ناونیشانی بابەت: ئەو خۆراکانەی پێویستە زیاتر بخورێن لە وەرزی هاویندا
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
بۆ بەرنگاربوونەوەی بەرزی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی کاریگەری لەسەر پێست و جەستە و پاراستنی لە وشک بوونەوە و ڕێگە گرتن لە زۆربوونی کێش و قەڵەوی بێجگە لە خواردنەوەی بڕی گونجاو لە ئاو، پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بەم خۆراکانە لە وەرزی هاوین:
1- شووتی و کاڵەک: شووتی نزیکەی (%90) ئاوە بێجگە لە بوونی بڕێکی لە ماددە ڕیشاڵیەکان و دژە ئۆکسانە بەهێزەکانی وەک لایکوپین و ڤیتامین (A ، C) ئەو ڤیتامینانەش زۆر گرنگن بۆ پاراستنی خانەکانی پێست، هەمان شت بۆ کاڵەکیش هەر ڕاستە.
2- زەڵاتەی وەرزی، کە لە تەماتە و ترۆزی یا خەیار یا کاهوو پێک هات بێت؛ تەماتە دەوڵەمەندە بە لایکۆپین کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزە ، ترۆزی و خەیارو کاهوو لە (%95 - 96) پێکهاتوون بێجگە لە کانزای پۆتاسیۆم و ڤیتامین (C) و ماددە ڕیشاڵیەکان.
3- بێریەکان: بلۆبێری، شلیک، توو، شاتوو بڕێکی کەم لە کالۆری و بڕێکی باش لە ماددە دژە ئۆکسانەکان و ڤیتامینەکان و پۆتاسیۆمیان تێدایە.
4- ماسییە چەورەکانی وەک ماسی سەلموون کە دەوڵەمەندن بە چەورییە سوودبەخشەکان و ئۆمێگا - سێ، هەروەها سەرچاوەکانی تری ئۆمێگا سێ و چەورییە بە سوودەکانی وەک گوێز و فستق و بادام.
5- گێلاس: دەوڵەمەندە بە ماددە دژە ئۆکسانەکان کە گرنگن بۆ پاراستنی پێست و پێکهاتنی ماددەی کۆلاجین بێجگە لە بوونی پۆتاسیۆم و بڕێکی زۆر لە ئاو و بڕێکی کەم لە کالۆری.
6- ماست: سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتین و پڕۆبایتکەکانە بژاردەیەکی باشە لە کاتی ڕێجیم و خۆپاراستن لە قەڵەوی.
7- هەنار: سوودەکانی گەلێک زۆرن لە کۆتایی هاوین لە کاتی پێگەیشتنی هەناری خۆماڵی گرنگە ڕۆژانە بخورێت.
8- پاقلەمەنیەکان: سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتین و ماددە ڕیشاڵیەکان و وزەن.
9- ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە کانزای پۆتاسیۆم کە ڕۆڵێکی باڵای هەیە بۆ ڕێگری کردن لە وشک بوونەوەی جەستە و کەمکردنەوەی هەستی تینوویەتی وەک پڕتەقاڵ ، ئەڤۆگادۆ، فاسۆلیا، سپێناخ، پەتاتە، تەماتە، ماست و مۆز. [1]