پاریزگاریکردنی مندالان
د. #دیلمان ئازاد#
بەو پێیەی پیشەی پزیشکی دادوەری، سەروکاری لەگەڵ گرفت و کێشە و تاوانەکانە، هەربۆیە زۆرجار مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگە دەکات و خەلکانیکی زۆر بۆ کێشەکانیان پرس دەکەن.یەکێک لەو داب و نەریتانەی و دیاردە ناباوانەی، کە بەدرێژایی مێژوو بۆ کۆمەڵگەی کوردی ماوەتەوە و زۆرجاریش کێشەی لێ دەکەوێتەوە، هاتووچۆی بێسنوور و بێ مانای نێوان دراوسێکانە. ئەگەرچی هاموشۆ و ڕێزگرتن و پرسین لە تەندروستی و بەسەرکردنەوەی یەکتر، ئەرکێکی پڕبەها و پێویستە و کێشەی نییە. بەڵام زۆرجار هاتووچۆی بێسنوور و تێکەڵبوونی منداڵەکانی هەردوولا بێ سانسۆر و چاودێری، کێشە گەلێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، تەنانەت گەلێک جاریش کارەساتی گەورە و نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
لەم ڕۆژانە، لەپڕ دایکێک بەچاوی پڕ گریانەوە گوتی: دکتۆرە گیان پشکنینێک بۆ ئەو کچەم بکە؟
سەیرێکی کچەکەم کرد، دڵەڕاوکێی و ترسێکی زۆر بەچاوەکانییەوە دیاربوو، ئەو تازە تەمەنی هەرزەکار بوو. قسەکانم پێی بڕی، گوتم چ پشکنینێک و بۆچی؟
گوتی: پشکنینی پەردەی کچێنی.
وەک پزیشکیک لێیم پرسی دەتوانم بەسەرهاتەکە بزانم؟
گوتی: بێگومان، ئینجا دەستیکرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی کچەکەی و گوتی: من لەگەڵ دراوسێیەکەمان تێکەڵاویی زۆرمان هەبوو، بەردەوام هامۆشۆی یەکتریمان دەکرد. هیچ سانسۆر و سنوورێکیش لە هاتووچۆی نێوان منداڵەکانمان نەبوو. هەربۆیەش بەبەردەوامی منداڵەکانی ئەوان دەهاتنە ماڵی ئێمە، یان منداڵەکانی ئێمە دەچوونە لای ئێمە. نەمهێشت بەردەوام بێت و قسەکەم پێ بڕی و گوتم: بێ ئەوەی خۆتان لەگەڵیان بن، یاخود بێ ئەوەی چاودێریان بکەن؟
گوتی: بەڵێ، ئەوەی بیرمان لێی نەکردبووەوە، ئەوەبووە کە چاودێری منداڵەکانمان نەدەکرد. ئەمەش گەورەترین هەڵەی ژیانم بووە، ڕەنگە ژیانی کچەکەشم ببێتە قوربانی ئەو هەڵەیە.
دواتر درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: لەو ڕۆژانەدا کچەکەم بەسەرهاتێکی خۆی لەو ماڵە درواسێیەمان بۆ گێڕامەوە و دەڵێت: چەند ساڵێک پێش ئێستا پیاوی ماڵی دراوسێیەکەمان چەند جارێک گێچەڵی سێکسی پێم کردووە، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی، کە داوای شتی نەشیاوی لێ کردووم. دایکەکە لەقسەکردن بەردەوام بوو و، گوتی: ترسی ئەوەم هەیە، کە دەستدرێژی سێکسی کردبێتە سەر و کچەکەشم بیری نەمابێت. هەربۆیه ڕووی دەمی قسەکانی کردە من و گووتی: دکتۆرە گیان، توخودا هەموو دایکان ئاگاداربکەوە و پێیان بڵێ: ڕێگە نەدەن منداڵەکانیان بە تەنها سەردانی داروسێکان و تەنانەت خزم ناسیاوەکانیشیان بکەن. هەوڵبدەن سانسۆریان لەسەر دابنێن و نەهێڵن بەبەردەوامی و بێ چاودێری بچنە مالی خەلک، چونکە ڕووبەڕووی کارەساتی نەخوازراو دەبنەوە. دواجار کچانی بێتاوان باجی هەڵەی دایکان دەدەن و دەبنە قوربانی ئەو دیاردە.
لێرەوە چەند خاڵێکی گرنگ هەیە، پێویستە لەسەریان بوەستین و باسیان بکەین:
1- منداڵ نەوەی داهاتوومانە و دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی کۆمەڵگە لە داهاتوو. بۆیە کە منداڵ ناتەندروست بوو، شکی تێدا نییە کۆمەڵگەیەکی ناتەدروست بەهەم دێنێت. چونکە هیچ نەبێت ئەو منداڵە لەڕووی دەروونییەوە داڕووخاوە و ئازاری پیگەیشتووە، پێویستی بەچارەسەرێکی بەپەلە هەیە لەڕووی دەروونییەوە.واتا پێشی ئەوەی بیر لە پەردەی کچێنی ئەو کچە بکەیتەوە بیر لە چارەسەری دەروونی ئەو مندالە بکەوە.
2- لەلایەکی دیکەوە، منداڵ کاتێک ڕووبەڕووی ئەو جۆرە دەستدرێژیانە دەبێتەوە، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و ڕووبەڕووی حەزە چەپەڵەکانی هەندێ کەسی نامۆ بە کۆمەڵگە و ڕەفتار خراپ ببێتەوە. بۆیە متمانە دان بە منداڵان و چاودێری نەکردنیان، کارێکی هەڵەیە و دایک و باوک بەپلەی یەکەم لێی بەرپرسن.
3- خالێکی دیکەی زۆر گرنگ، سنووردارکردنی هاتووچۆی زۆری بێسنووری نێوان دراوسێیەکانە کە دەڵیی یەک ماڵن هیچ ڕێگریان نییە، چونکە دواجار کێشەی نەخوازراوی هاوشێوەی لێ دەکەوێتەوە.
بەو هیوایەم، کە پەیامەکەم وەک پزیشکێکی تایبەتمەند ڕوون و ئاشکرا بێت، چیتر با منداڵەکانمان باجی هەڵەکانی دایک و باوکیان نەدەن.
تێبینی: (ئەمە ڕووداوێکی ڕاستەقینەیە و بەپێویستم زانی ناوەکان و شوین و تەمەن و شار هەمووی پاریزراو بیت، باسکردنیشی تەنها بۆ ئەوەیە ببێتە پەند و ئامۆژگاری بۆ هەموومان).[1]