$رێگە سەختەکەی چاکسازی بە #سلێمانی#دا تێدەپەڕێت!$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#01-06-2020#
پاش ئەو قەیرانەی بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بۆ بەشێکی زۆری خەڵک تاکە هیوایەک کە مابێت دەستبردنە بۆ چاکسازی، چونکە لە بەردەوامی ئەو دۆخە نەک هەر حکومەت، بەڵکوو تەواوی پڕۆسەی سیاسیش خەریکە زیانی زۆری بەر دەکەوێت. بەتایبەت ئەو جەمسەربەندیە حیزبی و دابەشبوونە جوگرافیەی کە هەیە ئاماژەکانی خەریکە بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەڕۆن. لە دەسپێکی کابینەی نۆیەم ئومێدێکی باش درووست بوو بۆ چاکسازی، بە تایبەت سەرۆکی کابینەی حکومەت پێداگری زۆری کرد لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، بە جۆرێک کە کارنامەی کابینەی نۆیەم زیاتر لە کارنامەی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن دەچوو تا حیزبێکی موحافزکاری دەسەڵات.
لە سەرەتایی ڕاپەڕینەوە تاوەکوو پڕۆسەی ئازادکردنی ئێراق لە 2003 تەرازووی هێز لەنێوان پارتی و یەکێتی هەمیشە هاوتابووە، بەڵام لە دوای 2003 لاسەنگیەک لە باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان درووست بوو. ئەم لاسەنگییە بریتی بوو لە بەهێزبوونی پێگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لەبەرانبەریشدا پاشەکشێکردنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#. بە جیابوونەوەی #بزووتنەوەی گۆڕان# لە 2009 ئەو لاسەنگییە فۆڕمێکی تازەی لە پێوەندی نێوان حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هێنایەکایەوە کە بریتی بوو لە شکاندنی سیاسەتی جووت جەمسەری یەکێتی و پارتی و درووستبوونی جۆرێک لە فرەجەمسەری و دواتریش پاشەکشێکردنی دیاری یەکێتی لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا. گۆڕانەکە بە جۆرێک بوو ئەگەر وتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە 2009 ئەوەندە دژە دەسەڵات و پارتی نەبوایە، پارتی ئامادەبوو بزووتنەوەی گۆڕان بکاتە بەدیلی یەکێتی، بەڵام لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکی زۆری هێزی خۆی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستکەوتبوو نەیدەتوانی لە یەکەم گەڕی هەڵبژاردنەکاندا ببێتە شەریکێکی چاوچنۆکی دەسەڵات. ئەمەش هەم تاکتیک و هەمیش کارامەیێکی فرە باش بوو لە سیاسەتکردن کە متمانە و سەرمایەیێکی سیاسی زۆری بەخشی بەو بزووتنەوەیە.
لە دوای 2003 تاوەکوو #16-10-2017#، بەهێزی کەسایەتی #مەسعود بارزانی# و پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و هێزیکی زۆری دایە پارتی، هەم لە ناوەخۆ و هەمیش لەدەرەوەدا. ئیتر لەو ساتەوە تاوەکوو ئێستاش پارتی وەک خاوەنداری حوکمڕانی هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێت نەک وەکوو حیزبێکی میوان لە دەسەڵاتدا. هەموو حیزبەکانی دیکەش کەم تا زۆر دانیان بەو ئەو برا گەورەیی و باڵادەستییەی پارتی ناوە و وەک خاوەنی دەسەڵاتداری دوای 2003 لە هەرێمدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
بۆیە سەیر نییە کە هەموو نوشستییەکان دواجار هەر بەسەر پارتیدا بشکێنەوە، ئەگەرچی لەڕاستیدا پارتی لە جوگرافیای سەوزدا قەت حوکمڕان نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دامەزراوە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە دەست چنگی پارتی دان، ئیدی پارتی ئەگەر تەنیا حوکمی #هەولێر#یش بکات هەر خاوەن حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە.
دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی و درووستکردنەوەی جۆرێک لە ناوەندی بڕیار هەروەها داننان بە سەرکردایەتی نوخبەی نوێی و سەرۆکایەتی تازەی یەکێتی، ئێستا یەکێتی بە هێزێکی دیکە و گوڕوتینێکی دیکە ململانێ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێگە سیاسییەی کە پێش 2003 هەیبوو. هەرچەندە من نامەوێت ئێستا پەلە بکەم لە حوکمدان لەسەر گەڕانەوەی ئەو پێگەییەی جارانی یەکێتی، بەڵام هەنگاوێکی سەرەتایی بەو ئاڕاستەیەوە دەبینم. لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا ئەم دیدە ڕوونتر دەردەکەوێت بۆیە ئێستا کات ناکوژم بە پێشبینی کردنی ئەو هەنگاوە سەرەتاییە.
بابێمەوە سەر پرسی سەرەکی ئەو قۆناغەی حوکمڕانی کە بریتییە لە پرسی ئەنجامدانی چاکسازی کە لە ڕاستیدا نەک پرسێکی ئاسان نییە و بەڵکوو لە ئێستاوە خەریکە بەربەستیشی بۆ درووستدەکرێت لەلایەن هەموو حیزبەکانەوە نەک لایەنێکی دیاریکراو بە تەنیا. چونکە هەڵواشندنەوەی هەزاران خانەنشین و مووچەخۆری نایاسایی، لە وەزیرەوە تا بریکار و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و، پلەداری سەربازی و...تاد، شەڕێکی زۆر و پشتگیریێکی بەهێز و متمانەیەکی باشی جەماوەر و لایەنەکانی دەوێت، کە بەداخەوە ئێستا ئەو پێشمەرجانە گشتیان کێشەیان هەیە. لە ڕاستیدا ئەو جموجۆڵەی ئەندام پەڕڵەمانەکانی پارتی لە دژی ئەندام پەڕڵەمانەکەی کۆمەڵی ئیسلامی کردیان هەڵەیەک بوو لە کاتێکی ناوەختدا کراو خەریکە زۆریش لەسەر حکومەت دەکەوێت. لە 12 ئۆکتۆبەری 2015 پارتی ئەزموونێکی دیکەی هاوشێوەی هەبوو (داخستنی پەڕڵەمانی کوردستان) کە دیسان زۆر لەسەر پارتی و پڕۆسەی سیاسی و پەیوەندی حیزبە سیاسییەکان کەوت کاریگەریی زۆریشی هەبوو لەسەر پاڵپشتی لایەنەکانی دیکە لە ڕیفراندۆم تا دواجار 16ی ئۆکتۆبەریشی لێکەوتەوە. هیوادارم ئەو دۆخەی ئێستای نێوان لایەنەکانیش ئەو پرسەی چاکسازی بە دەردی ڕیفراندۆم نەبات!
پارتی دەبوایە زۆر دووربینانەتر و وریاتر مامەڵەی لەگەڵ ئەو گرژیانەی پەڕڵەمان و گوشاری لایەنەکانی دیکەدا بکردایە. ناکرێت ئەرکێکی چارەنووسازی وا گەورەت لە پێش بێت لەو ئانووساتە ناسکەدا، کەچی لە سەرێکی دیکەدا تەواوی دۆخی سیاسی بشێوێنی و هەموو لایەنەکانی دیکە بکەیتە نەیاری خۆت، ئەمە بەڕاستی کەڵک وەرنەگرتنە لە هەڵە کە سەرەنجام دۆخێکی ناهەموار و قەیرانێکی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا، پارتی نەک هیچ سوودی لێنەبینی بەڵکوو بە هەموو توانایەوە دەیەوەێت دۆخەکە بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی. هێزێکی سیاسی کە ئامانجێکی گەورەی وەک جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی هەبێت چۆن بە ڕەخنە یان تانەیەکی پەڕڵەمانتارێک دەکەوێتە هەڵەوە! دەیان ڕێگەی دیکەی ئاسان هەبوون بۆ چارەسەکردنی ئەو پرسە کە لە وانەیە تەنیا تەلەفۆنێک بۆ سکرتێری کۆمەڵی ئیسلامی کیفایەت بوبێت. پارتی بە تایبەت تیمی پەڕڵەمانتارەکانیان دەبێت ڕاستییەک بزانن کە ئەوان ناتوانن هاوشێوەی لایەنەکانی دیکە یاری بکەن چونکە لایەنەکانی دیکە شتێکی وایان نییە بیدۆڕێنن لە حکومەت، بەڵام پارتی زۆری هەیە بیدۆڕێنێت هەم لە حکومەت و هەمیش لەدەرەوەی حکومەت. چونکە تێچووی یاری و مەیدانی یاریەکەش (پڕۆسەی سیاسی) دواجار هەمووی لەسەر حسابی سیاسی پارتی دەبێت.
پێشمەرجی هەر پڕۆسەیێکی چاکسازی بوونی دۆخێکی سیاسی و ئابووری ئارام و سەقامگیرە بۆ ئەوەی چاکسازییەکان ئەنجام بدرێن. ئێستا دۆخێک هەیە کە هەموو لایەناکان لە سەنگەرێک و پارتیش بە تەنیا لە سەنگەرێکدایە. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەرێمی کوردستان خۆی لە دۆخێکدایە کە قەیرانێکی ئابووری و تەندرووستی بەرۆکی گرتووە ڕێژەی متمانە لە نزمترین ئاستدایە، تووڕەیی جەماوەریش لە بەرزترین ئاستدا. بۆیە لە دۆخێکی وەهادا زۆر ئەستەمە ئەنجامدانی چاکسازی ئامانجی خۆی بپێکێت، بەڵکوو مەترسی ئەوەی هەیە دەرەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە.
لە هەر هەنگاوێکی پڕۆژەیەکی چاکسازی بەرژەوەندی هەزاران کەس دەکەوێتە مەترسییەوە، لەو دۆخەی ئێستادا بەدەستهێنانی پشتیووانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە زۆر زەحمەتە، نەک هەر ئەوە بەڵکوو بەدەستهێنانی پشتیووانی لە ناو خودی پارتیشدا ئاسان نییە.
ڕاستە کارنامەی چاکسازیەکانی حکومەت لە ڕووی پاڵپشتی یاساییشەوە گەیشتۆتە کۆتا قۆناغ، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە پاڵپشتی گشت لایەنە سیاسییەکانی دەوێت بە تایبەتیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبێ پاڵپشتی یەکێتی ئەم هەنگاوە جێبەجێ ناکرێت. چونکە وەک لە بابەتەکانی دیکەشدا ئاماژەم پێدا لە هەرێمی کوردستان تەواوی پڕۆسەی سیاسی و حوکمداری بەسەر دوو جوگرافیادا دابەشکراوە، کە دوو هێزی سیاسی نوێنەرایەتی دەکەن. ئەمە ئەو واقیعەیە کە بەداخەوە بەربەستێکی گەورەو مەترسیدارە لەسەر ئاییندەی پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەو ڕێگە سەختەی حکومەتیش بە نیازە بیگرێتەبەر دیسان بە سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت! [1]