$کێ پەیامبەری ڕاستەقینەی کریستیانیەتە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
$بەشی یەکەم$
بەگوێرەی تەرمینۆلۆژی کریستیانیەکان قەدیس پۆڵس سەینت پاوڵ یا بە عیبری شائول چوار ساڵ لەپاش لە خاچدانی مەسیح لەدایک دەبێت. پۆڵس پێش ئەوەی ببێتە قەدیس جوویەکی زۆر دەمارگیری بێڕەحم و شەڕفرۆش بوو بە کریستیانیەکان. ئەو لە بنەماڵەی جووەکانی یۆنانی بوو. بە وردی ئاگاداری فەلسەفەی کۆنی یۆنان بوو و خوێندبووی. دەمارگیرییە یەهوودیانەکەی وایکردبوو کە زۆر ئازاری کریستیانیەکان بدات. لەهەرشوێنێکەوە دەربکەوتایە دەبوو ئیماندارنی مەسیح هەڵێن.
بەگوێرەی گێڕانەوەکانی خۆی جارێک لە یەکێک لەسەفەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە دەچێتە دیمەشق، لەڕێگادا نوورێکی بەهێز یەخەی دەگرێت و ئەم بۆ سێ شەو و شێ ڕۆژ دەبوورێتەوە و چاوەکانی لەدەستدەدات. کە بەهۆش خۆی دێتەوە دەبینێت کاروانەکان گەیاندوویانەتە دیمەشق. ئیدیعای ئەوە دەکات کە لەڕێگا عیسای کریستیان لەشێوەی نوورێکدا دیوە، هاتووە ڕێگای پێگرتووە و لە ڕێگای موکاشەفەیەکەوە پێ وتووە پۆڵس بۆچی هێندە ئازارم دەدەیت. دەڵێ منیش وتم قوربان چۆن ئازارت دەدەم؟ دەڵێت عیسا پێی گوتم ئازاری ئەوانە دەدەیت کە ئیمانیان بە من هێناوە. لەدرێژەی گێرانەوەکانیدا دەڵێت کریستیانیەکی ئیمانداری خەڵکی دیمەشق بەناوی حەنان یان حەنانە دێت و دەڵێت من لە خەونمدا عیسام دی، پێی وتم ئەوەی هاتۆتە سەر ڕێگاکەت خودی مەسیح بوو، بەڵگەشم بۆ ئەمە ئەوەیە چاوە کوێرەکانت چاک دەکەمەوە.بە گوێرەی ئەم چیرۆکە پۆڵس ئیدی لە یەهوودییەکی دەمارگیرەوە دەبێتە کریستیانیەکی دەمارگیر و نازناوی پێغەمبەری مەسیح لەخۆی دەنێت.
ئەو کریستیانەتەی کە ئەمڕۆ ئێمە بە شێوەکانی کاثۆلیی، پرۆتستانتی و ئارتۆدۆکسی دەیبینین بەتەواوی کریستیانیەتێکی پۆڵسییە، واتە ماستەرمایندەکەی سەینت پاوڵ یا قدیس پۆڵسە. پۆڵس ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دیزاینکردن و داڕشتنیدا. پەڕتووکی پیرۆز یا ئینجیل بۆ دوو قۆناخ دابەش دەبێت. قۆناخی عەهدی کۆن Old tastament و قۆناخی عەهدی پۆڵسی یا عەهدی نوێ New tastamentm.
تەعالیمەکانی ئەمڕۆی دونیای کریستیانیەت و عەهدی نوێ سەرلەبەریان تەعلیمی پۆڵسین. ئەم کریستیانەتەی ئەمڕۆ تەواو جیاوازە لە کریستیانەتەی کە خودی عیسا لەچوارچێوەی یاسا موساییەکاندا دەیگوتنەوە. ئەو تەعالیمانەی عیسا دەیگوتنەوە زیاتر سەر بە ئینجیلی ڕێسایی یا قانونە موساییەکان
بوون Canonical Bible بوون، کە زۆرینەیان لەلایەن مەتتا مەتی، جۆن و مارکەوە نووسرابوونەوە. ئەوی دیکەی ئەو تەعالیماتانەن کە سەینت پۆڵس لەدوای مردنی عیساوە نووسیونییەتەوە. ئەو ئینجیلەی ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە یا عەهدی نوێ لە 27 تێکست یا 27 پەڕتووک پێکدێت، زیاتر لە 13 پەڕتووکی لەلایەن پۆڵسەوە نووسراوەتەوە، بەم ڤێرشنەی ئینجیل دەگوترێت عەهدی نوێ یا نیو تەیستەمێنت. دەقیق کریستیانیەتی ئەمڕۆش هەمان ئەم کریستیانەتە پۆڵسییەیە.
هاوشێوەی یەهوودی بوونەکەی پۆڵس لەپاش ئیمان هێنانی بە عیسا بوو بە کریستیانیەکی دەمارگیر. دەیگوت من پێغەمبەری مەسیحم بۆ نا یەهوودییەکان. عیسا خودی خۆی ئینجیلی بۆ یەهوودییەکان هێنا و پێغەمبەری خودا بوو بۆ ئەوان، لەکاتێکدا من پەیامبەری عیسای مەسیحم بۆ نایەهوودییەکان و غەیرە جووەکان. کە پەڕتووکی پیرۆز دەخوێنیتەوە ئەم باسە لە قسەکانی پۆڵسدا بەڕوونی هەستی پێدەکرێت. ئەو ئینجیلەی ئەمڕۆ هەیە و پێی دەگوترێت عەهدی نوێ ئینجیلێکی تەواو پۆڵسییە. لە دووسەدەی سەرەتای دینەکەدا پۆڵس ڕاجیایی و مقۆ مقۆی زۆری درووستکرد، بەڵام لەسەدەی چوارەم بەدواوە تەعالیمەکانی پۆڵس تەواو خەمڵین و وەک دینێکی فەلسەفی خۆی نواند. ئەمەش بەهۆی ئەو شارەزاییە باشەی کە پۆڵس هەیبوو بۆ کلاسیک و فەلسەفەی یۆنانی.
بەهۆی پاشەکشەی کڵێسا و درووستبوونی ناوەندی زانستی بێلایەنی وەک زانکۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی نادینی ئەمڕۆ بە ئاشکرا ئەو تێزە سەرڕێکەوتووە کە ئێمە دووجۆر کریستیانەتمان هەیە، یەکێکی عیسایی و یەکێکی دیکەی پۆڵسی. بەڵام پۆلسییەکە حاکمی موتڵەقی دینەکەیە و عیساییەکە لەپەراوێزیشدا ناوی ناهێندرێت.
ئەو ئینجیلەی پۆڵس کە دەینووسێت بەشێکی زۆری لەو نامانە پێکدێت کە خودی پۆڵس وەک پەیامبەری مەسیح بۆ ڕۆمانەکان ئیمڕاتۆریەتەکانی دیکەی دەناردن، ئەم نامانە بەشی هەرە زۆری پەڕتووکی شەشەمی پەڕتووکی پیرۆز پێک دێنن. عەهدی نوێ ئینجیلێکەی سەرلەبەری تێزەکەی لەسەر گیانفیدایی عیسا بۆ مرۆڤەکان درووست بووە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئادەم یەکەمین گوناهی کرد و عیسا هەموومان بەهۆی گوناهەکەی ئەوەوە تاوانبار بووین، عیسا هات بە قوربانیکردنی خودی خۆی ئەم تاوانەی سڕییەوە و بوو بە کەفارەت بۆ ئەو تاوانانەی ئێمە. دۆکترین و تێزی سەرەکی عەهدی نوێ خۆی لە مردن و قوربانیدانی عیسادا بەیان دەکات، لەکاتێکدا عەهدە کۆنەکە جەخت لە یاسا مووساییەکان دەکاتەوە.
مەسەلەکانی تەثلیث، کوڕ خودا، خوایەتی عیسا و خۆبەختکردنی عیسا بۆ مرۆڤەکان لە پۆڵسەوە دزەدەکات و دێتە نێو دینی کریستیانیەوە، دەنا لەهیچ سەرەداوێکی مێژووییدا نییە خودی عیسا باسی لەوە کردبێت کە ئەم لە داهاتوودا خۆی بۆ یەکەمین تاوان کە ئادەم کردوویەتی و هەموومانی گیرۆدە کردووە دەکاتە قوربانی. کریستیانەتی پۆڵسی کریستیانەتێکە لەڕێگای سیمبۆڵیزەکردنی لەخاچدانی عیساوە تێزەکەی خۆی بەیان دەکات. پێچەوانەی یەهوودیەت و ئیسلام مردنی عیسا دەکاتە دەستکەلای دەستی دینەکە. [1]