ناونیشانی پەڕتووک: ئارابخوێن
ناوی نووسەر: #مەحموود نەجمەدین#
شوێنی چاپ: #سەقز#
چاپخانە: ناوەندی چاپەمەنی خانی
ساڵی چاپ: 2023 [1]
محەمەد کەریم
ڕۆمانی ئارابخوێن کە تازەترین ڕۆمانی نووسەری گەنج و داهێنەر مەحمود نەجمەدینە، جارێکیتر پەیامی کوردستانیبوونی کەرکووک دووپات دەکاتەوە، ئەو پەیامەی پێش هەموو کەسێک نەمامی ئەو باوەڕە لە دڵی هەموو کەرکووکییەکدا و دواتر لە دڵی هەموو کوردێکدا دەچەقێنێت کە دەڵێ: «لێرە ناڕۆم».
بۆیە هەموو ئەوانەی عاشقی کەرکووکن و باوەڕیان بە کوردستانیبوونی کەرکووک هەیە و پێیان وایە کەرکووک قودس یان دڵی کوردستانە، پێویستە ئارابخوێن بخوێننەوە. لەم ڕۆمانەدا لە زمانی سادەی کەرکووکییەکانەوە سەرەڕای مەینەتییە یەک لەدوای یەکەکانی خەڵکی ئەم شارە خۆڕاگرە بە دەست ئەوانەوە کە چاویان لە نەوتەکەی بڕیوە و شارەکەیان خاپوور و خەڵکەکەیان بەشمەینەت کردووە، عەشقی ڕاستەقینە بۆ کەرکووک و کەرکووکپەروەریی دووپات دەکرێتەوە. لێرەوە شەرم نییە کەرکووکپەروەرەکان و تەنانەت نیشتمانپەروەرەکانیش لە ڕۆمانەکەی ئەم گەنجە کەرکووکییەوە فێری عەشقی کەرکووک و نیشتمان بن.
ئەوینی ئارابخوێن بۆ کەرکووک، ئەوینێکی کوێرانەی ڕەگەزپەرستانە نییە، بەڵکوو حەسرەت بۆ ئەو ڕۆژانە دەخوات کە پێش نەخشەی «بەعەرەبکردن و تەهجیر و تەبیعس» چۆن خەڵکی ئەم شارە بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە وەکوو برا پێکەوە ژیاون و هەموو کەسی یەک بوون و ژن و ژنخوازییان کردووە. ئەوەتا گێڕەرەوە لە زمانی باوکییەوە دەڵێت: «جاران دنیاکە خۆش بی، خەڵک فەقیر بی، تەفرەقە نەوی. کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیان و جوولەکە گشتی وە یەکەوە بین، لە بازاڕا وە یەکەوە عیشیان ئەکرد، هامشۆی یەکیان ئەکرد. ژن و ژنخوازییان ئەکرد، ئەو زەمانە دنیا زۆر خۆش بی، سیاسەت دنیای ناخۆش کرد. خەڵک ئەم زمانە گۆڕیاون، وەک جاران نەماون.ل29»
پاڵەوانەکەی نووسەر هەر بەوەشەوە ناوەستێت کە عاشقی کەرکووک بێت و وەکوو درەخت لەم شارەدا بچەقێت، ئاواتەخوازە لە کەرکووکیش بمرێت: «وەختێ دەمرم دەچمە خزمەتی بینایی چاوان دەڵێم کەرکووکیم، شاری خۆمە. ئەگەر بڵێ بۆ دۆزەخە، دەڵێم کەرکووک گەرم ترین شوێنی دۆزەخە، فڕێم بدە ئەو ئاگرەی لەم شارەوە هەڵایساوە. ئەگەر بڵێ بڕۆ بۆ بەهەشت، دەڵێم لەم دنیا و لەو دنیا لە کەرکووک خۆشتر نییە. بەهەشتی کوردانە. لێرە دەمرم، هەر لێرەوە بە شەمەندەفەری مەرگ بەرەو دیوانی بینایی چاوان دەڕۆم.ل31»
پیرۆزبایی لە گەنجە بە ئەمەک و داهێنەرەکەی کەرکووک مەحمود نەجمەدین دەکەم، کە لەم ڕۆمانەدا لە دڵێکی پاک و عەشقێکی ڕاستەقینەوە چیرۆکی کەرکووکمان بۆ دەگێڕێتەوە، داوا لە تۆی خوێنەریش دەکەم هەرچییەکت بەدەستەوەیە وازی لێ بێنەو دەست بکە بە خوێندنەوەی ڕۆمانی ئارابخوێن.