ناونیشانی بابەت: کوردی سوودان، مێژوویەکی ون و ناوێکی درەوشاوە
ئامادەکردنی: فەرید دڵشاد
زیاتر لە هەفتەیەکە گرژییەکان لەنێوان جەنەڕاڵ عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سوودان و جەنەڕاڵ محەمەد حەمدان ناسراو بە حمێدتی فەرماندەی هێزی پشتیووانیی خێرا، بۆ شەڕێکی خوێناوی گۆڕاوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، تا ئێستا لەو شەڕەدا زیاتر لە 400 کەس کوژراون و سەروو ( 3500 ) کەسی دیکە برینداربوون. سەرەتا شەڕ و پێکدادان لە بنکەیەکی سەربازیی خەرتومی پایتەخت، بەخێرایی تەشەنەی کرد بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی، دواتر سەرانسەری پایتەختی سوودان و شارەکانی بەحری، ئوم دەرمان، فاشیر و نیالا و هەندێک شوێنی دیکەی گرتەوە، کە تێیدا چەکی قوورس لە تانک و فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنران. هەر زوو میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردەوە ژمارەیەک #کورد# لەو وڵاتە بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیریانخواردووە، هەواڵی بوونی کورد لە سوودان ئەگەر بۆ هەندێک کەس زانیاری نوێ نەبێت، بەڵام ڕەنگە بۆ زۆرینە جێگەی پرسیار بێت، لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند زانیارییەکی پوخت لەبارەی ڕیشەی کوردەوە لە سوودان بخەینەڕوو.
=KTML_Bold=مێژووی گەیشتنی کورد بە سوودان=KTML_End=
مێژووی گەیشتنی کورد بۆ سوودان بە چەند قۆناغێک بووە، سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ پێش 800 ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی 1172 لەگەڵ هێرشی سەڵاحەدینی ئەیوبی کە برایەکی هەبوو بە ناوی تۆران شا سەرکردایەتی هێرشێکی کرد بۆسەر فاتمییەکان لە سوودان و تێکی شکاندن، بەڵام نوبیەکان کە دانیشتووانی ڕەسەنی سوودان بوون و هاوپەیمانی فاتمییەکان بوون، دەستیانکرد بە پشێوی نانەوە، لەبەرئەوە تۆران شا بەسەرکردایەتی سوپایەک کە زۆرینەی کورد بوون هێرشی کردەسەر نۆبیەکان و شکاندنی، دوای گەڕانەوەی لە سوودان بەشێکی زۆری سوپاکەی لەوێ جێهێشت، کە بەشێک لە فەرماندەکانیان کورد بوون و هەروەها ئیبراهیم کوردی وەک سەرۆکی سوودان جێگیرکرد.
هەروەها لە سەردەمی عوسمانییەکان و بەدیاریکراوی لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەمدا قۆناغێکی دیکەی کۆچی کورد وەکوو چەکداری سوپای عوسمانی بۆ سوودان دەستی پێ کرد، کە هەندێک لە کوردەکان لەوکاتەدا سەرباز و ئەفسەربوون لە سوپای عوسمانیدا ئەوکات پەلیان بۆ ئەوروپا و ئەنادۆڵ و باکووری ئەفریقا هاویشت، هەروەها قۆناغێکی دیکەی کۆچی کورد بۆ سوودان دوای دامەزراندنی دەوڵەتی میسری نوێ لەلایەن محەمەد عەلی پاشاوە بوو، کە ویستی سنووری دەوڵەتەکەی فراوان بکات لە ساڵی 1820 لەشکرکێشی کردەسەر سوودان و لەناو سوپاکەیدا کورد هەبوون کە سوودانی داگیرکرد و لەوێ مانەوە.
لە قۆناغێکی دیکەدا دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 هەندێک لەو کوردانەی ڕوویان لە ئەوروپا و میسر و لوبنان کرد هاوکات هەندێکی دیکەیان چوونە سوودان، دوایین قۆناغی کۆچی کورد بۆ سوودان لە ساڵی 2012 بووە ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆی سووریا تا دەکات خراپتردەبوو، کە زۆربەیان کوردی ڕۆژاوای کوردستان بوون و بە مەبەستی دەستکەوتنی کار ڕوویان لەو وڵاتە کرد، کە بەپێی ئامارەکان نزیکەی 300 خێزانی کوردی سووریا لە سەرتاسەری سوودان هەن و زۆربەیان خەڵکی کۆبانێ و گرێ سپی-ن.
=KTML_Bold=ژمارە و کلتوور و زمان=KTML_End=
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، سەرووی 100 هەزار کورد لە سوودان نیشتەجێن، زۆرینەیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتن و کەمتر لە ناوەڕاست و باکووری ئەو وڵاتە بڵاوبوونەتەوە، کورد لەنێو سوودانییەکاندا بە کەسانێکی بوێر و ئازا ناسراون، کە زوڵم و زۆرداری قبووڵ ناکەن، هەروەها بە کەشخەیی و میوانداریی ناوبانگیان دەرکردووە، هەر لە سەرەتای گەیشتنیانەوە بە سوودان، کورد بە پاشگری ناوی (کوردی) خۆیان ناساندووە، لەگەڵ ئەوی کۆمەڵێک تایبەتمەندی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەوێیان وەرگرتووە و تێیاندایە ڕەشتاڵە، بەڵام کاتێک پرسیاریان لێدەکرێت دەڵێن: (ئێمە کوردین) .
زۆرینەی ئەو کوردانەی لە سەردەمی تۆران شاوە لە سوودان نیشتەجێبوون، زمانی خۆیان لەبیرچۆتەوە، ئێستا زۆربەی کوردی سوودان کوردی نازانن، بە زمانی (عەرەبی یان بیجاوی یان نۆبی) قسە دەکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک وشەی کوردی بۆ زمانی سوودانی پەڕیوەتەوە و بە هەمان مانا و واتای زمانی کوردی بەکاردێت. کوردی سوودان فەرهەنگ و خواردن و بۆنە ئایینی و مەزهەبییەکانیان فەرامۆشکردووە، پێشتر ئاهەنگی جەژنی نەورۆزیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئێستا ئەم بۆنە نەتەوەییە کاڵبۆتەوە، بەڵام ئەو کوردانەی کە لە دوایین قۆناغدا لە ساڵی 2012 بەرەو سوودان کۆچیان کردووە، تاوەکوو ئێستا پارێزگاریان لە زمانی کوردی، کلتوور و جلوبەرگیان کردووە.
=KTML_Bold=کوردی سوودان و بەشداری سیاسی=KTML_End=
لەکاتی داگیرکردنی سوودان لەلایەن بەریتانیاوە لە ساڵی 1896 بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ بە ناوی (مەهدی) درووستبوو، کە بەرهەڵستکاری داگیرکاری بەریتانیا بوو، دوو سەرکردەی هەبوو یەکێک لە ڕۆژهەڵات و ئەوی تریان لە ڕۆژاوای سوودان، سەرکردەی ڕۆژهەڵات کوردێک بوو بە ناوی (عوسمان دیقنە) کە خەڵکی باکووری کوردستان بوو، تاکە سەرکردە بوو توانی شکست بە بەریتانییەکان بهێنێت لە مێژووی سووداندا، هەتاکوو ئێستاش پلانە سەربازییەکانی لە شەڕەکانی دژی بەریتانیا لە دامەزراوە سەربازییەکانی سووداندا دەخوێنرێت، بەڵام لە کۆتاییدا عوسمان دیقنە وەک دیل کەوتە دەست بەریتانییەکان بە زیندانیی هەتاهەتایی حوکم درا، لە کاتی دادگاییکردنی بەریتانییەکان لەبارەی نهێنی ئازایەتییەوە لێیان پرسیوە، لە وەڵامدا وتویەتی: (کوردم و ڕەچەڵکم دیابەکری) یە، ئێستا بڕگەیەک لە پەڕتووکی پۆلی سێی سەرەتایی سووداندا هەیە، کە باس لە ئازایەتی ئەو سەرکردە کوردە دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە لە ساڵی 1926 کۆچی دوایی کردووە.
جیا لەوە چەندین کەسایەتی دیکەی کوردی لە سوپای سووداندا گەیشتوونەتە پلەی باڵا لە ڕێزی سوپا وەک (فەریق ڕوکن عەلی محەمەد ئیبراهیم کوردی) کە دووەم لێپرسراوی باڵای وەزارەتی بەرگریی سوودان بووە و ساڵی 2015 کۆچی دوایی کردووە، لە ناو حزبە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی سووداندا کورد کەم تا زۆر ڕۆڵی بینیوە، لەوانە (بابەکر دقنە) بەڕەچەڵەک کوردە وەزیری دەوڵەت بووە لە وەزارەتی دەرەوەی سوودان و سەرۆکی حزبی (یەکێتی نەتەوەیی) سوودان بووە، جگە لەوە (دکتۆر تارق ئیبراهیم حەسەن کوردی) باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە بۆ کاروباری ئاوارە و کۆچەران لە سووریا و ئێراق و چاوی بە سەرۆک مام جەلال کەوتووە و وێنەیان پێکەوە گرتووە، لەگەڵ دەستپێکی گرژییەکانی سووداندا کورد جۆرێک لەبەشداری هەیە و باس لەوە دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی هاوکار و لایەنگری سوپان، بەشێکن لە سوپا یان بە لایەنی کەمەوە لەگەڵ هێزەکانی پشتیووانیی خێرا هاوسۆز نین.
=KTML_Bold=کوردی سوودان گوزەران و هونەر=KTML_End=
کوردەکانی سوودان لە ڕووی ئابوورییەوە بارودۆخێکی باشیان هەیە، زۆربەیان دەوڵەمەندن و لەناویشیاندا هەژاری تێدایە، بازرگانی (عەتر و بغورد) یان کردووە لەنێوان سوودان و وڵاتانی عەرەبیدا خاوەنی یەکەم کارگەی سابوون لە سوودان کورد بووە و ناوی کارگەکە (کارگەی سابوونی فابریقەی کوردی) بووە، باسیش لەوە دەکرێت یەکەم کەرەستە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵ لەلایەن کوردەکانەوە هێنراوەتە سوودان، ئێستاش بەشێکیان لە هەردوو ویلایەتی (قازاریف و کەسلا) نیشتەجێن سەرقاڵی کشتوکاڵن ناوچەکەیان بە باشترین ناوچەی کشتوڵی لە جیهاندا دادەنرێت.
کوردی سوودان بەدوور نەبووە لە هونەر بە جۆرێک هەندێک شاعیری گەورەی سوودان کورد بوون و لە ویلایەتی کسلا ژیاون، لەوانە (عەبدوڵڵا حەسەن ئەلکوردی) یە، هەندێک لە شیعرەکانی 900 بەیتی شیعری بووە، لە شوێنێکدا نووسیویەتی شانازیی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات، لە شاعیرەکانی تری کوردی سوودام دەتوانین ئاماژە بە (عەبد سەید ئەلکوردی و عەبدولقادر محەمەد ئەلکوردی) بکەین.
=KTML_Bold=کورد ناوێکی ئاشنا لای سوودانییەکان=KTML_End=
هەرچەندە کوردەکانی سوودان پەیوەندییەکی پتەو لەنێوانیاندا نییە بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر ویلایەتە جیاوازەکانی سووداندا، بەڵام ناوی کورد ناوێکی ئاشنایە لای سوودانییەکان، لە نموونەی ئەوانە بنەماڵەی (حاجی عەلی ئەلکوردی) یانەی وەرزشی و سینەمایان لە ویلایەتی قەزاریف بنیاتناوە و بنەماڵەیەکی دیارن، پێشتر زانکۆیان بەناوەوە هەبووە، لە باکووری سوودان کۆمەڵەی عومەیری کە تایبەتە بە بەنەماڵەی عومەیری کوردی کە زیاتر کاری کۆمەک و هاوکاری دەکەن لە بۆنەکاندا.جگە لەوە چەندین شوێن هەیە ناوی کوردی لێنراوە لەوانە گوند هەیە ناوی (کوردی) یە، ناوچەیەکی تر هەیە ناوی (حەسەن کوردی) یە لە ناوچەی (فەشەقە) ی سەر سنووری نێوان سوودان و ئەسیوبیا.
زیاتر لەوانە ویلایەتێکی گەورە بە ناوی (کۆردۆڤان) هەیە و گێڕانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ناوەکەی هەیە، دەڵێن کوردێک لە شاری وانی باکووری کوردستان هاتۆتە ناوچەکە و لێی نیشتەجێ بووە لەو کاتەوە بە کۆردۆڤان ناوبانگی دەرکردووە. گێڕانەوەیەکی تر دەڵێت بازرگانێکی زێڕ کە کورد بووە هاتۆتە ناوچەکە و کانێکی زێڕی دۆزیوەتەوە و کرێکاری زۆری دامەزراندووە، لە کاتی کارکردندا شەڕی لەگەڵ کرێکارەکان دەبێت بازرگانەکە بەردەبێتەوە و دەمرێ، خەڵکەکە بە زمانی عەرەبی هاوار دەکەن کورد فانی، واتە کوردەکە مرد. هەروەها ناوی بەشێک لە دوکان و بازاڕەکانی ناوچەکە کوردییە لەوانە دڵشاد، کەشکوڵ، جیهان، کافتریای کوردی، مەشتەلی کوردی، خواردنگەی کوردی، کۆمپانیای کورد دیزڵ، ئێستاش وجدی کوردییەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە دیارەکانی سوودان لە ڕۆژنامەی (الاخبار السوودانیە) کاردەکات.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
شبکە الجیوستراتیجی للدراسات
صفحە الجمهوورییون الکورد
منتدیات کوبانی: الکرد فی السوودان
م.جلال جوهر: الکرد فی السوودان دراسە التأریخیە[1]