$کوردستانێکی ئەتۆمیزە$
#ناسر باباخانی#
#19-01-2015#
لە زانستی کیمیادا پڕۆسەی ئەتۆمیزاسیۆن (Atomization) بریتییە لە شکاندن و وردکردنەوەی هەر چەشنە ماددەیەک بۆ پاژە پێکهێنەرەکانی واتە ئەتۆم، وەک بچووکترین یەکەی پێکهێنەری ماددە کە بە شێوەیەکی جیا و ڕەها دێ و دەچێ. جین شارپ گەورە بیردۆز و ستراتیژیستی خەباتی بێ توندوتیژی دەستەواژەی ئەتۆمیزە دەگوازێتەوە بۆ واقیعی هەندێ کۆمەڵگەی جیهانی سێیەم.
بە تەعبیری جین شارپ، ئەو خەڵکانەی لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا دەژین، چەشنێ ئەتۆمیزەیان پێوەدیارە، واتە لەتوپەت کراون، بە جۆرێ کە توانایی هاریکارییەکی ئەوتۆیان بۆ مەبەستێکی هاوبەش نییە. ئاکامی ئەم ئەتۆمیزاسیۆنە دەبێتە هۆی لاوازیی خەڵک و دواجار هەستی متمانە بەخۆبوون و هێز و وزەی خۆڕاگرییان لەناودەچێ. لەم ساتەوەختەدا ئەم ئەتۆمیزاسیۆنەی بەرۆکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە، بەڕوونی لەنێو حیزبەکان و ڕووناکبیرانیشدا دیار و بەرچاوە. بە هێنانەوەی دوو نموونە هەوڵ دەدەم ئەم ئەتۆمیزاسیۆنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر شەنوکەو بکەم:
$مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە #ورمێ#$
27 زیندانی سیاسیی کورد کە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئیعدام و حەپسی درێژماوە مەحکوم کرابوون، لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا بۆ ماوەی 34 ڕۆژ مان لە خواردن دەگرن! لەم ماوەیەدا جگە لە هەندێ باسی میدیایی بەربڵاو لەلایەن دوو باڵی حیزبی دیموکرات و یەک دوو ڕاگەیاندراو هیچ کارێکی ئەوتۆ نەکرا. پەرش و بڵاویی حیزبەکان هەمان تەعبیری ئەتۆمیزاسیۆنی شارپی دێنایەوە یاد کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەیانتوانی ئەم هەلە بقۆزنەوە و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ یەک و دواجار کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی بتوانن حەرەکەتێک سازبکەن، بە زمانێکی ساکار تەنانەت خاوەندارێتییان لە زیندانیانی سیاسی خۆشیان نەکرد!
$سەفەری وەفدی پارلەمانی ئێران بۆ باشوور$
دانانی بکوژی دکتۆر قاسملو لە پێکهاتەی وەفدی پارلەمانی ئێراندا بۆ هەرێمی کوردستان، خۆی لە خۆیدا لە هەمان کاتدا کە چەشنێ داڕووشاندنی هەستی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو، چەشنێ بێڕێزیشی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێوە دیار بوو - مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە کە بۆچی ئەم وەفدە بە پێچەوانەی سەرجەم یاساو ڕێسا دیپلۆماتیکەکانەوە لەبری چوون بۆ #هەولێر# وەک پایتەختی هەرێم سەرەتا دەچێتە #سلێمانی# و... - لێرەدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەدەبووایە تەنیا وەک بکوژی سەرکردەی حیزبی دیموکرات سەیری ئەم کابرایەیان کردبا، بەڵکوو دەبووایە وەک تیرۆریستێک هاتنی ئەویان لەقاو دابا. کەچی نەتەنیا ئەم حیزبانە هیچ دژکردەوەیەکیان نەنواند، بەڵکوو دوو باڵەکەی دیموکراتیش وەک هەڵوێستی ڕەسمی هیچ ڕاگەیەنراوێکیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم نەکرد... دیسان دیزە بە دەرخۆنە کرا!
لە هەردوو نموونەدا بە ڕاشکاوی پەرشوبڵاوی، نایەکگرتوویی و ناکۆکیی تا سەر ئێسقان بەدی دەکرێ. ئەتۆمیزاسیۆنی باس کراو تەنیا لەناو حیزبە جۆربەجۆرەکاندا بەدی ناکرێ، بەڵکوو تەنانەت لە حیزبێکیشدا ئەم بەربڵاوییە بەڕاشکاوی هەستپێدەکرێ.
ئەم ناتەباییەی نێو حیزبەکان لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتیشدا بەدی دەکرێ، بە تایبەتی ئەوان کە لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا گرفتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بڕستی لێبڕیون، هەر بۆیە ڕووناکبیرەکانیش کە بە شێوەیەکی لەناخدا هەڵگر خاوەنی بیر و هزری نوێن بواری خۆدەرخستنیان پێنادرێ و زۆر هۆکاری دیکە.
ئەگەر لەنێو حیزبەکاندا زیاتر ئاوڕ لە ڕەهەندە دامەزراوەیی و ڕێکخراوەییەکان دراوەتەوە و ڕەهەندە سیاسی و فکرییەکان کەمتر بەسەرکراونەتەوە، ئەوا لەنێو کۆمەڵانی خەڵک لە شارەکانی کوردستاندا ڕەهەندی ڕێکخراوەیی پاشگوێ خراوە. هەر بۆیە وتارێک کە دەبێ لەسەر بنەمای هاوکاریی هەمەلایانە وەک وتاری هاوبەشی شاخ بەرهەم بهێنرێ، بوونی نییە و ناگوازرێتەوە ناوخۆ. تەنانەت لە ئەگەری بوونی وەها وتارێکیشدا لەسایەی کۆمەڵگەیەکی ئەتۆمیزە بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوە و دامەزراوەی جددی لەناو شارەکان بەستێن و بواری گەشەکردن پەیدا ناکا. بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ستراتیژیکە، پێویستە حیزبەکان لەژێر چەترێکی هاوبەش وتاری خۆیان شیفت بدەنە نێو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمە تەنیا فۆرمۆلی قوتاربوونی کوردستانە لە ئەتۆمیزەبوون! [1]