خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ چالاککردنی جەستە و زیادکردنی توانا جەستەیی و فیکرییەکان دیزاینکراون، لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت کە ئەو خواردنەوانە هێزێکی زیادە بە جەستە دەبەخشن، بەڵام بابەتەکە لەواقیعدا بە جۆرێکی ترە.
د. ئاندرێ کۆندراخین پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ و د. سێرگی فیالۆڤ پزیشکی گەدە و ڕیخۆڵە دەڵێن: خواردنەوە وزەبەخشەکان ھێزێک بە مرۆڤ دەبەخشن، بەڵام ئەم هێزە زیادەیە لە سەرچاوەکانی جەستەوە وەردەگیرێت، بەمشێوەیە ئەمەش دەبێتە هۆی بەکاربردنی ئەندامەکانی جەستە بەتایبەتی دڵ و مێشک.
بە وتەی ئەوان، خواردنی بڕێکی گەورەی کافایین کە لە هەموو خواردنەوە وزەبەخشەکاندا هەیە، دەبێتە هۆی درووستبوونی کێشەی مەترسیدار بۆ دڵ، لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و شەکریشدا زۆر مەترسیدارن بۆ گەدە و جگەر.
پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت، کێشە تەندرووستییە مەترسیدارەکان دەکرێت لە خواردنەوە وزەبەخشەکانەوە دەست پێبکەن یان بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانیانەوە، خواردنیان دەبێتە هۆی تێکچونی مەترسیداری دڵ و خوێنبەرەکان، تەنانەت ئەگەر کەسەکە تەندرووستیی باشیش بێت.
بەو پێیەی خواردنەوە وزەبەخشەکان وریاکەرەوەی دەروونین، بۆیە کاریگەریی نەرێنیان لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە، چونکە دەبنە هۆی کەم خەویی و دڵەڕاوکێ و ماندوێتیی درێژخایەن، هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە کە کافایین دەبێتە هۆی ئالودەبوون، ئەمەش مانای تووشبوونە بە (سیندرۆمی withdrawal syndrome). [1]