربڕی .
- لە قۆناغی خۆئامادەکردندا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵە دەستەیەک نەبوو بەناوی دەستەی مام جەلال – ەوە ، ئێمە هەموومان پەیوەندیمان بە مام جەلال – ەوە هەبوو ، ئەو پشتگیریی کارێکی وەھایدەکرد وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ حزب کە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی ھەبوو ، بە مەبەستی نزیکبوونەوەو یەکخستنمان ئاڕاستەی دەکردین ، بەڵام کە یەکێک لە دەستەکان ساردییان نیشاندا ، بەشداری ئێمەی لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا کرد .
- مام جەلال مێژوویەکی لە ململانێی ئێراقی و کوردستانیدا هەبوو ، لەو مێژووەدا ئەو هەمیشە کوردستانی بووە ، کەواتە بە لۆژیک نابێت کەسانێکی ئێراقی دەستەی ئەوبن ، ئەمە جگە لەوەی لەو سەرەتایەدا کەسێک نەبوو لە هیچ دەستەیەکدا باسی ئێراقی و کوردستانی بکات ، ئەوە کێشەیەک بوو کە دوای دامەزراندن بە ماوەیەک هاتەپێشەوە.
- لە هیچ قۆناغێکدا هەوڵنەدراوە کۆمەڵە ئەلتەرناتیڤی حزبی شیوعی ئێراق بێت و جێی ئەو بگرێتەوە . ئێمە ، سەرجەم هاوڕێیان بڕوامان بە حزبێکی شێوە نوێ بوو کە لە ئایدیاو سیاسەت و کارکردن و ستڕاتیژیدا تەواو جیاوازبێت لە حزبی شیوعی ئێراق ، خۆ ئەگەر ئەم بۆچوونەی کاک برایم وەهابوایە ئەوا دەچووینە ڕیزەکانی حزبی شیوعی – قیادەی مەرکەزییەوە کە ئەو حزبە بوو بتوانێت ئەلتەرناتیڤی حزبی شیوعی – کۆمیتەی ناوەندی بێت .
- هەر بەپێی لۆژیکی تاووتوێکردنی ئەو مێژووە ، کە هێشتا خۆئامادەکردن هەبێت و ، دەستەدەستەی بۆ درووستبووبێت ، ئەوا قسەکردن لەسەر ئەوەی دوو دەستە دژی ئەوە نەبوون مشتومڕ لەسەر ناسنامەی کۆمەڵە بکرێت جێیەکی نابێتەوە ، دواتریش ئیتیجاهی کوردستانی بە ڕاپرسی مەسەلەکەیان یەکلاییکردەوەو ئامادەنەبوون لە ناوەوە ململانێ بکەین . تەنیا کەسێک کە ئەو ئامادەییەی نیشاندا ، شەهید ئارام بوو ، ئەویش ئەو کاتەی لە قەرەداغ بوو ، داوای لە هاوڕێیەکمان کردبوو بگەڕێینەوە ناو کۆمەڵەو بە فیکری خۆمانەوە کار بکەین .
هەر لە هەمان پەڕتووکدا ، نووسەر باسی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی دەکات و دەڵێت: لە 17 -9 - 1971 دەستم بە کاری فەرمانبەری وەک ( أمین صندوق ) لە دائرەی تەقاعودی سلێمانی کرد . لەناو کۆمەڵەدا پاش گەڕانەوەم لە بەسرا ، هەر لە سلێمانی لە شانەیەکدا بووم کە پێکهاتبوو لە ( فوئاد شێخ ئەنوەر قەرەداغی ، ئەشرەف شێخ شەرەف تاڵەبانی ، ئاوات عبدالغفور ، بەندە ) . هەر لە یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵیاندا هەستم بە بوونی ناکۆکییەکی بیروڕا لەنێوانیاندا کرد ، بە ئاشکرا فٶادو ئەشرەف داوای گرتنەبەرو چەسپاندنی ڕێبازی ئێراقیان لەناو کۆمەڵەدا دەکرد ، ئاوات و بەندەش لایەنگری ڕەوتی کوردستانی کۆمەڵە بووین ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل 32 ) .
لەڕاستیدا ، لەنێو کۆمەڵەدا ، لەو ماوەیەی ئەندامی بووین ، من لە سلێمانی ، لەھیچ شانەیەکی کۆمەڵەدا نەبووم وەک نووسەر باسیدەکات . ئەو مێژووەش کە دیاریکردووە ( 17 - 9 - 1971 ) دەکەوێتە دوای دەرچوونی هێڵی ئێراقی لە کۆمەڵە . لەو بەروارەدا ئێمە ( ئەشرەف تاڵەبانی و فوئاد قەرەداغی ) زێتر لە مانگێک بوو لە کۆمەڵەدا نەمابووین ، نەوەک ئەندامی ئەڵقەی ناوەندی و نە وەک ئەندامێکی ئاسایی ، ئیتر چۆن لە شانەدا ڕێکخراوین ؟ سەبارەت بەوەش کە هەستیکردبێت ناکۆکی بیروڕامان هەبێت ، ڕاستدەکات چونکە چەند جارێک لەو ماوەیەدا چاومان بەیەک کەوتووەو ، دەشێت یەکێک لە باسەکانی نێوانمان ئەو ناکۆکییە بووبێت .
نووسەر لە چەند شوێنێکیتردا دێتەوە سەر ئەو ناکۆکییەو بیری ئێراقچێتی وەک لەم پەڕەگرافانەدا هاتووە:
- سەرهەڵدانی بیری ئێراقچێتی لەناو کۆمەڵەدا ، هەر لەناو دەستەی دامەزرێنەرەوە تا ئەڵقەکانی ڕۆشنبیری تەنییەوە ، ئەوەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی مشتومڕێکی تێرو پڕو چڕ لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا ( پەڕتووکی چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل 33 ) .
- سەرانی بیری ئێراقچێتی لە ئاستی سەرەوەی ڕیزەکانی سەرەوەی کۆمەڵەدا بریتی بوون لە ( فازیلی مەلا مەحمود ) ..... شاسوار جەلال ناسراو بە ( شەهید ئارام ) کەدوای ئاشبەتاڵ و گرتنی زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە لە 1975 دا ....... گرتنی بە کۆمەڵی ئەندامانی سەرکردایەتی و سکرتێری کۆمەڵەی بەهەل زانی بۆ درووستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان و کۆکردنەوەی زۆربەی ئەندامە کۆنەکان خاوەن ڕەوتی ئێراقچێتی لەناویاندا ...... فوئاد شێخ ئەنوەر قەرەداغی ، ئەویش وازی لەکار هێنا لە ڕیزەکانی کۆمەڵەداو خۆی بەکاری نووسینەوە خەریک کرد و ڕۆژێ لە ڕۆژان دژایەتی کۆمەڵەی نەکرد ...... ئەشرەف شێخ شەرەف ، ئەمیش خۆی لەکار لەناو کۆمەڵەدا کشاندەوە .
ئەو بەڕێزانەو هەندێ ئەندامی خوارەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵە هەوڵی زۆریاندا بۆ سەپاندنی ڕێباز و ڕەوت و بیرو ئایدیۆلۆژی ئێراقچێتی لەناو کۆمەڵەداو پاشان داڕشتنی پەیڕەوێکی ناوخۆی حزبێکی ئێراقی سەرتاسەری بۆ کۆمەڵەو گۆڕینی ناوەکەشی بە کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی عراقی – بیری ماو. ( هەمان سەرچاوەی پێشوو ل 33 ) .
نووسەری ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) بۆ زێتر گەورەکردنی ئەو ناکۆکییەو زەقکردنەوەی وەک فاکتەرێکی بنەڕەتیی خەباتی سەرەکیی ئەو سەردەمە ، لە چەند شوێنیدیکەدا نمایش و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات ، وەک لەم چەند پەڕەگرافەدا وەکوو خۆیان دەیاننووسمەوە:
- سەرهەڵدانی بیری ئێراقچێتی و ناکۆکی لەگەڵ لایەنی بیری کوردستانی لەناو کۆمەڵەدا ، بووە هۆی پەیدابوونی مشتومڕێکی زۆرو گرتنەبەری ڕێبازی دیالۆگ بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو کێشەیەو ، بوو بە فاکتەرێکی زۆر کاریگەر لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی کۆمەڵەدا لەڕووی چۆنایەتییەوە ، هەردوولا واتە ( ئێراقی و کوردستانی ) تەقەلای ئەوەیان دەدا ، کە ڕاستی و ڕەوایی بۆچوونەکانی خۆیان بسەلمێنن ، بۆ ئەمەش پەنایان دەبردە بەر دەیان سەرچاوەی کوردی خۆماڵی و ئێراقی و ناوچەیی و دەرەوە ، لە هەموو بوارەکانی ( مێژوویی ، فەلسەفی ، ئابووری ، جیۆپۆلیتیکی ، ئەزموونی گەلان و وڵاتانی شۆڕشگێڕی سەرکەوتوو و ژێرکەوتوو ، گەلان و وڵاتانی داگیرکراو ، نیمچەکۆلۆنی ، نووسینەکانی مارکس ، ئەنگڵز ، لێنین ، ستالین ، هۆشی منە ، ژەنەڕاڵ جیاب ، ماو تسی تۆنگ ، لین بیاو ، ئەنوەر خۆجا ، منیر شفیق ... هتد ) . ( هەمان سەرچاوە ل34 ) .
نووسەر لە هەمان لاپەڕەی پەڕتووکەکەیدا درێژە بە نووسین لەسەر ناکۆکییەکە دەدات و دەڵێت: ئەو ململانێ ناوخۆییە ماوەی نزیکە ساڵێکی خایاند ، تا دواجار بڕیاردرا کە بۆ ماوەی ( 2 ) مانگ هەردوو بۆچوونەکە بە بەڵگەکانیانەوە بخەنە بەردەم ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە تا لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا بە شێوەیەکی دیموکراتیانە ڕای خۆیانی لەسەربدەن و لە ئەنجامدا زۆرینە بەلای کام لایەندا بوو ، ئەوەیان بمێنێتەوەو ئەوی تریان بێ ( تکتل و انشقاق ) وەک تاک لە کۆمەڵە بچنە دەرەوە. لە ئەنجامدا لە مایسی1972 لایەنی کوردستانی زۆربەی هەرە زۆر دەرچوو ، ئەوانەش کە لایەنی بیری ئێراقی بوون لە کۆمەڵە چوونە دەرەوە.
بەو هەڵبژاردن و دەنگدانە زۆر نهێنییەی کۆمەڵە ، ڕێگای برایانەو دیموکراتیانەو لۆجیکی بۆ لابەلاکردنەوەی ناکۆکی ناوخۆ گرتەبەرو سەرکەوتوانە بێ زیان گەیاندن بە کۆمەڵەو ڕێکخستنەکانی کێشەکە چارەسەرو لابەلاکرا . ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل34 ) . ئینجا دەربارەی هەمان پرس ، کە چەند ساڵێک دواتر لە کۆمەڵەدا سەریهەڵداوەتەوە دەنووسێت:
- بیروڕای ئێراقچێتی لە ناو کۆمەڵەدا تا درووستبوونی ئاشبەتاڵ سەری هەڵنەدایەوە ، بەڵام پاش تێکشکان و پەرش و بڵاوبوونی شۆڕشی ئەیلول و ئاشبەتاڵکردنی بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، کۆمەڵەش کەوتە بەر زەبری شکستی ئاشبەتاڵ و ئەویش ناکۆکی و دوو و سێ بەرەکی کەوتە ناو ڕیزەکانییەوەو جارێکی تر بیروڕای ئێراقچێتی لە ناویا سەری هەڵدایەوە . ( هەمان سەرچاوەی پێشوو ل 35 ) .
لە شوێنێکیدیکەی پەڕتووکی ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) دەربارەی هەڵوێستی شەهید شەهاب لە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە ، نووسەر وەها دەنووسێت:
- ... ڕێزی زۆر لە بیروڕای جیاواز لە هی خۆی دەگرت ، پێی وابوو ، بیروڕای ڕاست ئەوەیە ، کە زۆربە پەسندی بکات ، گەرچی هەڵەش بێت ، هەر بۆیەش لە ساڵی1971 دا لە سەرهەڵدانی بیری عێراچێتی لەناو کۆمەڵەدا ، هەرگیز بڕوای بەوە نەبوو ، کە بە بڕیاری سەرپێی سەرکردایەتی ململانێی نێوان کوردستانی و ئێراقی ناو کۆمەڵە چارەسەر بکرێ ( ل54 ) ، پێی وابوو ، بڕیاری سەرەوە ( قرار فوقی ) پەیڕەوکردنی دیکتاتۆرییەتی حزبییەو دوورە لە ڕاستی ، بۆیەو لەسەر داواو سووربوونی شەهید شەهاب بڕیاردرا کە هەردوو بیروڕاکە لە کوردستانی و ئێراقی کۆمەڵە ، بخرێتە بەردەم ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە بۆ مشتومڕ لەسەرکردن و سەلماندن بە یەکتری و بڕوابوون بە بیروڕاکەو پاشان گێڕانەوەی ئەنجام بۆ بڕیاری زۆرینە . ئەو هەڵوێستە دیموکراتیانەیەی شەهاب وای لەو هەڤاڵانەی ، کە بڕوایان بە ئێراقی کردنی کۆمەڵە هەبوو ، کرد ، کە خۆیان لە کۆمەڵە دووربخەنەوەو بچنە دەرەوە . ( ل 55 ) .
لێرەدا ، ئەوەندەی پەیوەندی بە ناوەرۆکی نووسینەکەمانەوە هەبێت و ، بۆ ئەوەی تووشی دووبارەبوونەوەیەکی زۆر نەبین ، بە چەند خاڵێک ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو پەرەگرافانە دەدەم:
1 ) نووسەر ئاگای لە جیاوازی نێوان ئەڵقەی ڕۆشنبیریی بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەو دوای دامەزراندن نییە . بەر لە دامەزراندن هەر هەموو هاوڕێیان جۆرێک پەیوەندیی چەند کەسییان بۆ گفتوگۆو خوێندنەوە لەگەڵ یەکدا هەبوو کە لەنێو خۆماندا ئەڵقەی ڕۆشنبیریمان پێدەوت ، ئەم ئەڵقانە دوای دامەزراندنی کۆمەڵەو دەستبەکاربوون ، بووە شانەی ڕێکخراو و هاوڕێیان تیایاندا سیفەتی ئەندامیان هەبوو ، جگە لەوەش ئەڵقەی ڕۆشنبیریشمان هەبوو بۆ دۆست و لایەنگیرانی فیکرو ڕێبازەکە بەر لەوەی ببنە ئەندام و لە شانەدا ڕێکبخرێن . لەبەر ئەوە مشتومڕ لەنێو ئەندامانی ڕێکخستندا بوو ، دواتریش هەر ئەندامەکان بەشداریی ڕاپرسیەکەیان کرد .
2 ) کاک برایم بە هەناسەیەک دەنووسێت ، کە نامۆیە بەجۆری پەیوەندیی هاوڕێیانەی نێوان هەردوولایەنی ململانێکە لەسەردەمی سەرهەڵدانیدا . ئەو وەک باند ( عصابة ) لە هاوڕێیانی ، ئەو وتەنی ئێراقچی دەنواڕێت و بە سەرانی بیری ئێراقچێتی ناویان دەبات . لەکاتێکدا ئەو هاوڕێیانە دوای یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکەش ، هەر هاوڕێی یەکتریبوون و هەمیشە ڕێزی یەکترییان گرتووە . پاشان کە دێتە سەر دیاریکردنی ناوی ئەو سەران ە لە ئاستی سەرەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵەدا تەنیا ناوی ( فوئاد قەرەداغی و فازیلی مەلا مەحمود ) ی بەڕاستی نووسیوە ، لە خۆیەوە دوو ناویدیکەی خستۆتەسەر کە ( شاسوار جەلال ناسراو بە ئارام و ئەشرەف شێخ شەرەف تاڵەبانی ) ن کە ئەوکاتە شەهید ئارام لە ڕێکخستنی بەغداو کاک ئەشرەف – یش لە ڕێکخستنی سلێمانیدا کاریان دەکرد . ئەوەشی کە زێتر سەرنجڕادەکێشێت باسکردنی ئارامە وەک سەر ێکی ئێراقچی لەکاتێکدا دەزانێت کە شەهید ئارام لەو ململانێیەدا پشتگیریی لایەنی کوردستانیی کرد و لەناو ڕێکخستنی کۆمەڵەدا مایەوە .
دیارە ئەم هەڵوێستە توندەی دوو هەڵەشی پێکردووە: یەکەم بەوەی کە ئێراقچێتی بە ڕێباز و ڕەوت و بیرو ئایدیۆلۆژی ناوزەد دەکات ، کە زاراوەی ئێراقچێتی سەرجەمی ئەو زاراوانەی ڕیزیکردوون ناگرێتەخۆی و ، مەگەر تەنیا یەک ئاماژە بەدەستەوە بدات ، ئەویش تەنیا شوناس سنووری کارکردنە ؛ دووەمیش بەوەی ( گوایا ) ویستویانە ناوی کۆمەڵە بگۆڕن بە ( کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی عراقی – بیری ماو ) کە ناوێکی وەها لە ئەدەبیاتی حزب و ڕێکخراوەکانی ئەو سەردەمەدا بوونێکی نەبووەو ئەوەی باوبوو ، حزب ورێکخراوەکان ، یان دوای وشەی کۆمۆنیست ( مارکسی – لێنینی ) یان پێوە دەلکێندرا ، یان هەر بێ ناوی کۆمۆنیست ( مارکسی لێنینی ) وەک ناوی حزب یان ڕێکخراوەکە بەکاردەهێنرا ، ئەوەشی کە ( گوایا ) ئێمە ویستوومانە پەیڕەوێکی ناوخۆی حزبێکی ئێراقیی سەرتاسەری بۆ کۆمەڵە داڕێژین ، دوورە لەڕاستییەوە و لەسەر بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانماندا نەبوو ، وەکوو لە شوێنێکیدیکەدا ئاماژەم بۆ کرد ، ئەرکی نووسینی بەرنامەو پەیڕەوەکە بە من سپێردراو ، بە دەنگی هەموو ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر پەسەندکرا و ، چەند دانەیەکی لێ چاپکراو بۆ ڕیزەکانی ڕێکخستن نێردران .
3 ) ڕاستە ، وەک نووسەری ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) دەڵێت ، ئەو ناکۆکییەی ساڵی یەکەمی کۆمەڵە بووە هۆی مشتومڕو خوێندنەوەو دایەلۆگ ، بەڵام لەگەڵ نووسەردا هاوڕانیم کە بووبێتە مایەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی چۆنایەتی ی کۆمەڵە ، بەڵام دواتر بەرەنجامی یەکلاییبوونەوەی شوناسی کوردستانی بۆ کۆمەڵە ، بووە ھۆی گەشەپێدانی چەندایەتی ی کۆمەڵە ، نەک هەر ئەوە ، بەڵکوو بۆ ساڵانێکی دوای دامەزراندنیشی ، کاریگەریی نەرێیانەی لەسەر دانابوو ، بۆیە هەمان گرفت ناوە ناوە لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا سەریهەڵدەدایەوە و دیسان هەژان و شپرزەییەکی بۆ درووستدەکرد .
نووسەر بۆ سەلماندنی ئەو ڕایەی کۆمەڵێکی زۆر بابەت و سەرچاوەی کوردی خۆماڵی و ئێراقی و ناوچەیی و دەرەوە ناودەبات کە ( گوایا ) ئەندامانی کۆمەڵە بەهۆی ئەو ململانێیەوە پەنایان بۆ بردووە . لەڕاستیدا نازانرێت نووسەر باسی چ کاتێک دەکات ، ئەگەر مەبەست ساڵی یەکەم بێت و وەک کارێکی نێو ڕێکخستن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە پەیڕەوکرابێت ، ئەوە بەو جۆرە نەبووە ، ئەگەر دواتربێت ئەوا من ئاگادارنیم . ئەو کاتە سەرچاوەی کوردی خۆماڵی لە هەموو ئەو بوارانەی نووسەر باسیاندەکات دەگمەن بوو ، لەوەش ناگەم مەبەست لەسەرچاوەی ئێراقی و ناوچەیی و دەرەوە چییە هەتا ڕایەکی لەسەر بدەم ؛ ئەوەندەی ئاگارداربم و سەرجەم هاوڕێیانی ئەو سەردەمەش ئاگادارن کە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەموو ئەو سەرچاوانە لە پەڕتووکخانەکانی ئێراقدا ھەبوون و بە ئاشکرا دەفرۆشران ، بەتایبەتی لە شارەکانداو بەئاسانی دەستدەکەوتن ، جگە لەوەی پەڕتووک گۆڕینەوە بۆ خوێندنەوەو گفتوگۆکردن لەسەری ، لەنێوان هاوڕێیان هەبوو چ پێش دامەزراندنی کۆمەڵەو چ دوای دامەزراندنیشی ، لەبەر ئەوە تەنیا بۆ گەورەکردنی قەوارەی ململانێکە ، نووسەرئەم پەڕەگرافەی داڕشتووەو ئەو ھەموو ناوەی ڕیزکردووە .
4 ) ڕاستە ، ململانێکە ، ئەو کاتە ، نزیکەی ساڵێکی خایاندو بە چوونەدەرەوەی لایەنی ( ئێراقی ) کۆتاییهات ، بەڵام وەک ناکۆکییەکی بونیادیی بنبڕ نەبوو ، بەڵکوو بۆ ماوەیەک خامۆش بوو . واتە ئەو سەرکەوتنەی لە ڕاپرسییەکەدا لایەنی کوردستانی بەدەستیهێنا کاتیی بوو ، نووسەر لە پەڕەگرافێکیتردا دان بەوەدا دەنێت کە دوای هەرەسی ساڵی 1975 جارێکیتر بیروڕای ئێراقچێتی لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا سەریهەڵداوەتەوە .
5 ) من وەک هەڵسووڕاوێکی لایەنێکی ململانێکە بەبیرمنایەت ماوەی دوومانگ دانرابێت تا هەردوو بۆچوونەکە بەڵگەکانیان بخەنە بەردەم ڕێکخستنەکان . یان بڕیار لەوەدرابێت کە لە ئەنجامدا کێ زۆرینەبوو بمێنێتەوەو ئەوی تریان بێ ( تکتل و انشقاق ) وەک تاک لە کۆمەڵە بچنە دەرەوە .
لەڕاستیدا نازانم ڕاپرسییەکە چەندی خایاند ، بەڵام دڵنیام خستنەڕووی بەڵگە لە ئارادا نەبووە ، ئاخر بەڵگەی چی و لەسەرچی ؟ لەرێکخراوێکدا هێشتا تەمەنی نەگەیشتبێتە ساڵێک و ، تەنیا خۆی دوو بەڵگەنامەی هەبێت کە ئەوانیش ( بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆو ، هەڵسەنگاندنی حزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان و ئێراق ) بوون .
نووسەر لە ساڵی دەرکەوتنی ئەنجامی ڕاپرسییەکەدا ، بەهەڵە ساڵی 1972 ی نووسیوە ، بەڵام ڕاستییەکەی ، لە کۆتایی مانگی تەموزی ساڵی 1971 دا بوو .
6 ) دوا پەڕەگراف کە لە پەڕتووکەکەی کاک برایم وەرمگرتووە ، دەربارەی هەڵوێستی شەهید شەهابی شێخ نووری – یە . لێرەدا ئەگەرچی نووسەر ویستوویەتی وەسفێکی باشی ئەو بکات بەڵام بەپێچەوانەوە کەوتۆتەوە . شەهید شەهاب وەک کەسێکی مارکسی بیریدەکردەوە ، بۆیە لەو بڕوایەدانیم کە باوەڕی وەهابووبێت: بیروڕای ڕاست ئەوەیە ، کە زۆربە پەسندی بکات گەرچی هەڵەش بێت بە تایبەتی ھەمووان ئاگاداری ھەڵوێستی لێنین بووین لە بەرپاکردنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کاتێک کۆمیتەی ناوەندیی حزب بڕیاری نەدا و لێنین و کەمایەتییەک بڕیاری شۆڕشیاندا. پاشان کاک برایم ئەمە دەکاتە بنچینە بۆ ئەوەی کە ئەو بڕیاری سەرەوە ( قرار فوقی ) ڕەتکردۆتەوەو سوور بووە لەسەر وەرگرتنی ڕای ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە ، کەڕاستییەکەی ئەوەیە کەسێک لەو ڕۆژانەدا باسی ئەوەی نەکردووە کە دەبێت بڕیار لەسەرەوە بۆ بەرژەوەندی لایەنێک بدرێت تا کەسێکی تر سووربێت لەسەر بڕیاری زۆربەی ڕێکخستن ، مەسەلەی ڕاپرسییەکەو ئەنجامەکەشی ، وەک پڕۆسەیەکی دیموکراسی ، هەمووان پەسەندییانکرد. نووسەر ئەم ڕەوشت و پرنسیپە دیموکراتییە تەنیا بە هەڵوێستی شەهید شەهاب دەزانێت و ، بەرەنجامێکی هەڵەشی لەسەر بنیاتناوە بەوەی کە وای لەو هەڤاڵانە کردووە ، ( گوایا ) کە بڕوایان بە ئێراقی کردنی کۆمەڵە هەبوو ..... خۆیان لە کۆمەڵە دووربخەنەوەو بچنە دەرەوە . ( بڕواننە پەرەگرافەکە نووسەر لە بری هاوڕێ وشەی هەڤاڵ بەکاردەهێنێت ل 55 چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) .
دووەم: بڵاوکراوەی کۆمەڵە ، کە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەریدەکرد ، زنجیرەیەک وتاری دەربارەی پرسی ( کوردستانی و ئێراقی ) بڵاوکردۆتەوە ، لەم وتارانەدا هەمان تۆمەتەکانی سەرەتای ناکۆکی گوتراونەتەوە و ، تێیاندا هەوڵی تیۆریزەکردنی پرسەکە بەلای ڕووکارە کوردستانییەکەیدا دراوە . ئەو وتارانە لەبڵاوکردنەوەیەکی کۆمەڵەدا بەناوی ئەرکەکانی ڕێکخستن و هەندێ بابەتی ڕێکخراوەیی دا هاتووە کەساڵی 1989 لە چاپخانەی ئیبراهیم عەزۆ چاپکراوە . لێرەدا چەند پەرەگرافێک لە دوو ژمارەی ئەو بڵاوکراوەیە دەگوێزمەوە:
- . . . لە کوردستانیشدا ، هەر لە یەکەمین ساڵی تەمەنی کۆمەڵەدا ، دەستەیەکی بان چەپ ( مەبەستی نووسەری وتارەکە ئەو ھاوڕێیانەیە کە پێکەوە لە کۆمەڵە چووینە دەرەوە - فوئاد ) سەری هەڵداو ، پشێوی خستە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە ، لەو سەردەمەدا کۆمەڵە لە خەباتی ژێرزەمینیدا بو ، ئەرکی ڕاستەوخۆی لە دوو مەسەلەی سەرەکیدا خۆی ئەنواند:
1 - هەڵوێست لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان .
2 - ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی کرێکاری گونجاو لەگەڵ ناوەرۆکی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و یەکێتی ڕێکخستن لەگەڵ کرێکارانی ئێراق یاخود یەکێتی تێکۆشان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕی ئێراق .
بان چەپەکانی ئەو سەردەمە ، وەکوو بان چەپەکانی ئەمڕۆ ، بەسەر واقیعی خەبات و تێکۆشان دا بازیان ئەدا ، گرنگی و بایەخیان بەو جووڵانەوە مەزنە نەئەدا کە لە هەناوی کۆمەڵی کوردستان دا لە هەڵچون و بۆپێشەوەچون دا بوو . قسەیان لە ناڕەوایی پارتی پێشڕەوی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان ئەکرد ، لە بریتی یەکێتی تێکۆشان و خەباتی هاوبەش لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکارانی ئێراق ، بیریان لە یەکێتی ڕێکخستن و بەرنامە ئەکردەوە .بەرنامەیان بۆ یەکخستنی ڕێکخراوەیی ئەخستە کایە ، کە لەو سەردەمەدا مەبەستیان تواندنەوەی کۆمەڵە بوو لە ناو قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی ئێراق دا .
ئەو دەستەیە تەمەنی درێژ نەبوو ، سەرهەڵدانێکی کاتی بوو ، پوکایەوەو لەناوچوو . ( وتاری: بان چەپەکان چین و ؟ چی دەڵێن ؟ - کۆمەڵە ژمارە ( 5 ) خولی 3-05- 1985 ل 39 ) .
- .... هەر لەسەر ئەو بنچینەی بۆچوونە ، ئامانجی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ڕزگاری کوردستان و یەکگرتنەوەی نەتەوایەتیدا ئەبینی و ( مەبەستی کۆمەڵەیە ) ، بەو پێیە ستراتیجی خۆی داڕشتبوو ، کەچی هێندەی نەبرد شوێنەواری بیروبۆچوونی کۆنی حیزبی شیوعی ئێراق و حیزبە بۆرجوازییەکانی تر لە ڕیزەکانییدا سەریان هەڵداو ، کەوتنە باسی پێویستی بە ئێراقی بوونی کۆمەڵە . وە لەسەر ئەو ئەساسە ستراتیجێکی تریان بۆ کۆمەڵە دائەنا ، کە ئەبو بە گوێرەی ئەو ستراتیجە ، ئامانجی جووڵانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ئامانجی نیشتمانی و دیموکراتی ئێراقدا ببینێ وە کۆمەڵەش لە بری ئەوەی بیەوێ حزبێکی کوردستانی بۆ کرێکاران و ڕەنجبەرانی تری کوردستان بهێنێتەدی ، هەوڵ بدات حزبێکی ئێراقی بۆ کرێکارانی سەرانسەری ئێراق بهێنێتەدی کە لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونە ئەیویست کۆمەڵە بکاتە بەشێکی قیادە مەرکەزی حشع . ( وتاری: چۆن ململانێ ی ناوخۆی کۆمەڵە ئاڕاستە دەکەین . - کۆمەڵە ژمارە ( 6 ) خولی 3 حوزەیرانی 1985 ، ل 51 ) .
- .... ساڵی 1971 ئەم لایەنەی ئێراقی بوونی کۆمەڵەی ئەویست ، کزولاواز بوو ، لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا لە چەند کەسێک تێپەڕیان نەکرد . ( هەمان وتاری پێشوو لە هەمان بڵاوکراوەدا ، ل 52 ) .
لەبەر ئەوەی لە شوێنێکیدیکەدا زۆربەی تۆمەتەکانم تاووتوێکردووە ، لێرەدا ، تەنیا چەند کۆمێنتێک لەسەر ناوەرۆکی ئەم پەرەگرافانە دەنووسم:
1 ) ململانێ لەسەر ئەو خاڵەی ناکۆکی ، هەرگیز لەنێوان ( چەپ و بانچەپ ) دا نەبوو ، بەڵکوو بەپێی پرنسیپە مارکسییە لێنیییەکان ، ململانێی نێوان دوو مەیلی ناسیۆنالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی بوو لەسەر دواڕۆژی ڕێکخستنی کۆمۆنیستی لە ئێراق و کوردستاندا . زاراوەی بانچەپیش ، ئەو کاتە ، زاراوەیەکی خۆماڵیی داتاشراو بوو ، چونکە ئەو زاراوەیەی ئەو سەردەمە کۆمۆنیستەکان پێی ئاشنابوون: ئۆپۆرتۆنیستی چەپ و نەخۆشی چەپڕەویی منداڵانە بوو بۆ ھەلومەرجی لادانی چەپڕەوانە یان ھەڵوێستی سەرەڕۆیانە .
2 ) بە پێچەوانەی ئەوەی لە پەڕەگرافی یەکەمدا نووسراوە ، هیچ پشێوییەک لە ڕیزەکانی ڕێکخستندا درووست نەبوو ، بەڵکوو گفتوگۆکان ، بەگشتی ، بە گیانێکی هاوڕێیانەوە کراو ، دەرچوونی هاوڕێیانی ئێراقی لە پڕۆسەیەکی دیموکراتی و هێمنانەدا بوو ، دواتریش ئەو هاوڕێیانە هیچ گرفتێکیان بۆ کۆمەڵە درووستنەکرد و ، بە شێوەیەکیتر درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا .
3 ) چ لەم پەرەگرافانەداو ، چ لەو وتارو لێکۆڵینەوانەی لە دوای ساڵی یەکەمی دامەزرامدنی کۆمەڵەوە تا ئێستا لەلایەن پەیڕەوانی هێڵی کوردستانییەوە دەنووسرێن ، باسێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی نییە ، باسێک لەوە نییە کە کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیست درووستبوو کە شۆڕشی دیموکراسی نوێ و پاشان سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بەدیبهێنێت ، بەڵکوو بازنەی ئامانجی کۆمەڵەیان بە دەوری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی گەلی کورد- دا کێشاوەو ، ئەرکی ڕاستەوخۆو سەرەکیی کۆمەڵە یان تێدا گیرکردووە .
4 ) بۆ جارێکیتر جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەمەوە کە ململانێکە ، هەرگیز بۆ توانەوەی کۆمەڵە نەبووە لە ڕێکخستنی قیادەی مەرکەزیدا ، یان ( گوایا ) بۆ ئەوە بووبێت کە کۆمەڵە ببێتە بەشێک لە قیادەی مەرکەزی ، ئەمە تەبلیغاتێک بوو بۆ فراوانکردنەوەی ڕیزەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵە و گۆشەگیرکردن و لاوازکردنی لایەنی بەرانبەر ، بەڵگەش ئەوەیە کە لەو ساڵەو چەند ساڵێکی دواتردا ، جگە لە شەهید فازیلی مەلا مەحمود کەسێکی تر نەچووە ڕیزەکانی قیادەی مەرکەزییەوە ، بەڵکوو ڕێکخستنێکی ماویستیی نوێیان دامەزراند و دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخستنە ، ئینجا چەند هاوڕێیەک لەوانە چوونە نێو ڕێکخستنی ( وحدة القاعدة ) کە ڕێکخستنێک بوو دوای هەرەسی ساڵی 1975 لە قیادەی مەرکەزی جیابووەوە .
5 ) لە ئەدەبیاتی کۆمەڵەدا سەبارەت بەم پرسە ، هەمیشە هەوڵدراوە لایەنی ( ئێراقی ) ی ململانێکە بە ( چەند کەسێک ، یان ڕووکارێکی تەمەن کوورت ، یان پووکاوە ، یان کزولاواز ، یان سەرهەڵدانی کاتی ، یان لەناوچوو ... هتد ) نیشان بدەن . دیارە ئەمە بۆ خۆی گرنگییەکی تەبلیغاتیی هەیە ، بەڵام دوور بوو لە واقیع ، بەوەی لەسەرێکەوە ، ژمارەی ئەوانەی لە ڕاپرسییەکەدا کەمینەبوون و لە ڕێکخستن چوونەدەرەوە ، نزیکەی نیوەی ئەندامانی ئەو کاتەی کۆمەڵە بوون ، لەسەرێکیترەوە ، بەردەوام مەیلی لەوجۆرە سەریهەڵداوەتەوەو هەمیشە بارگرانییەکی فیکری و ڕێکخراوەیی بۆ ڕووکار ( اتجاە ) ی باوی نێو کۆمەڵە درووستکردووە ، کە تەنانەت لە پەڕەگرافێکیتری وتاری یەکەمدا ئەمەیان نەشاردۆتەوەو دەنووسن: ... جارێکی تر پاش چەند ساڵێ لە خەباتی چەکدارانەو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تاک و تەراو ناو بەناو ئەو جۆرە بۆچوونە سەری هەڵدایەوە ، بێ ئەوەی زەمینەی پەرەسەندنی لەباربێ .
لە سێبەری جەنگی ئێراق – ئێران دا ، پاش ئەوەی شۆڕش باسکی ئەستوور بوو ، توانی لە ڕووی ئیتجاهە ڕاستڕەوەکانی جووڵانەوەی کوردا ، خۆبگرێ و گەشەبکاو ناوچە ئازادکراوەکانی فراوان ببێ . هەلومەرجێکی نوێ هاتە پێشەوە کە زەمینەیەکی لەباری سازکرد بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەو جۆرە بیروڕا چەپڕەوانە و پەیدابوونی چەندین دەستەو تاقمی بان چەپ . ( بان چەپەکان چین و ؟ چی دەڵێن ... کۆمەڵە ژمارە 5 خولی 3 ئایاری 1985 ، ل 39 .[1]