ناو: مەحموود
نازناو: مەلا مەحمودی بایەزیدی
ساڵی لەدایکبوون: 1797
ساڵی کۆچی دوایی: 1859
شوێنی لەدایکبوون: بایەزید
$ژیاننامە$
مەلا مەحموودی بایەزیدی یان بازیدی نووسەر، مێژوونووس، وەرگێڕ و شاعیرێکی سەدەی نۆزدەی کورد بوو. بایەزیدی خاوەنی چەندین نووسراوەی پەخشانە بە کرمانجی و چەندین وەرگێڕانیشی هەیە. پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کونسوڵی ئەوکاتی ڕووسیادا، واتە ئەلکساندەر ژاپا، هەبووە، کە کوردی باش دەزانی. هەندێک جار ژاپای وتوویەتی کە کوردەکان قەرزداری مەلا مەحموودن لەبەر ئەوەی زۆر لایەنی ڕۆشنبیری پاراستووە.
وەک لە ناوەکەیەوە دیارە لە ناوچەی بازید لەدایکبووە. سەرەتای ژیانی تووشی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بووە ئەویش بەهۆی هەڵکەوتی جێگاکەی کە شوێنێکی سنووری نێوان (ڕووسیا-عوسمانی) بووە. هەر لە سەرەتای ژیانییەوە چووەتە ڕیزی قوتابییانی مزگەوتکان و زانستی ئیسلامییەوە و توانی بڕوانامەی ئیسلامی وەربگرێت. دواتر سەردانی وڵاتی ئێرانی کردووە وە لە شاری تەبرێز نیشتەجێ بووە. لەوێدا دەستی بە خوێندن کردووە تاوەکوو فێری زمانی فارسی بووە و شارەزایییەکی باش لە زانستی ئەدەبی، مێژوویی و فەلسەفی پەیداکردووە. لەکاتی گەڕانەوەی بۆ شاری بازید، دواتر بەرەو ئەرزەڕوم ڕۆیشتوە لەوێدا نیشتەجێ بووە، بەڵام دیار نییە کە لە وێدا گیانی لەدەست داوە یاخود بەرەو شوێنێکی تر ڕۆیشتووە.
$بواری ڕۆشنبیری$
مەلا مەحموودی بایەزیدی شارەزایییەکی باشی لە زانستی شەرعیدا هەبووە، چەندین کەس لەژێر دەستی ئەودا خوێندوویانە. زمانی فارسی، عەرەبی، تورکی باش دەزانی کارتێکردنی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری ئەودا هەبوە چونکە ئەدەبیاتی ئەوانی دەخوێندەوە و سوودی لێ وەردەگرت. شارەزایی لە مێژوودا هەبووە. وەرگێڕێکی خاوەن بەهرە بووە. چەندین بەرهەمی فارسی و تورکی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. هەندێک جار نازناوی فەقێ مەحموود ئەفەندییان پێبەخشیوە. بەڵام لە کوردستان بە مەلا مەحمودی بایەزیدی بەناوبانگە. [1]