ناو: مەدیحە
نازناو: مەدیحە #برادۆست#ی
ناوی باوک: عەبدولقادر چەلەبی
شوێنی لەدایکبوون:شارۆچکەی #سیدەکان#
$ژیاننامە$
لەدایکبووی شارەدێی #سیدەکان#ی دەڤەری برادۆستە، قۆناغەکانی سەرەتايي و ناوەندی و ئامادەيي لە شارەدێی #ڕزگاری# تەواوکردووە. دەرچووی پەيمانگەی تەکنيکی #هەولێر#ە بەشی کۆمپيوتەر سالی 2004, دەرچووی #زانکۆی سۆران# کۆلێژی بنيات بەشی کوردی ساڵی 2018، دەستپێکی هەستکردنی بە مانای شيعر دەگەرێتەوە بۆ تەمەنێکی بچوک و کتێبخانەکەی باوکی وە بەتايبەتی شيعردۆستی باوکی کە لە زاری ئەو گوێ بيستی زۆر هۆنراوەی نێو ديوانی شاعيران دەبوو. سەرەتای نووسینی هۆنراوەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی دووهەزارو دە (2010)، ئەویش بە نووسینی شیعری تەنز بۆ بەرنامەکانی ڕادیۆی #زاری کرمانجی#، بەشێوەی شیعری تەنز پەنجەی دەخستە سەر چەند دیاردەیەکی نێو کۆمەڵگە. لە شيعرەکانی هەوڵمداوە زمانی سادەی کۆمەلگە بە وشەی ڕەسەن و زمانیکی ژنانە لەچوارچێوەی ماناو تەکنیک و ڕوخسار شیعرێکی خۆرسکانەو دوور لە درێژەدادڕی بهۆنێتەوە.
تا ئێستا بەرهەمی چاپکراو وەکوو دیوانی شیعری نیە، ئەویش لەبەر ئەوەی نەیویستووە تەنها بۆ ناوبانگهۆنراوە بەچاپ بگەینێت و شیعرەکانی بخرێنە پەراوێزی مێژووی شیعر، چونکە هەڵگرتنی ناوی شاعیر بە بەرپرسیاریەتێکی ئەدەبیی مەزن دەزانێت، شیعرەکانی نزیکەی دیوانێک شیعر دەبن هەندێکیان بە شێوەی تراکی دەنگی تۆمارکراون، چەند دانەیەکیان لەنێو لاپەرەی کتێب و ڕۆژنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەن. تا ئێستا چەند گۆرانیبێژێک پەیوەندیان پێوەکردوم لەسەر پێدانی شیعرو ڕەزامەندیم، شیعری منیان لەلایە بەلام تا ئێستا تۆمار نەکراون.
- ناوەرۆکی شيعرةکانی بريتين لە شيعری نيشتيمانپەوەری، خؤشةويستی و کۆمەڵایەتی و ئاينی.
هەر لە منداڵیەوە حەزی بە خوێندنەوەی پەرتووک کردووە، باوکی کتێتبی پەروەردەیی و فێربوونی بۆ دەکڕێت وەک (ئەحمەدی و ناميلکە و چیرۆک و بەسەرهات و حيکايەت...هتد). هەر لە تەمەنێکی زۆر بچوک دەستی بە خوێندنەوەی پەرتووکی ئەدەبی کردووە، وەک ڕۆمانی (#ژانی گەل# و بێ سەرپەرشتان) و شيعری شاعيران وەک (#مەحوی# و خەیام) ئيدی هەر ئەوە بوو وای ليکردووە ئێستا کە پەرتووکێک دەخوێندێتەوە، ورد بێت لە تەکنیک و فەرهەنگ و زمانی پەرتووکەکە. بە وردی ڕاو سەرنج و ڕەخنەکانی خۆی بە نووسەر و وەرگێڕ بڵێت. ڕەخنەکەی لە گۆڤار و ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکاتەوە.
- بۆ نووسینەوەو هۆنینەوەی ژیانی واقعی ژن و کومەڵگەی خۆی هەوڵیداوە وشەی ناسک بەزمانێکی سادە و ژنانە بنووسێت و زمانی شیعری لە وشەی سواو بە دوور بگرێت و فۆرم و تەکنیکی تایبەت بە خۆی هەبێت
-چێژی لە شیعری کلاسیک و شيعری ئازاد وەرگرتووە، بویە خۆی لە نيێو هەردووکی دەبينێتەوە بەتايبەتی شیعری ئازاد, هەوڵیداوە بە ناوەرۆکێکی مانا بەخش بە فۆرم و تەکنیکەوە لەژێر یاساو ڕێسای شیعری ئازاد و نوێخواز بنووسێت کە گوزارشت بێ لە تاک و کۆمەڵگە.
- زۆرێک لە هۆنراوەکانی زۆرێک بەناوی خۆیانەوە بڵاویان کردووەتەوە.
- دانيشتوی شارۆچکەی سۆرانە، بەڕێوەبەری قوتابخانەیە.
#نموونەیەک لە هۆنراوەکانی#:
$بيانوو$
دەبا وشەی نەوتراوت
ببۆرژێن
لە دڵ سەرخەوێ بشکێنن...
دەبا خشپە و چپەی ڕازت
تنۆک تنۆکی بێدەنگی
بەسەر وتن بتکێنن...
من لە بێدەنگی ڕاهاتوم
بیانوی وشەی خنکاوی نێو
گەرووی وشکت پێناگرم...
بەردەوشەی ئەم بێدەنگیەت
تێناگرم...
من هەر یەک نیگای تۆم بەسە
تا نیازی
ڕێژنەوشەی سۆمای چاوت
خڕکەمەوە...
تا گوڵدانی مرازی دڵ
بە گوڵ خونچەی پیتی ناوت
پڕکەمەوە...
$بزنە کێویلە$
رۆژێ نییە
بزنە کێویلەی خەیاڵم
کاوێژنەکات
بە نانەڕەقەی شوانییت
شەوێ نییە
بزنەمەرەزەی خەڵوەتم
شەوین نەکات
لە کۆز و هەوێزی جوانییت
ئەی بۆ دەڵێن
ئەگەر بزن ئەجەلی هات
تێشوو و نانی شوانی دەخوات
ئەگەر وایە
بۆ بزنەکەژەی تاسەی من
لە پەرێزی شوانکاریتدا
نە ئەجەل یەخەی پێدەگرێ و
نە دەستیش لە خەونان دەشوات
$مارانگەستی$
ئیوارەیەکی درەنگی شار
کیژۆڵەیەکی جوانکیلە
لە ترافیکی جەنجاڵی ژین
راوەستابوو-
جەستەی ماندووی
خستبوەسەر دارشەقەیێک
ریزێک بازنەی وەک کەلەبچەی
ئەم ڕۆژگارەی لە دەستابوو -
من و دارشەقەکەی دەستی
لەیەک ئەچووین
ئەو هەڵگری پەلاتینکی
بێ سەمیان و لانەوازە -
منیش دارشەقێکی شکاو
لەژێرباری
غەمی کوردی پەرتەوازە -
لە ترافیکی چۆڵی میهر
چاوم لە ڕەنگی سوور لادا
خستمەسەر نیگای سەوزی -
وای لەم ساتە
بۆ سیما و دەستی خوازۆکی
دڵم لە ئاهوخەم گەوزی -
بەرلەوەی دیدەی حەسرەتم
لە دیدەنی ئەو بترازێ
نیگا و هەناسەی کیژۆڵەم
خستە سووچی جزدانەکەم
دەستێکم دا لە ڕوخساری مارانگەستی -
پاشان کەمێک میهرەبانی و
بزە و خەندەی ئاسودەیی و
ویژدان و سۆزی دڵی خۆم
خستەدەستی -
$نیشتیمان و د. نیشتیمان$
ئەی نیشتیمان
لە پەنجەرەی ژانی گەلێک
چاوم لێتە...
جۆخینی خەرمانەی خۆزگەت
جێی ڕمبازی ئەسپەشێتە...
بە شمشێر و پەنجەی تاوان
زولف و کەزی
نیشتیمانێک دەبڕنەوە...
لە نیشتیمانەکەی تریش
دەستی چڵکن
بە چڵەنێرگزی ئیشق
دەسڕنەوە...
گڕ لە باخی
نیشتمانی دڵ بەردەدەن
لەبار دەبەن
ئەوەی هەمانە و نیمانە...
کەچی دەڵێن
ئۆباڵی وەرینی دوو گوڵ
بە گەردەنی نیشتیمانە...
هەر ڕۆژە خەمێکی تازە و
بۆن کروزی بێ یاسایی
بەژنی نیشتیمان دەتەنێ...
کۆنەبرین و قەتماغەی
ساڕێژ نەبوویی چەندین ساڵە
بێ وچان دەکا تەشەنێ...
هەتا کۆرپەی ڕق و فیشەک
بخرێتە بێشکە بۆ خەونێ
بە ئەم یاسای دارستانە...
جەستەی ئەم دوو نیشتیمانە
بێ هەتوانە و زامستانە...
مدیحە برادۆستی
[1]